بیروڕا
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌نێوان گه‌شبینى و ڕه‌شبینیدا...
نەوزادی موهەندیس
هه‌رچه‌نده‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆهه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان  زیاد له‌ 9 مانگى ڕێكى خایاند و زۆر به‌ سه‌ختى  له‌دایكبوو له‌نێوان كێشمه‌كێشى حیزبایه‌تى و حسابكردنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌ حیزبیه‌كان و دابه‌شكردنى پله‌وپۆسته‌كاندا،به‌ڵام دواجار له‌دایكبوو وتوانرا كه‌ له‌ 10/7/2019دا متمانه‌ى په‌ڕله‌مانى كوردستان به‌ده‌ستبێنێت و ئیدى كۆتایى به‌و ماراسۆنى گفتوگۆیانه‌ى 9مانگى پێشتر هێنا له‌نێوان هه‌ر سێ لایه‌نى پێكهێنه‌رى حكومه‌ته‌كه‌دا كه‌ بریتین له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ((پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان و توركومان و مه‌سیحى و سۆسیالیت)). به‌مه‌ش ئیدى سه‌ره‌تاى قۆناغێكى نوێ ده‌ستیپێكرد له‌ كاركردن و پراكتیزه‌كردنى گوتاره‌كان له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقع و چیدى قۆناغى گفتوگۆى بێزه‌نتى و بێسه‌مه‌ر كۆتایى هات.
پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌،ئایا پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم پێویستى به‌م هه‌موو كاته‌ هه‌بوو ؟ ئایا له‌دواى پێكهێنانى كابینه‌ حكومیه‌كه‌وه‌ كه‌ زۆر به‌سه‌ختى له‌دایكبوو،گه‌شبین بین به‌كارو به‌رنامه‌كانى یان ڕه‌شبینبین ؟
ڕاسته‌ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ و گفتوگۆكان له‌سه‌ر هێڵه‌ گشتى و وورده‌كاریه‌كانیشى زۆرى خایاند،به‌ڵام تێگه‌یشتنى زیاتر له‌ به‌رنامه‌ و تێڕوانین و دونیابینى یه‌كترى به‌تایبه‌تیش 3 لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى كابینه‌كه‌ گرنگ بوو،باسكردن و قوڵبونه‌وه‌ له‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كان و له‌خواست و ویسته‌ ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رێم و كه‌ركوك و به‌غداد گرنگبوو،به‌ستنه‌وه‌ى هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كان پێكه‌وه‌ و هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ڕێگاچاره‌یه‌كى گشتگیر به‌هیمه‌تى هه‌موولایه‌ك زۆر پێویست بوو.خۆنه‌دزینه‌وه‌ له‌ به‌ڵێن و ڕێكه‌وتن و كارنامه‌ و دروشمه‌كانه‌ى هه‌ڵبژاردن گه‌لێك پێویست بوو.ده‌ستخستنه‌ سه‌ر خاڵى ناكۆكیه‌كان و دیاریكردنى پشك و قه‌واره‌ و لێپرسراوێتى هه‌ر لایه‌ك گه‌لێك پێویست بوو،بنه‌ماى وه‌كیه‌كى و شه‌ریكایه‌تى ڕاسته‌قینه‌ دوور له‌ برا گه‌وره‌یى و بچوكى زۆر پێویست بوو.بۆیه‌ هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ پێویستیان به‌كاتى زیاتر و گفتوگۆى جدیانه‌ ده‌كرد له‌نێوان لایه‌نه‌ براوه‌كاندا،بۆئه‌وه‌ى بناغه‌یه‌كى تۆكمه‌ و به‌هێز بۆ حكومه‌تى ئاینده‌ دابڕێژرێت و وه‌كو ئه‌زمونى ساڵانى ڕابووردوو حكومه‌ت له‌نیوه‌ى ڕێگه‌ دابه‌شنه‌بێت و هه‌رلایه‌ك به‌ئاره‌زوو یان له‌ژێر فشاردا یان به‌پاڵنه‌رى حیزبایه‌تى كابینه‌كه‌ به‌جێبهێڵێت و پشت بكاته‌ هه‌موو كار و به‌رنامه‌ و جه‌ماوه‌رى گه‌له‌كه‌شمان و جارێكى تر ڕووبكاته‌وه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى دروشمى بریقه‌دارى بێناوه‌ڕۆك و به‌ناو سه‌نگه‌رى ئۆپۆزسیۆن و وه‌ستانه‌وه‌ دژى حكومه‌ت و كابینه‌كه‌ى.
درێژه‌كێشانى ئه‌م گفتوگۆیانه‌ش له‌لایه‌كى تره‌وه‌ گه‌رچى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى بێمتمانه‌یى ساڵانى ڕابووردوو بوو به‌یه‌كترى به‌ڵام بینین و دانیشتن به‌رامبه‌ر یه‌كتر و ڕووبه‌ڕوو و زۆرى سه‌ردانه‌كانیش توانى به‌سته‌ڵه‌كى دڕدۆنگى و دابڕانى زیاد له‌ 2ساڵى نێوان هه‌موان بتوێنێته‌وه‌ و گرژی و ئاڵۆزیه‌كان خاوبكاته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هێشتاش نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستى ته‌واو كه‌ماڵ. بۆیه‌ دواكه‌وتنى كابینه‌كه‌ له‌ پێكنه‌هێنانى باشتر بوو وه‌كو ده‌ڵێن (( دواكه‌وتن له‌ هه‌ر نه‌گه‌یشتن باشتره‌)).ئیدى به‌پێكهێنانى كابینه‌كه‌ هه‌رێمى كوردستانیش پێینایه‌ قۆناغى حكومه‌تى ڕاسته‌قینه‌ و متمانه‌ پێكراو و دووركه‌وته‌وه‌ له‌حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر و بێده‌سه‌ڵات له‌بڕیارداندا.
له‌ئێستادا ئه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌  ئایا گه‌شبینبین به‌ ئاینده‌ى حكومه‌ته‌كه‌ و كار و به‌رنامه‌ و گوتار و سیاسه‌ته‌كانى ؟ یانیش هه‌رله‌ئێستاوه‌ تۆوى ڕه‌شبینى بچێنین و حكومه‌ت و پێكهاته‌كه‌ى بده‌ینه‌ به‌ر پلار و ڕه‌خنه‌ى ڕوخێنه‌ر و هه‌موو هیوا و ئاواته‌كان له‌گۆڕ بنێین و هه‌موان ده‌سته‌وئه‌ژنۆ لێى دابنیشین و ئه‌م حكومه‌ته‌ش به‌ كابینه‌كانى پێش خۆى بچوێنین؟ ئایا كارێكى ڕاست و عه‌مه‌لى و زانستیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بڕیارى پێشوه‌خته‌ى خۆمان بده‌ین و ڕاستوچه‌پێك بهێنین به‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ماندا؟یانیش لێگه‌ڕێین با ماوه‌یه‌كى 3 تا 6 مانگى كاربكات و ئه‌وكات بڕیارى ڕاسته‌قیتنه‌ى خۆمان بده‌ین و هه‌ڵوێستى ڕاست و دروستى خۆمان له‌سه‌ر ئاشكرا بكه‌ین؟ و ده‌یان پرسیارى تریش..
سه‌ره‌تا كارێكى نه‌ ڕاسته‌ نه‌ عه‌قڵانیشه‌ پێشه‌كى و پێش وه‌خته‌ بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌ى كار و به‌رنامه‌ى ئه‌م حكومه‌ته‌ بده‌ین،چونكه‌ تا له‌بوارى پراكتیكیدا تاقینه‌كرێته‌وه‌ و كار و كرده‌وه‌ و بڕیاره‌كانى نه‌بینرێن، له‌ڕووى زانستیه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ بكرێت،چونكه‌ ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندن به‌ باش یان خراپ له‌سه‌ر كارى له‌ پێشینه‌ بدرێت نه‌ك له‌سه‌ر هیچ.بۆیه‌ به‌ڕاى به‌نده‌ش گرنگه‌ كه‌ كه‌مێك پشوو درێژبین و چاوه‌ڕوانى كار و كرده‌وه‌ى حكومه‌ت بین بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌یه‌كى ترى دیاریكراودا هه‌ڵسه‌نگاندنێكى ڕاست و دروستى بۆ ئه‌نجام بده‌ین.چونكه‌ پێنه‌دانى ماوه‌ و كاتێك یان بوارێك بۆ كاركردن خۆى له‌خۆیدا زوڵم و ناهه‌حه‌قیه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌ت و هه‌رواش لێكچواندنیشى به‌كابینه‌كانى پێشخۆى جارێكى تر كارێكى ناڕاست و نادروسته‌،چونكه‌ هه‌ر كابینه‌یه‌ك و به‌تایبه‌تیش كه‌سى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك و هه‌ریه‌كه‌ش له‌ وه‌زیره‌كان خاوه‌نى تێڕوانین و كار و به‌رنامه‌ و دونیا بینى تایبه‌تى خۆیانن چونكه‌ هه‌موانیان له‌ قوتابخانه‌ و حیزبى سیاسى جیاوازه‌وه‌ هاتون و هه‌ریه‌كه‌شیان هه‌وڵده‌ده‌ن دیدگا و تێڕوانینى سیاسى و ئابورى حیزبه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن،هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێت جیاوازیه‌ك له‌نێوان ئه‌م حكومه‌ت و ئه‌وانى پێش خۆیدا ڕووبده‌ن.
هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێت ئومێد و هیواى گه‌رچى گه‌وره‌ و زۆریش نه‌بێت هه‌ڵبچنین له‌سه‌ر ئه‌م كابینه‌یه‌ و گه‌شبینیش بین به‌كار و كرده‌وه‌كانى و پێشه‌كى خۆمان نه‌خه‌ینه‌ به‌ره‌ى ڕه‌شبین و كورتبین و بێئومێده‌كانه‌وه‌.چونكه‌ كۆمه‌ڵگا و تاكى بێئومێد و بێهیوا كۆمه‌ڵگاو تاكێكى دۆڕاو و شكستخواردوو ده‌رده‌چن.وه‌كو وتراوه‌ ((تفائلوا بالخیر تجده)) واته‌ گه‌شبینبن گه‌شبینیتان ده‌ستده‌كه‌وێت ،خۆ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ گه‌ر ڕه‌شبینبین و به‌ چاویلكه‌یه‌كى ڕه‌شى تاریكه‌وه‌ بڕوانینه‌وه‌ هه‌موو كاروكرده‌وه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌وه‌ و به‌باش و به‌خراپیه‌وه‌ هه‌ر ناڕازیبین و هه‌موانیان ڕه‌تبكه‌ینه‌وه‌ و پێشوه‌خته‌ بڕیارماندا بێت به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌موو كاروكرده‌وه‌كانى حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنى به‌ره‌یه‌كى ئۆپۆزسیۆنى ناڕه‌واو و توند و ده‌مارگیر ئه‌وا به‌دڵنیایى جگه‌ له‌ ڕه‌شبینى هیچى ترمان ده‌ست ناكه‌وێت.
جا سه‌ركه‌وتنى ئه‌م كابینه‌یه‌ش ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر ڕاده‌ و ئاستى یه‌كو یه‌كگرتوویى كابینه‌كه‌ كه‌ پێویسته‌ ته‌واوكه‌رى یه‌كتربن و پێكه‌وه‌ پابه‌ندى به‌رنامه‌ سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌منى و خزمه‌تگوزاریه‌كان بن و هیچ كامیان خۆیان جیانه‌كه‌نه‌وه‌ له‌وى تریان به‌بیانوى ئه‌وه‌ى كه‌ قه‌واره‌ى ئێمه‌ بچوكتره‌ و هه‌ربۆیه‌ش لێپرسراوێتیمان كه‌متره‌،چونكه‌ى نه‌ لێپرسراوێتى و نه‌ سزاش دابه‌شناكرێن و هه‌موو پێكه‌وه‌ یه‌ك پاكێجن ، یان لێپرسراویت یانیش هیچنه‌كرده‌ و شكستخواردوویت،گرنگیشه‌ ئه‌ندامانى كابینه‌ متمانه‌ به‌یه‌كتر بكه‌ن و وه‌كو تیمێك كاربكه‌ن نه‌ك وه‌ك دووبه‌ره‌ یان سێبه‌ره‌ى دژ به‌یه‌ك چونكه‌ له‌كۆتایدا هه‌موانیان پێكه‌وه‌ حكومه‌تیان پێكهێناوه‌ و هه‌موانیشیان له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا لێپرسراون.هه‌ربۆیه‌ تا گه‌شبینبین ئه‌وا جوانتر وڕوونتر وێنه‌ى حكومه‌تى ئاینده‌ ده‌بینین و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌ لێڵى و تاریكى و به‌دگومانیه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌ڕوانین.جا گه‌شبینى و ڕه‌شبینى جه‌ماوه‌ر وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر ئاستى كار و كرده‌وه‌كانى حكومه‌ت و كابینه‌كه‌ خۆى نه‌ك هیچ كه‌س و لایه‌نێكى تر.
‌‌ زیاتر ...
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د

بیروڕا

زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ