بیروڕا
تاك چه‌نده‌ ئازاد بێت هێنده‌ش به‌خشنده‌ و داهێنه‌ر ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵگادا...
نەوزادی موهەندیس
ئاشكرایه‌ كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كان له‌چه‌ندین چین و توێژى جیاواز پێكهاتوون و هه‌ریه‌كه‌شیان به‌ ڕۆڵى خۆى هه‌ڵده‌ستێت به‌ ئامانجى پێشكه‌وتن و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵگا له‌ڕێگه‌ى داهێنان و به‌خششه‌كانیه‌وه‌، جا هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك خاوه‌نى تاك یان گروپ و ده‌سته‌ و ڕێكخراوى پیشه‌یى یان دیموكراسى و مه‌ده‌نى چستوچالاك بێت و ئاشنا بێت به‌ ئه‌رك و مافه‌كانى و وه‌كو تاكێكیش ڕێز و شكۆمه‌ندى بپارێزرێت و وه‌كو مرۆڤێكى خاوه‌ن ئیڕاده‌ لێیبڕوانرێت، ئه‌وا به‌دڵنییایه‌وه‌ هه‌میشه‌ هه‌نگاو به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌نێت و له‌كۆمه‌ڵگایه‌كى دواكه‌وتوو و هه‌ژار و نه‌خوێنده‌واره‌وه‌ ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى پێشكه‌وتوو و داهێنه‌ر و گه‌شه‌كردو ئه‌وكاتیش وڵات ئاوه‌دان و كۆمه‌ڵگاش خۆشگوزه‌ران ده‌بێت.
به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ركات كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كان خاوه‌نى سیسته‌مێكى حوكمڕانى دیموكراسى بن كه‌ تیایدا مافه‌كانى تاك و ده‌سته‌ و كۆمه‌ڵه‌كان پێشێل نه‌كرێن و ڕێزیان لێبگیرێت و هاوكارى و كارئاسانیشیان بۆ بكرێت و ته‌واوى ئازادیه‌كانیان بۆ فه‌راهه‌مبكرێت له‌هه‌موو بواره‌كانى سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ و توێژینه‌وه‌ زانسیتیه‌كان و ..هتد. به‌دڵنیایه‌وه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى كراوه‌ و ڕزگاربوو له‌كۆتوبه‌نده‌ باو و به‌سه‌رچوه‌كان.چونكه‌ ده‌سه‌ڵات و جۆرى ده‌سه‌ڵات و حومكڕانیه‌كان زۆر گرنگ و كاریگه‌رن له‌سه‌ر چۆنێتى بیركردنه‌وه‌ و هزرى مرۆڤه‌كان،جا له‌ سیسته‌مى حوكمڕانیه‌ دیموكراسیه‌كاندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تاك و گروپه‌كان پنتى سه‌ره‌كین له‌به‌رنامه‌ و پلانى ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ربۆیه‌ تاكیش ڕۆڵى سه‌ره‌كى و میحوه‌رى هه‌یه‌ و به‌و په‌ڕى توانا و وزه‌كانیه‌وه‌ كارده‌كات هه‌ریه‌ك له‌بوار و پسپۆڕى و شاره‌زایى خۆیداو هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى به‌رهه‌مهێننن نه‌ك به‌رخۆر و به‌كاربه‌ربن،به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ سیسته‌مه‌ شمولى و داخراو و توتالیتارى و تاكڕه‌وه‌كاندا چونكه‌ ته‌نها سه‌ركرده‌ و حیزب و بڕیارده‌ر و پلاندانه‌ر و جێبه‌جێكه‌ریشن و هیچ مه‌ودا و مانایه‌كیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ تاك و گروپه‌كان،هه‌ربۆیه‌ش هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى دواكه‌وتوو و پێشنه‌كه‌وتون،چونكه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ته‌نها به‌ ده‌سته‌بژێرێكى بچوكى ئاینى یان بنه‌ماڵه‌یى یان ئه‌رستۆكراتى ناچێته‌ ڕێوه‌ به‌ڵكو پێویستى به‌توان و وزه‌ى هه‌موان هه‌یه‌.
جا هه‌ركات تاك ئازادبوو ئه‌وا ئازادانه‌ش بیرده‌كاته‌وه‌و ئازادانه‌ش داهێنان ده‌كات و به‌هه‌مان شێوه‌ش ئینتیماشى بۆ وڵات و كۆمه‌ڵگاش تۆخده‌بێته‌وه‌ و هیچ ئینتیمایه‌كیشى بۆ سه‌ركرده‌ و حیزبه‌ سیاسیه‌كان نامێنێت و ناچێته‌ چوارچێوه‌یه‌كى ته‌سكى به‌رژه‌وه‌ندى كۆمه‌ڵێك یان كه‌سان و بنه‌ماڵه‌یه‌كى دیاریكراوه‌وه‌ كه‌ ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌كاریى بهێنن،تاك هه‌ركات ئازاد بوو ئازادانه‌ش ده‌بێته‌ خاوه‌ن بڕیار و كه‌سایه‌تى سه‌ربه‌خۆى خۆى و ملكه‌چى هیچ داب و نه‌ریت و بڕیاره‌ هه‌ڵه‌ى سیاسیه‌كان نابێت و نابێته‌ ڕۆبۆتێك كه‌ كۆنتڕۆڵه‌كه‌ى به‌ده‌ست كه‌سانى تره‌وه‌ بێت و له‌دووره‌وه‌ هه‌ڵیبسوڕێنن. هه‌ر له‌به‌ر گرنگى ڕۆڵ و كاریگه‌رى تاكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا ،كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتوه‌كانى ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و دیموكراسیخوازه‌كانى دونیا هه‌موانیان فه‌لسه‌فه‌ و ڕێبازى تاكگه‌راییان پیاده‌كردوه‌ له‌ پێكه‌وه‌نانى كۆمه‌ڵگاكانیاندا،چونكه‌ به‌ ئه‌زمونى ڕۆژگار ئه‌و ڕاستییه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ چه‌نده‌ تاكه‌كان ئازاد و سه‌ربه‌ست بن ئه‌وه‌نده‌ش ده‌بنه‌ خاوه‌نى داهێنان و ئه‌نجامیش وڵات و كۆمه‌ڵگاش پێشكه‌وتوو و گه‌شه‌كردوو ده‌بێت.
له‌قۆناغى ئێستاو ئه‌م سه‌رده‌مه‌شدا،پنتێكى ترى تاكگه‌رایى له‌پاڵ ئازادى و ده‌سه‌ڵاتدا بریتیه‌ له‌ڕێزگرتن له‌ ژینگه‌ و پاراستنى و پاكوخاوێن ڕاگرتنى و هه‌وڵى نه‌شێواندنى و فشار دروستكردنه‌ بۆ سه‌ر كۆمپانیاو وڵاتان و كارگه‌ به‌رهه‌مهێنه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى بڕى گازه‌ ژه‌هراویه‌كان و هه‌وڵدانه‌ بۆ زیاتر ڕۆشنبیركردنى تاكه‌كانه‌ به‌رامبه‌ر ژینگه‌ ،چونكه‌ به‌بێ ژینگه‌یه‌كى پاكوخاوێن تاكێكى ساغڵه‌م و ته‌ندروست دروستنابێت و به‌بێ ژینگه‌یه‌كى سه‌وز و ئاوهه‌وایه‌كى پاكژ تاكێكێكى داهێنه‌ر و به‌خشنده‌ و بیر ئازاد پێكه‌وه‌نانرێت،بۆیه‌ سه‌رده‌مى ئێستا سه‌رده‌مى گرنگیدانه‌ به‌ژینگه‌،و زه‌ویش وه‌كو ماڵێكى گه‌وره‌ى هه‌موان لێى ده‌ڕوانرێت و مافى به‌سه‌ر هه‌موانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌بێ جیاوازى ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و وڵات و كۆمه‌ڵگاكان له‌دواكه‌وتوو و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌وه‌،جا هه‌ركات ژینگه‌ى زه‌وى به‌پاكژى مایه‌وه‌ ئه‌وا ته‌مه‌ن و ته‌ندروستى تاكه‌كانیش درێژده‌بن و به‌خشش و داهێنانه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بێت.
بۆیه‌ هه‌موو تاكێكى كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ ئه‌ركى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتیمانى له‌ فه‌لسه‌فه‌ و ڕێباز و دونیابینى تاكگه‌راییدا ببینێته‌وه‌ و خۆى بكاته‌ تاكێكى داهێنه‌ر و به‌خشنده‌ و ئازاد بۆئه‌وه‌ى بتوانێت باشترین خزمه‌ت پێشكه‌ش به‌ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان و كۆمه‌ڵگا بكات،جا ئه‌م ئه‌ركى تۆخكردنه‌وه‌ و كردنى به‌ ڕێبازى كاركردنى بیر و هزرى تاكگه‌راییه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌ستۆى هه‌موو تاك و گروپ و چین و توێژه‌كان بۆئه‌وه‌ى هه‌موان پێكه‌وه‌ و به‌یه‌ك ته‌كان و توانا كۆمه‌ڵگایه‌كى خۆشگوزه‌ران و یه‌كسان و دادپه‌روه‌رى بنیات بنێن،به‌وهیوایه‌ى تاكه‌كان كارى گه‌وره‌ و داهێنانى زیاتر بكه‌ن.چونكه‌  ته‌نها سیاسى و سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران ناتوانن وڵات به‌ڕێوه‌به‌رن و پێشیبخه‌ن و حوكمڕانیه‌كى ته‌ندروست و ساغڵه‌میش به‌رهه‌مبهێنن به‌بێ هاوكارى چین و توێژ و كۆمه‌ڵ و ڕێكراوه‌ مه‌ده‌نى و دیموكراسییه‌كان و تاكه‌ به‌خشنده‌ و چالاكه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگا.چونكه‌ تاك بۆخۆى به‌ردى بناغه‌ى پێكه‌وه‌نان و دروستكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ى دیوارى پته‌وى ته‌لارى كۆمه‌ڵگایه‌كى پێشكه‌وتوو یه‌كسانخواز و دادپه‌روه‌ره‌.
‌‌ زیاتر ...
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
کاروان ئەحمەد عبدالرحمن
شادمان مەلا حەسەن
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ