بیروڕا
تاكگه‌رایى وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌كى سیاسى بۆ بونیاتنانى تاكێكى ئازادى كوردى...
نەوزادی موهەندیس

چه‌مكى تاكگه‌رایى
تاكگه‌رایى به‌ ئینگلیزى  Individualism، بریتیه‌ له‌ هه‌ڵوێستێكى ڕه‌وشتى،فه‌لسه‌فه‌یه‌كى سیاسیه‌،ئایدۆلۆژیایه‌،یان تێڕوانینێكى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ كه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر به‌هاى مه‌عنه‌وى تاك.تاكگه‌رایى داواى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ تاك ڕۆڵى خۆى ببینێت و ئامانج و ویسته‌كانى خۆى پیاده‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ پنتێكى سه‌ربه‌خۆ و پشتیش به‌خۆى ببه‌ستێت.
تاكگه‌رایى پێى وایه‌ كه‌ به‌رگریكردن له‌مافى تاك مه‌سه‌له‌یه‌كى ڕیشه‌ییه‌ و پێویسته‌ بێته‌ دى له‌سه‌روو به‌هاكانى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگاوه‌.هه‌روه‌ها هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانێكیش ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى تاك له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگا یان داموده‌زگاكان وه‌كو حكومه‌ت،زۆر جاران تاكگه‌رایى دژه‌ له‌گه‌ڵ تاكڕه‌وى و كۆمه‌ڵبووندا.
تاكگه‌رایى ،تاك ده‌كاته‌ پنتى گرنگیپێدانى و ئه‌مه‌ش ده‌ستپێده‌كات (( له‌گه‌ڵ گریمانه‌ى تاك مرۆڤ بریتیه‌ له‌ هۆكارى سه‌ره‌كى و گرنگترین له‌ خه‌بات له‌ پێناو ڕزگاربوندا)).به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌مكى تاكگه‌رایى ئاماژه‌ ده‌كات بۆ (چۆنێتى بوون وه‌ك تاك)) چونكه‌ تاكگه‌رایى په‌یوه‌ندى به‌ خاوه‌ندارێتى ((كه‌سایه‌تى تاكه‌وه‌)) هه‌یه‌: له‌ بێوێنه‌ى (quirk)، بۆهیمى و قۆناغه‌كانى ژیان،به‌شێوه‌یه‌ك لایه‌نگیریه‌ك هه‌یه‌ به‌ره‌و داهێنان و تاقیكردنه‌وه‌ى جیاواز له‌ داب و نه‌ریته‌كان،و كاروكرده‌وه‌ باوه‌كان، به‌هه‌مان شێوه‌ش جێبه‌جێده‌بێت به‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ فه‌لسه‌فیه‌ مرۆڤانه‌ییه‌كان و ئاكاره‌كانیشیاندا.
تیۆرى تاكگه‌رایى
بنه‌ماى تاكگه‌رایى، بریتیه‌ له‌ شێوازى پێناسه‌كردنى شته‌كان به‌پێى جیاوازیان له‌ شته‌كانى تر،كارل یۆنگ ئاوها پێناسه‌ى تاكگه‌رایى ده‌كات،كه‌ بریتیه‌ له‌ پڕۆسه‌ى گۆڕانكارى و په‌ڕینه‌وه‌،له‌ڕێگه‌ى نه‌ستى كه‌سیه‌وه‌ یان كۆمه‌ڵه‌وه‌،كه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت بۆ هه‌ست((به‌ماناى خه‌و،یان ئه‌ندێشه‌یه‌كى چالاك یان په‌یوه‌ندیه‌كى ئازاد)) ( به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانرێت وه‌ربگیرێن له‌ته‌واوى كه‌سایه‌تیه‌كه‌).
 یان بریتیه‌ له‌ پڕۆسه‌یه‌كى سروشتى پێویست بۆ ته‌واوكردنى نه‌فس تا جێگه‌ى خۆى ده‌گرێت و دروستده‌بێت).
تاكگه‌رایى بریتیه‌ له‌ پڕۆسه‌یه‌كى هه‌میشه‌یى ناته‌واو،وهێشتنه‌وه‌ى((پێش تاك)) به‌پشتگوێخراوى،كه‌ واده‌كات ئاینده‌ى تاكگه‌رایى بێته‌دى و ڕۆشن بێت.
مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى بیرۆكه‌ى تاكگه‌رایى
وشه‌ى ((تاكگه‌رایى)) بۆ یه‌كه‌م جار هاتۆته‌ ناو زمانى ئینگلیزیه‌وه‌ وه‌ك سیفه‌تێكى ناشیرینكردن و بێزلێكردنه‌وه‌ یان قێزه‌ون نیشاندان، له‌لایه‌ن ئۆینتیزوه‌ به‌كارهێنراوه‌ له‌ كۆتایى سیه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مدا هه‌رچه‌نده‌ دیارنیه‌ كه‌ كه‌وتبێته‌ ژێر كاریگه‌رى ((سیمۆنیه‌وه‌)) saint-simonisme ،یان به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ ئه‌م وشه‌یه‌یان داهێناوه‌. 
قوتابخانه‌كانى تاكگه‌رایى: 
 لیبڕاڵیه‌ت،وجودیه‌ت،ئه‌نارشیزم، بریتین له‌ نمونه‌ى ئه‌و بزوتنه‌وانه‌ كه‌ تاك ده‌كه‌نه‌ پنتێكى سه‌ره‌كى بۆ شیكردنه‌وه‌،هه‌روه‌ها تاكگه‌رایى بریتیه‌ له‌ هاوبه‌شیكردن به‌ره‌و ((مافى تاك له‌ ئازادى و به‌ده‌ستهێنانى خود)).
1.لیبڕاڵیه‌ت: بریتیه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كى سیاسى یان ئه‌و بۆچونه‌ باوه‌ى كه‌ دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر بیرۆكه‌ى ئازادیه‌كان و یه‌كسانى.
ئازادیه‌كان وه‌ك ئازادى ڕاوبۆچوون،ڕۆژنامه‌گه‌رى، ئاین،بازاڕى ئازاد،مافه‌ شارستانیه‌ته‌كان، كۆمه‌ڵگاى دیموكراسى، حكومه‌تى عیلمانى و هاریكارى نێوده‌وڵه‌تى.جۆن لۆك به‌ دامه‌زرێنه‌رى فه‌لسه‌فه‌ى لیبڕاڵى داده‌نرێت وه‌ك فه‌یله‌سوفێكى سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌هه‌م و،لۆك ده‌ڵێت (( هه‌موو مرۆڤێك مافى سروشتى هه‌یه‌ له‌ ژیاندا، له‌ ئازادى و خاوه‌ندارێتى و نابێت حكومه‌ته‌كان ئه‌و مافه‌ پێشێل بكه‌ن به‌پێى گرێبه‌ستى كۆمه‌ڵایه‌تى،لیبڕاڵه‌كان لایه‌نگرى گۆڕینى ده‌سه‌ڵاته‌ تاكڕه‌وه‌كانن بۆ حكومه‌تى دیموكراسى نوێنه‌رایه‌تى و سه‌روه‌رى یاسا)).
شۆڕشگێڕه‌ به‌ناوبانگه‌كان لیبڕاڵیه‌تیان به‌كارهێنا وه‌ك بیانویه‌ك بۆ گۆڕینى شۆڕشگێڕى بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى كه‌ به‌ تاكڕه‌ویان ده‌بینى،له‌هه‌ردوو شۆڕشى ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسادا،لیبڕاڵیه‌ت له‌دواى شۆڕشى فه‌ڕه‌نسى ده‌ستیكرد به‌ بڵاوبونه‌وه‌ له‌سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مدا له‌هه‌موو دونیادا له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و ئه‌مریكاى لاتیندا سه‌ره‌ڕاى دژایه‌تیكردنى له‌لایه‌ن ئایدۆلۆژیاى كۆنه‌پارێزى له‌لایه‌ك و دواتریش له‌لایه‌ن فاشى و شیوعیه‌كانیشه‌وه‌.له‌سه‌ده‌ى بیستدا وه‌ك دوو ئایدۆلۆژیاى نوێ.به‌ڵام دیموكراسیه‌تى لیبڕاڵى  خۆى به‌سه‌ركه‌وتوو بینیه‌وه‌ له‌ كۆتایى هه‌ردوو جه‌نگه‌ جیهانیه‌كه‌دا،له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكاى باكوردا، لیبڕاڵیه‌ت له‌ دامه‌زراندنى لیبڕاڵیه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تیدا بوه‌ توخمێكى سه‌ره‌كى له‌ فراوانبوون له‌ ده‌وڵه‌تى ڕه‌فاهدا،و له‌ئێستاشدا حیزبه‌ لیبڕاڵه‌كان له‌دونیادا و له‌گه‌لێك وڵاتدا ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ستدایه‌.
2.وجودیه‌ت :
بریتیه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى فه‌لسه‌فى كه‌ مرۆڤ ده‌كاته‌ بابه‌تى خۆى،نه‌ك ته‌نها بابه‌تى بیركردنه‌وه‌ به‌ڵكو كار و هه‌ستى مرۆڤ وه‌ك تاكێكى زیندوو،وجودیه‌ت به‌شێوه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ هه‌ندێك له‌ فه‌یله‌سوفه‌ ئه‌وروپیه‌كانه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو سه‌ده‌ى نۆزده‌ و بیستدا،كه‌ پێكه‌وه‌ به‌شدارن له‌و بڕوایه‌ى كه‌ سه‌ره‌تاى ئه‌و بیره‌ فه‌لسه‌فیه‌یه‌،سه‌ره‌ڕاى جیاوازیان له‌ زۆرێك له‌ بیروڕا سیاسیه‌كاندا.
له‌كاتێكدا به‌هاى هه‌ژموندارى بیرى وجودیه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئازادى،به‌ڵام به‌هاى بنچینه‌یى له‌ وجودیه‌تدا بریتیه‌ له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تى وه‌ك چه‌مكێكى فه‌لسه‌فى،له‌ ڕوانگه‌ى وجودیه‌كانه‌وه‌ خاڵى ده‌ستپێكى تاك یه‌كده‌گرێت له‌وه‌ى كه‌ ناسراوه‌ به‌ (( هه‌ڵوێستى وجودى))،یان هه‌ستكردن به‌ له‌ده‌ستدانى ئاڕاسته‌ و تێكچوون و ترس به‌ڕووى دونیایه‌كى بێسه‌روبه‌ره‌ى بێ مانادا،زۆرێك له‌ وجودیه‌كان پێیان وایه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ فه‌یله‌سوفه‌ كلاسیكى وئه‌كادیمیه‌كانیش جا له‌ هه‌ڵسوكه‌وت یان ناوه‌ڕۆكدا بێت زۆر دابڕاون زیاد له‌ پێویست له‌ ئه‌زمونى مرۆڤایه‌تى هه‌ستپێكراو.
فه‌یله‌سوفه‌ به‌ناوبانگه‌كانى وجودیه‌ت
به‌ناوبانگترین فه‌یله‌سوفه‌كانى وجودیه‌ت بریتین له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌: سۆرێن كیركغور وفیودور دۆستۆفسكى و جان پۆڵ سارته‌ر و فردریك نیتشه‌.و له‌ناویشیاندا سۆرێن كیركغور داده‌نرێت به‌یه‌كه‌م فه‌یله‌سوفى وجودى،سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هیچ كات زاراوه‌ى وجودى به‌كارنه‌هێناوه‌،كیركیغور واداده‌نێت كه‌(( هه‌موو تاكێك،نه‌ك كۆمه‌ڵگا و ئاین)) به‌رپرسیاره‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ى وشه‌ى ژیانى خۆى به‌ته‌نها،بۆ ئه‌وه‌ى بژێت به‌ خۆشی و ڕاستگۆیى یان به‌ ڕه‌سه‌نایه‌تى)).
وجودیه‌ت له‌دواى ساڵانى جه‌نگى جیهانى دووه‌مه‌وه‌ بڵاوبۆوه‌ به‌ هه‌وڵى جان پۆڵ سارته‌ر كه‌ به‌رهه‌مه‌كانى مارتن هایدگه‌رى ده‌خوێنده‌وه‌ كاتێك له‌ سه‌ربازگه‌ى دیله‌كاندا بوو،هه‌روه‌ها به‌زۆرێك له‌ بواره‌كانى تریش كاریگه‌ر بوو له‌پاڵ فه‌لسه‌فه‌دا له‌ناویاندا زانستى لاهوت و دراما و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و زانستى ده‌روونى.
سارته‌ر گریمانه‌یه‌كى میحوه‌رى بڵاوكرده‌وه‌ له‌ وجودیه‌تدا كه‌ ده‌ڵێت (( بوون یان وجود پێش ناوه‌ڕۆك ده‌كه‌وێت، به‌و مانایه‌ى كه‌ به‌لاى تاكه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ زیاتر گرنگه‌ كه‌ خۆیان تاكن(( بونه‌وه‌رى زیندووى سه‌ربه‌خۆ و به‌رپرسیار و تێگه‌یشتوه‌)) له‌جیاتى هه‌ر مۆر و ناونیشان یان ڕۆڵ و چوارچێوه‌یه‌ك یان پێناسه‌ یان هه‌ر پۆلێنكاریه‌كى پێشوه‌خت كه‌ بكرێت تیایاندا دابنرێت واته‌((ناوه‌ڕۆك)).
3.ئه‌نارشیزم anarchism:
ئه‌نارشى یان ئه‌نارشیزم ((یان ده‌سه‌ڵات نه‌ویست))له‌ زمانى ئینگلیزیدا به‌((  anarchism)) هاتوه‌ یانى به‌بێ ده‌سه‌ڵاتدار.بریتیه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كى سیاسى كه‌ بونى ده‌وڵه‌ت ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، و ده‌وڵه‌ت هیچ گرنگیه‌كى نیه‌ و زیانبه‌خشیشه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا،له‌به‌رامبه‌ریشدا بانگه‌شه‌ ده‌كات بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كى بێ ده‌وڵه‌ت و هه‌وڵده‌دات ڕۆڵى ده‌وڵه‌ت بچوك و قه‌تیس بكاته‌وه‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردانى په‌یوه‌ندیه‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان.بیروڕاى ئه‌نارشیسته‌كان یه‌كگرتوو نیه‌ و ناتوانن له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك ڕێكبكه‌ون هه‌رچه‌نده‌ بنچینه‌كه‌یان یه‌كه‌.ئه‌نارشیزم داده‌نرێت له‌خانه‌ى چه‌په‌ توندڕه‌وه‌كاندا.
جۆره‌كانى ئه‌نارشیزم
زۆرێك له‌ جۆرو بیرۆكه‌ى ئه‌نارشیزم هه‌ن،هه‌موویان له‌گه‌ڵ یه‌كدا ڕێكنه‌كه‌وتون،جۆره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانى ئه‌نارشیزم بریتین له‌:ئه‌نارشیزمى سۆشیالیستى و ئه‌نارشیزمى شیوعیى و ئه‌نارشیزمى كۆمه‌ڵ و ئه‌نارشیزمى سه‌ندیكایى و ئه‌نارشیزمى تاكگه‌رایى.تاكگه‌رایى ئینگلیزى : individualist  به‌ پێچه‌وانه‌ى زۆرێك له‌ جۆره‌كانى ئه‌نارشیزمه‌وه‌ بڕواى به‌ كه‌رتى تایبه‌ت و ئابورى و بازاڕى ئازاد هه‌یه‌.كه‌مێكیش له‌م   individualistوه‌ك ئیشتراكیه‌كان ده‌مێننه‌وه‌.
بۆیه‌كه‌م جار بابه‌ته‌ ئه‌نارشیه‌كان له‌ سه‌ده‌ى شه‌شى پێش زاین به‌ده‌ركه‌وت له‌ میانه‌ى كاره‌كانى فه‌یله‌سوف تاوى لاوزى،دواتریش له‌كاره‌كانى جوانگ زى و باو جینگیان،به‌هه‌مان شێوه‌ دیوجین و كه‌لبیه‌كان و زینۆنى سه‌رده‌م دامه‌زرێنه‌رى ڕه‌واقیه‌ و بابه‌تى هاوشێوه‌یان پێشكه‌شكردوه‌.هه‌ندێك كات یه‌سوعى مه‌سیح به‌یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵانه‌ویست((ئه‌نارشى)) داده‌نرێت وه‌ك جۆرج لۆشارتییه‌ ده‌ڵێت.بۆ یه‌كه‌م جار زاره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات نه‌ویستى((ئه‌نارشى)) هاته‌ نێو زمانى ئینگلیزیه‌وه‌ له‌ساڵى 1642دا و له‌میانه‌ى جه‌نگى ئه‌هلى ئینگلیزیدا وه‌ك زاراوه‌یه‌كى بچوك سه‌یركردن و بێڕێزیكردن له‌لایه‌ن لایه‌نگرانى پاشایه‌تیه‌وه‌ دژى سه‌رخڕه‌كانى به‌رامبه‌ریان،به‌ڵام له‌دواى شۆڕشى فه‌ڕه‌نسى ئه‌م زاراوه‌یه‌ بۆ وه‌صفكردنێكى باش به‌كارده‌هات.
ده‌سه‌ڵات نه‌ویستى نوێ ((ئه‌نارشیزم))سه‌ریهه‌ڵدا له‌ بیرى عیلمانى یان دینى ڕۆشنگه‌رى و به‌تایبه‌تیش به‌ڵگه‌كانى جان جاك ڕۆسۆ ده‌رباره‌ى سه‌نتڕاڵیزمى مه‌عنه‌وى بۆ ئازادى.دواتر ولیلم گۆردیۆن ئه‌م چه‌مكه‌ى گه‌شه‌ پێدا.زۆرى تریش وه‌ك هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئادمۆند بیرك و بنجامین تاكه‌ر و جۆسیا وارن و بییر جۆزیف برۆدون گه‌شه‌ى زیاتریان به‌م چه‌مك و زاره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات نه‌ویستیه‌ داوه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ قۆناغ و سه‌رده‌مى خۆیدا.جۆزیف دیجاك یه‌كه‌م كه‌سى شیوعى بوو كه‌ خۆى ناونا ئازادیخواز.
داهێنه‌ران و بیرمه‌ندانى بیرى تاكگه‌رایى
زۆرترین به‌كارهێنانى باشى زاراوه‌ى تاكگه‌رایى له‌ به‌ریتانیادا له‌ نوسینه‌كانى جێمس ئه‌لیشما سمیپ وه‌ هات كه‌ ملیاریه‌كى ئینگلیزى و كریستیانێكى ئیسڕائیلى بوو،سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ یه‌كێك بوو له‌ كه‌سه‌ یه‌كه‌مه‌كانى ئۆینتیزه‌ سۆشیالیسته‌كان به‌ڵام له‌كۆتایدا خاوه‌ندارێتى به‌كۆمه‌ڵى ڕه‌تكرده‌وه‌ و له‌ تاكگه‌راییدا ((به‌جیهانبوونى ))بینیه‌وه‌. كه‌ ڕێگه‌ به‌ ((بنه‌چه‌ى عه‌بقه‌رێتى ))ده‌دات،كه‌ گه‌شه‌ ده‌كات.سمیپ ده‌ڵێت (( به‌بێ تاكگه‌رایى تاكه‌كان تانوانن كه‌ خاوه‌ندارێتیه‌كانیان كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى خۆشیه‌كانیان زیادبكه‌ن)).ولیام ماكول،گوتاربێژێكى تره‌،كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناسیاوه‌كانى سمیپ به‌ڵام له‌ كاتێكى دواتردا ده‌ركه‌وت،كاریگه‌ر بوو به‌هه‌ریه‌كه‌ له‌ جۆن ستیوارت میل و تۆماس كارلیل و ڕۆمانسیه‌تى ئه‌ڵمانى و هه‌مان ده‌رئه‌نجامه‌ باشه‌كانى ده‌سكه‌وت كه‌ سمیپ وه‌ده‌ستیخستبوو ده‌رباره‌ى تاكگه‌رایى،له‌ كتێبه‌كه‌یدا كه‌ له‌ ساڵى 1847 له‌چاپدرا به‌ناونیشانى((توخمه‌كانى تاكگه‌رایى)).
ڕۆڵى تاك له‌ بونیاتنانى كۆمه‌ڵگایه‌كى سه‌ركه‌وتوودا
له‌و ڕاستیه‌ مێژویانه‌ى سه‌ره‌وه‌ و له‌ بیرباوه‌ڕى ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفانه‌ى ڕۆژئاواوه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بیرۆكه‌ى تاكگه‌رایى له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا مێژوویه‌كى دێرینى هه‌یه‌ و هه‌مووشیان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌ى كه‌ تاكى مرۆڤ ڕۆڵ و كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌ر بونیاتنانى كۆمه‌ڵگایه‌كى پێشكه‌وتوو و خۆشگوزه‌ران و هوشیار،تاك ڕۆڵێكى بنه‌ڕه‌تى و میحوه‌رى هه‌یه‌ له‌ هه‌موو پلان و بیرۆكه‌ مرۆڤایه‌تیه‌كاندا،ده‌ستور و یاساكان هه‌موانیان زۆر به‌گرنگیه‌وه‌ باسیان له‌ تاك و ڕۆڵى تاك كردوه‌ و هه‌میشه‌ به‌شێك و ڕووبه‌ڕێكى فراوانیان ته‌رخانكردوه‌ بۆ ئازادى و یه‌كسانى بوون و كه‌سایه‌تى و ماف و ڕێزگرتن له‌ تاكه‌كان،چونكه‌ زۆرباش یاسادانه‌ران ئه‌و ڕاستیه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ به‌بێ فه‌راهه‌مكردنى كه‌شوهه‌وایه‌كى گونجاو بۆ بونیاتى تاكێكى ئازاد و سه‌ربه‌ست له‌هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه‌ ناتوانرێت كۆمه‌ڵگایه‌كى سه‌ركه‌وتوو و گه‌شه‌سه‌ندوو پێكه‌وه‌ بنرێت،تاك بنچینه‌ و دامه‌زرێنه‌رى كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كانه‌،تاك سه‌رچاوه‌ى ئیلهام و فه‌لسه‌فه‌ى ژیاندۆستى و خۆشگوزه‌رانیه‌،تاكگه‌رایى بیرۆكه‌یه‌كى سه‌رده‌میانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تاك به‌بێ جیاوازى ڕه‌گه‌ز ڕۆڵى سروشتى خۆى ببینێت له‌ پێشخستن و گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵگاكاندا،هیچ كات كۆمه‌ڵگا ناتوانێت ببێته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى پێشكه‌وتوو ئازادیخواز به‌بێ بوونى بیرۆكه‌ و ئاماده‌گى تاكى ئازادیخواز و سه‌ربه‌ست ،جا هه‌ركات تاكه‌كان ئازادبوون له‌هه‌موو ڕوه‌كانه‌وه‌ و یه‌كسانیش بوون له‌به‌رده‌م دستور و یاساكاندا ئه‌وا ده‌بنه‌ تاكێكى داهێنه‌ر و به‌ به‌خشش و ده‌توانن گه‌لێك ده‌سكه‌وت و كار و شاكارى مه‌زنى مرۆڤایه‌تیش بونیاتبنێن،چونكه‌ به‌كۆى تاكه‌كان كۆمه‌ڵگاكان دروستبوون،بۆیه‌ تاك پنتى سه‌ره‌كیه‌ له‌ بونیاتنانى كۆمه‌ڵگایه‌كى پێشكه‌وتوو و پڕ ڕه‌فاهدا له‌سایه‌ى سیسته‌م و حوكمڕانیه‌كى لیبڕاڵ و ده‌سه‌ڵات نه‌ویست و وه‌ك یه‌كیدا.
بیرۆكه‌ى تاكگه‌رایى له‌كوردستاندا 
بیرۆكه‌ى تاكگه‌رایى له‌كوردستاندا زۆر له‌مێژ نیه‌،چونكه‌ بۆخۆى كوردستان داگیر و دابه‌شكراوبوه‌ و هێنده‌ى سه‌رقاڵى مقاوه‌مه‌ت و شۆڕش  بوه‌ له‌بوون و مانى خۆى و مێژوو و جوگرافیا و شوناسه‌كه‌ى نیوهێنده‌ كاتى نه‌بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لا بكاته‌وه‌ به‌لاى قوتابخانه‌ یان سه‌نته‌ره‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا و توێژینه‌وه‌ بكات ده‌رباره‌ى ئاینده‌ و بیرۆكه‌و فه‌لسه‌فه‌ سیاسیه‌كانى سه‌رده‌م،كورد تا ئێستاش خاوه‌ن قه‌واره‌ و ده‌سه‌ڵاتێكى خۆى نیه‌ و ناتوانێت ئازادانه‌ و سه‌ربه‌خۆییانه‌ سیاسه‌ت و ئابورى و ئه‌منیه‌ت و بارى كۆمه‌ڵایه‌تى خۆى به‌ڕێوه‌ببات.جا هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و گه‌لێك ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت و خاوه‌ن ده‌ستورى خۆى نه‌بێت ناتوانێت ببێته‌ خاوه‌نى ئۆرگان و داموده‌زگا حكومیه‌كان و ناتوانێت ئازادانه‌ش بیربكاته‌وه‌ و پلانیش دابڕێژێت،بۆیه‌ بونى ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مێكى حوكمڕٍانى به‌هێز مه‌رجى سه‌ره‌كیه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنى قوتابخانه‌ و پێگه‌یاندنى تاكى ڕۆشنگه‌ر و ڕۆشنبیر و بیرمه‌ندى جیاواز به‌سه‌ر قوتابخانه‌ جیاوازه‌ فكریه‌ جیهانیه‌كاندا،هه‌ربۆیه‌ بیرۆكه‌ى تاكگه‌ڕایى چه‌نده‌ له‌كه‌شێكى دیموكراسى و ئازادیدا دێته‌ بون،هێنده‌ش زوڵم و زۆر و چه‌وساندنه‌وه‌ى خۆماڵیش ڕۆڵیان ده‌بێت له‌وه‌ى كه‌ چۆن تاك ڕێڕه‌ و ڕێچكه‌ى خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئاینده‌ى.
تاكى كوردى له‌ماوه‌ى 28 ساڵى ته‌مه‌نى حوكمڕانى كوردیدا و له‌ ئه‌نجامى جیاوازى و وزوڵم و زۆرى و نادادپه‌روه‌رى و خۆسه‌پاندن و قۆرخكارى له‌ده‌سه‌ڵات و بردنى خێروبێرى وڵات و برسیكردنى تاك و كۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسى و بنه‌ماڵه‌ ده‌ستڕۆیشتوه‌كانه‌وه‌،تازه‌ به‌تازه‌ هه‌ستیان به‌و ڕاستیه‌ كردوه‌ كه‌ چیدى نابێت تاكى كورد له‌ژێر سایه‌ى حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كاندا بمێنه‌وه‌ و به‌شدارى پیلان و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانیان بكه‌ن،تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى هه‌رزوو دواى ڕاپه‌ڕینى ساڵى 1991ى گه‌له‌كه‌مان و دواى قۆناغى شه‌ڕى ناوخۆ و په‌نجا به‌په‌نجاى حوكمڕانى و دواتریش خۆسه‌پاندن و به‌تاڵانبردنى سه‌روه‌ت و سامانى خه‌ڵكى و نادادپه‌روه‌رى و زوڵم و زۆر و ته‌سكردنه‌وه‌ى ئازادیه‌كان و دیموكراسیه‌ت و یه‌كسانى،ساڵ به‌ساڵ گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ له‌ حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌ كۆن و نوێكانیش دووربكه‌ونه‌وه‌ و له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شدارى نه‌كه‌ن و ده‌نگیان پێنه‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ زۆر جار به‌قازانجى حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ته‌واو ده‌بوو، چونكه‌ ده‌نگه‌كانى ئه‌مانیان به‌ساخته‌ و گزیكردن ده‌برد بۆ خۆیان.تاكى كورد له‌ماوه‌ى 28 ساڵى ڕابووردوودا گه‌لێك گۆڕانكارى فكرى و ئایدیا  به‌سه‌ریاندا هاتوه‌ و گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ وه‌ك تاكێك باشتر ده‌توانن نماینده‌ى بیر و هزر و ئاینده‌ و خواسته‌كانى خۆیان ببن وه‌ك له‌وه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى ته‌سكى حیزبه‌كاندا قه‌تیس ببن.تاك چه‌نده‌ دوور بێت له‌ حیزبى سیاسى هێنده‌ش ئازادانه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌ و ده‌توانێت ببێته‌ تاكێكى به‌ به‌خشش و داهێنه‌ر و سوودمه‌ند بۆ كۆمه‌ڵگا.
چۆن و به‌ چ میكانیزمێك تاكێكى ساغڵه‌م و ئازادى  كوردى بونیاتبنێین ؟
سه‌ره‌تا ده‌بێت كار و ژیانى سیاسى و حیزبایه‌تى له‌ كوردستاندا ڕێكبخرێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌ پێى ده‌ستور و یاساكان حیزبى سیاسى دابمه‌زرێت دوور بێت له‌ ئینتیماى نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مه‌زهه‌ب و میلیشیاى چه‌كدارى و ناوچه‌گه‌رێتى.حیزب له‌ سه‌ر بنه‌ماى هاوڵاتیبوون و دڵسۆزى بۆ گه‌ل و نیشتیمان دابمه‌زرێت،حیزبى سیاسى نابێت ببێته‌ جێگره‌وه‌ى داموده‌زگا شه‌رعیه‌كانى وڵات و ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت،به‌ڵكو هاوكار و پشتیوانى بێت. حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت له‌ژێر سایه‌ى ده‌ستور و ده‌سه‌ڵاتدا بن نه‌ك له‌سه‌روو ئه‌وانه‌وه‌ فه‌رمان بده‌ن.حیزب و حیزبایه‌تى ته‌سك بمێنێت به‌ڵام به‌ تۆخكراوه‌ى نا،حیزب ته‌نها بۆ سه‌رمه‌شقكردن و ڕانما و ڕابه‌رایه‌تى گه‌ل و جه‌ماوه‌ر ڕۆڵببێنێت نه‌ك بچێته‌ ته‌واوى جومگه‌كانى ژیانى تاك و كۆمه‌ڵگاوه‌. حیزبى سیاسى ده‌بێت ڕێز له‌ ده‌ستور و یاسا و دادوه‌ر و بنه‌ماكانى دیموكراسى و ئازادى و ئاشتى و دادپه‌روه‌رى و وه‌كیه‌كى و كارى پێكه‌وه‌یى  بگرێت و ڕێز له‌ماف و ئازادیه‌كانى تاك و گروپ و ته‌واوى كۆمه‌ڵگا بگرێت.حیزب ده‌بێت كار بكات بۆ زیاتر هوشیاركردنه‌وه‌ى تاك و كۆمه‌ڵگا و ئینتیماى نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمانیان لا خۆشه‌ویست كات نه‌ك ئینتیماى حیزب و سه‌ركرده‌ و بنه‌ماڵه‌كان،حیزب ده‌بێت ببێته‌ فاكته‌رى كۆكه‌ره‌وه‌ى ته‌واوى ڕاوبۆچونه‌ جیاوازه‌كان نه‌ك شه‌قار شه‌قاركردنى ته‌واوى كۆمه‌ڵگا. جا هه‌ركات حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان توانیان ئه‌م كاره‌ بكه‌ن،ئه‌وا به‌دڵنیایى بونیاتنانى تاكێكى ساغڵه‌م و هوشیار و ئازاد و دیموكراسخواز و خه‌مخۆرى گه‌ل و نیشتیمان بونیاتده‌نرێت.
 با تاكى كورد له‌هه‌ر چین و توێژێك بێت سه‌ر به‌هه‌ر حیزب و ڕێكخراوێكى پیشه‌یى و سه‌ندیكایى و مه‌ده‌نى بێت،به‌ڵام گه‌ر ئینتیماى بۆ تاكێتى خۆى له‌پێش هه‌موانه‌وه‌ و دواتر بۆ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستور و یاساكانه‌وه‌ بوو ئه‌وا به‌دڵنیایى هیچ كات ڕێگه‌ نادات زوڵم و زۆر و چه‌وسانه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر بكرێت،ئه‌وكاتیش تاكێكى بوێر و خاوه‌ن ماف و  به‌به‌خششى لێدروست ده‌بێت،تاكێك كه‌ بتوانێت پشت ببه‌ستێته‌ سه‌ر توانا مادى و مه‌عنه‌ویه‌كانى خۆى،هه‌ست به‌ هاوڵاتیبونى خۆى بكات له‌سایه‌ى یاساو ده‌ستورێكى ڕێز لێگیراودا،تاكێك له‌سایه‌ى سیسته‌مێكى حوكمڕانى و سیاسیدا كه‌ ڕێگه‌ى پێبدات ئازادانه‌ بیر بكاته‌وه‌ و ڕاوبۆچونى خۆى وخواست و ویسته‌كانى ده‌ربببڕێت ،تاكێك كه‌ شكۆ و كه‌رامه‌ت و پیرۆزیه‌كانى پارێزراو بێت،ئه‌وا به‌دڵنیایى كۆمه‌ڵگایه‌كى هوشیار و ئازاد و پێشكه‌وتوو و سه‌ركه‌وتوشى لێوه‌ به‌رهه‌م دێت.
 به‌م شێوه‌یه‌ و به‌م میكانیزمه‌ى كه‌ ده‌بێت تاكه‌كان هاوكار و پشتیوان و هه‌م هاوبه‌شیش بن له‌ ده‌ركردن و دانانى یاساكان و به‌شداریى جدیش بكه‌ن له‌ ئیداره‌ و به‌ڕێوه‌بردنى گه‌ل خۆیدا،به‌ ئازادانه‌ ده‌نگ بدات و ڕێكخراوى مه‌دنى خۆى پێكه‌وه‌ بنێت و خه‌باتیش بكات بۆ وه‌دیهێنانى ئامانج و خواست و ویسته‌كانیان به‌ ئازادانه‌،ئه‌وكات بنه‌ما و سیسته‌م و فه‌لسه‌فه‌ى بیرى تاكگه‌رایى له‌هه‌رێمى كوردستان و كۆمه‌ڵگاى كورده‌واریشدا سه‌رهه‌ڵده‌دات و به‌هێزیش ده‌بێت و به‌نارچاریش حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانیش گوێ بۆ ڕاوبۆچون و هه‌ڵوێست و گوتار وكرداریان ده‌گرێت. جا پێكه‌وه‌نانى ئه‌م سیسته‌مى تاكگه‌راییه‌ له‌كوردستاندا ده‌بێت ڕێكخراو بێت و له‌لایه‌ن كه‌سانى نوخبه‌ و ده‌سته‌بژێر و بیرمه‌ند و ڕۆشنگه‌ر و ڕۆشنبیره‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى و ئیداره‌ش بدرێن،هه‌ریه‌كه‌ له‌ جێگه‌ و پێگه‌ى خۆیه‌وه‌،هیچ تاكێك نیه‌ گرنگى نه‌بێت و هیچ تاكێكیش نیه‌ ڕۆڵ و كاراكته‌رى به‌هێزى نه‌بێت،ئه‌گه‌ر ژینگه‌ و ئاڕاسته‌ى گونجاو و راِست و دروستى خۆى بدۆزێته‌وه‌ و بۆى فه‌راهه‌م بكرێت.
هه‌میشه‌ ده‌وڵه‌ت و حوكمڕانى و سه‌ركردایه‌تى سیاسى ڕۆڵى گرنگیان ده‌بێت له‌و كار و پڕۆسه‌ گرنگه‌دا،به‌ڵام زۆرجارانیش له‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتانه‌ى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌شدا به‌نیه‌تى پێشوه‌خته‌ و به‌به‌رنامه‌ بۆداڕێژاو حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان كارده‌كه‌ن بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ پێكه‌وه‌نانى داموده‌زگا نیشتیمانیه‌كان له‌ سوپایه‌كى نیشتیمانى دوور له‌ ئینتیماى حیزبی و سه‌ركرده‌،داموده‌زگاى حكومڕانى له‌ یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌رى.ڕێگرده‌بن له‌ هوشیاربونه‌وه‌ى تاك و كۆمه‌ڵگا له‌ترسى نه‌هێشتنى ده‌سه‌ڵات وحومكڕانیه‌كانیان،بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیان و حیزب و بنه‌ماڵه‌كانیان. بۆیه‌ زۆر باش ده‌زانن چه‌نده‌ تاك هوشیاربێت و چاوكراوه‌ بێت بۆ ئامانج و ئاینده‌ و خواست و مافه‌كانى هێنده‌ مه‌ترسى دروستده‌كات بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانیان،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ تائێستا و له‌ماوه‌ى 28 ساڵى ڕابووردوودا هیچ هه‌نگاوێك هه‌ڵنه‌نراوه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى تاكگه‌رایى له‌كوردستاندا،به‌ڵكو هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بۆ قۆرخكارى سیاسى و ئابورى و بازاڕ و هێز و ده‌سه‌ڵات و ده‌ستى كار بوه‌،هه‌موو هه‌وڵیان بۆ نه‌كردنه‌وه‌ و دانه‌مه‌زراندنى كارگه‌ى گه‌وره‌ى به‌رهه‌مهێن بوه‌ ،هه‌موو هه‌وڵیان بۆ كردنى كۆمه‌ڵگا و تاكى كوردى به‌ تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كى به‌رخۆرى بێ به‌رهه‌م و نه‌خوێنده‌وار و هه‌ژار و برسى بۆئه‌وه‌ى بۆ پارچه‌ نانێك یان مووچه‌یه‌كى كه‌م ته‌نها پاشكه‌وته‌ و دواكه‌وته‌ى حیزبه‌ سیاسیه‌كان بن.
بۆیه‌ ئیدى كاتى ئه‌وه‌ هاتوه‌ كه‌ تاك هێز و پێزى خۆى وه‌ربگرێته‌وه‌ و ببێته‌ پنتى داڕشتنى سیاسه‌ت و پلان و به‌رنامه‌ى ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تى كوردى و خۆى نماینده‌ى خۆى بكات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌ویش به‌گۆڕینى سیسته‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ تاك بازنه‌ییه‌وه‌ بۆ فره‌ بازنه‌یى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو تاكێكى سه‌ربه‌خۆ بتوانێت خۆى كاندید بكات و بشبێته‌ نماینده‌ى ناوچه‌ و كۆمه‌ڵگا و چین و تویژه‌كه‌ى خۆى دوور له‌ مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌تى حیزبى وه‌ك هه‌موو تاكێكى لیبَڕاڵى وڵاته‌ ئه‌وروپى و ڕۆژئاواییه‌كان.
خۆشبه‌ختانه‌ش سه‌ره‌تاى ئه‌و هه‌وڵ و بیرۆكانه‌ى كه‌ گرنگى تاك و تاكگه‌رایى پیشانده‌دات له‌ئێستاى كوردستاندا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و لانى كه‌م و له‌به‌ر ڕۆشنایى ده‌رئه‌نجامه‌كانى كۆتا هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانى كوردستاندا له‌ 30ئه‌یلولى 2018دا ده‌ركه‌وت كه‌ نزیكه‌ى له‌ 60% جه‌ماوه‌ر به‌شدارى پڕۆسه‌ى ده‌نگدانیان نه‌كردوه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌ژمونى حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌ كلاسیكى و نوێكان داده‌نرێت و زه‌نگێكى ئاگارداركردنه‌وه‌ش بوو بۆیان.كه‌چیدى تاكى كورد دواتان ناكه‌وێت و ده‌نگتان پێنادات ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تاى قۆناغێكى نوێى سیاسیه‌ له‌كوردستاندا.جا به‌دڵنیایش ئه‌م ڕه‌وت و بیرۆكه‌ و ئاڕاسته‌ى تازه‌گه‌رى و تاكگه‌راییه‌ له‌لایه‌ن حیزب و سه‌ركرده‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ به‌دژى خۆیانى ده‌زانن و تا بۆشیان بكرێت ده‌بنه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنیداو ململانێكه‌ش هه‌ر وا ئاسان نابێت،به‌ڵام گرنگ سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ستپێكردنێتى و به‌رده‌وامیشى ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر ئاستى سووربون و خه‌مخۆرى و دڵَسۆزى تاكه‌كان بۆ ماف و خواست و ویست و ئاینده‌ى خۆیان و نه‌وه‌كانیشیان.چونكه‌ هه‌ركات ئه‌م ئاڕاسته‌ى تاكگه‌راییه‌ له‌كوردستاندا سه‌ركه‌وت ئه‌وكات ده‌توانین بڵێین كه‌ كۆمه‌ڵگا و تاكى كوردیش له‌سایه‌ى حوكمڕانیه‌كى لیبڕاڵ و دیموكراسیدا گه‌شه‌و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانى به‌خۆوه‌ ده‌بینێت و لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێش هه‌ڵده‌داته‌وه‌ له‌مێژووى خه‌باتى خۆیداو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وا كاروانى خه‌باتى به‌جێماو له‌ كاروانى خه‌باتى مرۆڤایه‌تى و دیموكراسى و پێشكه‌وتن و داهێنان به‌رۆكى كورد به‌تاك و كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌رنادات وله‌تونێله‌ ڕه‌ش و تاریكه‌كانی ڕابووردوو و ئێستاش ده‌ربازمان نابێت.
سه‌رچاوه‌:
======
.1https://ar.wikipedia.org
.2https://www.noonpost.com
.3 https://weziwezi.com
.4 https://arz.wikipedia.org
‌‌ زیاتر ...
ئاڵا ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ