بیروڕا
بەغداد و هەولێر تەواوكەری یەكتر نەك دژ و ناحەز...
نەوزادی موهەندیس

لەم ڕۆژانەدا دوو ساڵی تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆمەكەی 25 ئەیلولی ساڵی 2017دا،كە بەداخەوە نەتوانرا مەبەست و ئامانجە سەرەكیەكەی ئەو پڕۆسە پیرۆزە وەدیبهێنرێت،لەلایەك بەهۆی هۆكاری خودی ناوخۆیی و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی هۆكارە بابەتیە دەرەكیەكان لەناوچەكە و دونیاشدا.لێرەدا هیچ مەبەستمان نیە كە برینی ئەو پڕۆسە شكستخواردوە بوكلێنینەوە یان تۆمەت بخەیەنە پاڵ هیچ سەركردە و حیزبێكی سیاسی، هێندەی مەبەستمانە كە لەم یادەدا بیری هەموان بهێنینەوە بەوەی كە پەندێكی قوڵمان لەو ڕۆژانە وەرگرتبێت و بەسەر كار و كردەوە و گوتارو هەڵە و سۆزەكانماندا بچینەوە و پێ بە هەڵە و كەموكوڕیەكانی خۆمان بنێین و هەوڵی ڕاستكردنەوەشیان بدەین،نەك هەر سووربین لەسەر هەڵەكانمان لە تێڕاونینی بابەتەكە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی هاوكێشەی هێزەكان و هاوسەنگی دونیا و ناوچەكەش لەنێوان زلهێزە دونیایی و هەرێمیەكاندا و بەهەمان شێوەش  هەڵسەنگاندنێكی ڕاست و دروستیش بكەین بۆ دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی ناوخۆی نێوماڵی كورد خۆشمان.
•مەسەلە و پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی پڕۆسە و ئامانجێكە كە هیچ تاكێكی كورد لە بیری ناكات و هەمیشە خەونێكی زیندووە لە بیر و هزر و كردەوە و گوتاری تەواوی كورد زمانەكاندا،بۆیە هیچ كات ترسی لەبیركردنی ئەو پرسە گرنگە ناكرێت ،هەربۆیەش پەلەكردن و دەستبردن بۆی جارێكی دی بەبێ‌ ئامادەسازی تەواوەتی هیچ پێوست نیە و دەكرێت خەباتی ڕاستوڕەوان و پشوودرێژی شۆڕشگێڕانەی كوردایەتی درێژە و بەردەوامی پێبدەین بۆ وەدەستهێنانی ئەو ئامانجە زۆر پیرۆزەمان لە دۆخێكی گونجاو و لەبارتردا كە هەموو هۆكارە ناوخۆیی و دەرەكیەكان پشتیوان بن نەك دژ.
•لەئێستادا و دوای 2 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو نسكۆ كاتیەدا،هەق وایە سەركردایەتی سیاسی كورد و تەواوی حیزبە سیاسیەكان و دامودەزگا و ئۆرگانە شەرعیەكانی حكومەتی هەرێم لەسەرۆكایەتی هەرێم و پەڕلەمان و حكومەتی كابینەی نوێ‌،هەوڵی جدی بدەن بۆ چێكردنی پڕۆسەیەكی ئاشتەوایی ناوخۆیی لەكوردستان و یەكخستنی هەوڵ و گوتار و كردارەكان لەبەرامبەر ئەم دۆخە نوێیەی كە لەپێشماندایە، لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراقدا لە 1 نیسانی 2020 و چێكردنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ئایندەدا،كە بۆ كورد هەردوو پڕۆسەكە گەلێك گرنگ و ژیارین و ناكرێت پشتگویێ‌ بخرێن و بەخەمساردیەوە لێیان بڕوانرێت بەهۆی هەندێك كێشە و ململانێی ناڕەوای سیاسیەوە  وناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان و مادەی 140ی دەستور بكرێنە قۆچی قوربانی حەز و ویستە حیزبیە تەسك و بچوكەكان.
•دواتریش هەقە ئەم هێز و توانا یەك و یەكگرتوەی كورد و هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی بەغداد هەنگاو بنێت و بەهێزەوە بچێتە سەر مێزی گفتوگۆكان و ڕاست و دروستی كێشە كەڵەكەبوە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و جوگرافی و ..هتد،لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەند لە بەغداد گەنگەشە بكات بۆ گەیشتن بەڕێكەوتنێكی كۆنكرێتی لە پێناو وەدەستخستنی مافە ڕەواكانی گەلەكەماندا.چونكە ناكرێت میلەتەكەمان هەمیشە لە دڵەڕاوكێ‌ و ترس و تۆقاندندا بژێت و هەست بە ئارامی و خۆشگوزەرانی نەكات و وڵاتیش هێواش هێواش بەرەو دواوە بگەڕێتەوە بەهۆی عینادی و غروری سیاسی سەركردەكانەوە،میلەتكەمان ناتوانێت تاسەر بەرگەی برسێتی و نەبونی مووچەو وێران و كاولبوونی زیاتری وڵات بگرێت،بۆیە ڕاستترین سیاسەت و بیركردنەوە و پلان لەم قۆناغەدا گەیشتنە بەڕێكەوتن لەگەڵ بەغدادا و گەیشتنە بەڕێكەوتن لەسەرهەموو مەسەلەكانی هێزی پێشمەرگە و بودجە و ناردنی مووچە و مەلەفی نەوت و ئەمنی و  ئەوانی تریش.
•پێویست دەكات بەغداد و هەولێر ببنە تەواوكەری یەكتری نەك دژو ناحەز،چونكە بە تەبایی و لێكتێگەیشتن دەتوانرێت زۆر ئامانج و خواست و مافەكان وەدەستبێنین نەك بە جەنگ و توندوتیژی ، بەتایبەتیش كە لەم قۆناغەدا ناوچەكە  بەعێراق و كوردستانیشەوە ڕووبەڕووی ململانێ و ئاڵنگاری زۆر مەترسیدار دەبنەوە لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە و ئەمریكا لەلایەك دژ بە ئێران و هاوپەیمانەكانیلەلایەكی ترەوە،كە بەداخەوە عێراق و كوردستانیش بیانەوێت یان نا بونەتە بەشێك یان ڕاستتر بونەتە گۆڕەپانی سەرەكی یەكلاكردنەوەی ئەو ململانێیانە، بۆیە تەنها بە یەك و یەكگرتوویی هەولێر و بەغداد دەتوانرێت هەڵوێستێكی هاوسەنگانە بگیرێتە بەر و هەموان لەشەڕ و ماڵوێرانی و پڕیشكی ئەو ئاگرەی كەلەبەردەم قاپی عێراق و كوردستاندایە بپارێزێت .
‌‌ زیاتر ...
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
کاروان ئەحمەد عبدالرحمن
شادمان مەلا حەسەن
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ