بیروڕا
ئەو(( 7)) ڕۆژەی عێراقی هەژاند !
نەوزادی موهەندیس

عێراق لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامیەوە لەساڵی 2003وە كە تائێستا 16 ساڵی ڕێكی تێپەڕاندوە هیچ كات و سات و ساڵێكی تێپەڕنەكردوە بە ئارامی و خۆشگوزەرانی،دوور لە كێشە و شەڕی ناوخۆیی و ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی ،دوور لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش،دوور لەململانێ‌ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ لە ئێران و توركیا و سعودیە و سوریاو ...هتد.دوور لە ململانێكانی وڵاتە زلهێزەكانی ئەمریكا و ڕوسیا و ئەوروپیەكان.دوور لە ململانێ‌ ناڕەواكانی نێوان سەركردە سیاسی و حیزبە سیاسیەكانی عێراق،دوور لە ململانێ‌ و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد.بەمشێوەیە عێراقی نوێ‌ تەنها دوور بوە لە وێنە و بڕیارەكانی صدام حسێن ئەگینا زۆرجاران لە سەردەمی بەعسیەكان خوێناویتر و مەترسیدارتر بوە بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عەرەبی ((سونە و شیعە)) و كورد و توركومان و مەسیحی و ..ئەوانی تریش.
عێراق وەك ئەوەی كە نەفرەتی ئەزەلی لێكرابێت لەلایەن پەروەردگارەوە كە بەم شێوەیە گیرۆدەی جەنگە یەك لەدوایەكەكان و جەنگ و ململانێ‌ نەبڕاوەكان بێت هەر لەسەرەتای مێژووی دروستبونیەوە لە سۆمەریەكانەوە تاكو ئێستا كە زیاتر لە 5 هەزار ساڵە.
عێراق لەگەڵ ئەوەی وڵاتێكی دەوڵەمەندی نەوت و كانزا و سەرچاوەسروشتیەكان و خاك و ئاوێكی بەپیت و سازگارە و وڵاتی دوو ڕووباری بەناوبانگە،بەڵام هیچ كات خۆشگوزەرانی و ڕەفاهیەتی تەواوی بەخۆیەوە نەبینوە و هەمیشە گەندەڵی و هەژاری و دواكەوتویی و بێكاری و نەخۆشی و نەخوێندەواری بەرۆكی تاك و كۆمەڵگاكەی بەرنەداوە.
لەم هە فتەیەی كە ڕابوورد و بەدیاریكراوی لە 1 تا 7تشرینی یەكەمی 2019،عێراق و بەتایبەتیش بەغدادی پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە مەترسیدارترین و هەژاوترین ڕۆژدا تێپەڕبوون بەهۆی خۆپیشاندانە جەماوەریە فراوانەكانەوە كە لەئەنجامی نەبوونی كار و تەشەنەسەندنی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریەكانەوە سەریان هەڵداوە كە بەدرێژایی 16 ساڵی ڕابووردوە بەردەوامیان هەیە و كە وەك ڕاگەیەنراوە لەو ماوەیەدا زیاد لە 800 ملیار دۆلار لەداهاتی عێراق بەهەدەر دراوە و لەلایەن دەستە و تاقمێكی بچوك و كەمی دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بەقازانجی حیزب و سەركردە و بنەماڵە و تەنانەت وڵاتانی دەرودراوسێشەوە بەكارهاتوە و كۆمەڵگای عێراقیشی لێبێبەشكراوە.
ئەم 7 ڕۆژەی عێراق ڕۆژانێكی پڕ مەترسیبوون بۆ سەر تەواوی دەوڵەت و سیستەمی حوكمڕانی لەعێراقدا،چونكە داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی عادل عبدالمهدی دەكرا و داوای پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتیمانی دەكرا،داوای دەستلەكاركێشانەوە و چۆڵكردنی كورسی حوكمڕانی هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكەیان دەكرد.ئەم 7 ڕۆژە بەهەق و هەقیقەت بنەمای زۆرێك لە بیربۆچونەكان و تەختی حوكمڕانی عێراقی هەژاند و خستیە لەرزین،بەڕادەیەك وڵاتانی ناوچەكەش مەترسیان لەسەربوو بەهۆی تێكچوون و لێكهەڵوەشانی حكومەتی عێراقیەوە.
سیناریۆكان زۆرن كە كێ‌ و چ لایەن و كام حكومەتی ناوچەیی و زلهێز و سەركردە و حیزبی سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی و دونیاش لە پشت ئەم خۆپیشاندانەوەن؟ئایا خۆپیشاندانەكان خۆڕسك بوون و لەئەنجامی پەنگخواردنەوەی توڕەیی و بێزاری و ناڕازیبونی جەماوەر خۆیەوە سەریانهەڵدا و تەقینەوە ؟ یان حیزب و سەركردە و دەزگای جاسوسی و وڵاتانی دەوروبەر و دونیای لەپشتەوە بوون؟ئایا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین مافێكی یاسایی و دەستوری نین لە عێراقدا بۆ داواكاری مافە ڕەواكانیان؟ و زۆر پرسی تریش..
زۆر قسەدەكرێت لەسەر ئەوەی كە دەزگا جاسوسیەكانی ئێران و توركیا و سعودیە و كوێت و ئەمریكا و ..هتد. لەپشت جوڵاندان و هاندانی جەماوەری توڕەی عێراقەوەن لە بەغدادی پایتەخت و 9 گەورە شاری تری ناوەڕاست و باشووریش. زۆرێكیش وای بۆدەچن ململانێ‌ حیزبی و تایەفیەكانیش ڕۆڵیان هەبوە لە تەقینەوەی خۆپیشاندانەكان لەلایەك لەنێوان حیزب و سەركردە سیاسیەكانی شیعەكان خۆیان و لەلایەكی تریشەوە  كۆنە بەعسیەكان و سونەی عەرەبیش ڕۆڵی كەمیان نەبوە،بەم شێوەیە هەموان  و هەریەكە بەشێوەیەك بەشدارن لەو هاندان و تەقینەوە جەماوەریەدا،بەڵام تاكو ئێستاش هیچ كەس و لایەن و سەركردەیەكی ناوخۆیی و وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش بوێری ئەوەیان نەكردوە كە خۆیان بە لێپرسراو و جوڵێنەری خۆپیشاندانەكان دەربخەن،هەربۆیەش دوای 7 ڕۆژ لە خۆپیشاندان و وەڵامدانەوەی تاڕادەیەك توندی هێزە سەربازی و ئەمنیەكان و نەبونی سەركردایەتیەكی دیار و بەهێزیش بۆ خۆپیشاندانەكان ،هێواش هێواش بەرەو هێوربونەوە چوو و لەئێستاشدا بەهۆی هەندێ‌ بڕیار و بەڵێنی پەڕلەمان و حكومەتەوە تاڕادەیەك خۆپیشاندانەكان خاوبونەتەوە،بەڵام مانای كۆتایهاتنیان نیە،چونكە هەموو ئەو بەڵێنانە سەرزارەكین و لەسەر زەمینەی واقع ماوەیەكی لانی كەم 3 بۆ 6 مانگیان دەوێت كە هاوڵاتیان هەستی پێبكەن و بەقازانجیان بشكێتەوە.
ئاشكراشە هەرچەندە داواكاری خۆپیشاندەران ڕەوایەتی زۆری تیادایە كە بەشێوەیەكی سەرەكی داوای (( نەمانی گەندەڵی، نەمانی بێكاری، پێشكەشكردنی خزمەتوگوزاری))یان بەرزكردبۆوە و بەشێوەیەكی هێمنانە بەڕێوە دەچوون و هیچ توندوتیژیەكیان لێنەكەوتەوە تا ئەوكاتەی دەستی دەرەكی و پیلانی ناوخۆیش هانیدان بۆ سووتاندنی بارەگای حیزبە سیاسیەكان و دامودەزگای حكومی و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و دواتریش سەركێشان بۆ تەقەكردن لە خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس لەلایەن قەناص بەدەستە نهێنی و شارەواكان و لەئەنجامیشدا وەك ڕاگەیەنرا زیاد لە 200 قوربانی و 6 هەزار برینداری لێكەوتۆتەوە كە ڕەنگە زۆر زیاتریش بێت،جا تا ئەو كاتەی كە خۆپیشاندانەكان هێمن وئارام بن و دووربن لە توندوتیژی مافی تەواوی هاوڵاتیانە كە داوای مافە زەوتكراو و پێشێلكراوەكانیان بكەن بەڵام كاتێك كار گەیشتە توندوتیژی و مەترسی گەورەی لێكرا ناكرێت بەخوێنساردی و بەكەمیەوە لێیان بڕوانرێت،هەربۆیە نەدەكرا حكومەت و هێزەكانی سوپا و ئەمنیەكانی تر بێدەسەڵات و تەماشاكەر بوەستانایە.
خۆشبەختانە لە ئێستادا و دوای تەنها 7 ڕۆژ هەموان تێگەیشتن كە لەدەستدانی دەوڵەت و حوكمڕانیە لەرزۆكەكەی بەغداد بەزیانی هەموان تەواو دەبێت،شیعەكان خۆیان گەیشتنە ئەو بڕوایەی ڕووخاندنی حكومەتەكەی عادل عبدالمهدی زیانی گەورە لەپێش هەموانەوە بەخۆیان دەگەیەنێت و زۆر نزیكیشە بۆ هەتاهەتایی دەسەڵاتیان لەدەستبچێت یان لانی كەم بۆماوەیەكی زۆر نەگەنە ڕێكەوتن و عێراق و بەتایبەتیش ناوەڕاست و باشوری شیعەنشین لە هەڕەج و مەرەجێكی بێكۆتادا بمێنێتەوە و ئەوەی 16 ساڵی ڕابوورودشە وەدەستهاتوە لەكیس بچێت ،سونەی عەرەبیش هیچ كات عێراقی پڕ كێشە و فەوزا لە قازانجیاندا نیە چونكە هێندەی تر ڕووبەڕووی مەرگ و كوشتن و بچوكبونەوەی زیاتر دەبنەوە،كوردیش زیانی گەورەی پێدەكەوێت لە ڕووی ئابوری و نەدانی بودجە و موچە و ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی تر دەبۆوە لەكاتێكدا هێشتا پێویستی زۆری بەعێراقە و دۆخە ناوچەیی و دونیاییەكەش پشتیوانی لەجیابونەوەی كورد ناكات،كەمینەكانی تریش بەهەمان شێوە زیانی گەورەیان پێدەگایشت.
بۆیە هەموان و هەریەكە لەلای خۆیەوە بە ئاشكرا و نهێنی كەوتنە خۆ بۆ كۆتایهێنان بەو ئاریشە ئاڵۆزە و هەموان پشتیوانی خۆیان بۆ حكومەتەكەی عادل عبدالمهدی دەربڕی و گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە كەسێكی هێمن و لەسەرخۆ و خۆنەویست و پۆست نەویستی وەكو مەهدیان بەزوویی دەستناكەوێتەوە تا كەشتیە شەپڕیوەكەی عێراق لە ناو ئەو دەریا سەركێشەی پڕ ئاژاوە مەترسیدارەدا بەرەو كەناری ئارامی ببات.بۆیە بەهەق دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە پەندی گەورە لە توڕەبوون و ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی هاوڵاتیان وەربگرن و بكەونەوە خۆ بۆ چێكردنی پڕۆسەیەكی چاكسازی ڕاستەقینە و نەهێشتنی دیاردەكانی گەندەڵی و بێكاری و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاری.ئەگەرنا لە كاتی دووبارەبونەوە و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكاندا زۆر گەورەتر و فراوانترو مەترسیدارتریش دەبێت و ئەوكاتیش عێراق لەدەست هەموان و بەتایبەتیش عێراقیەكان دەچێت و دەبێتە گۆڕەپانێكی كراوە لەبەردەم یار و نەیاری ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا و ئیدی عێراقێكی بەهێز و دەوڵەمەند و خاوەن سەروەری بونێكی ڕاستەقینەی نامێنێت و دەبێتە بەشێك لەمێژوویەكی ڕەشی درێژكراوەی خوێنڕشتن و كاولكاری و نەفرەتبارانكراو. زۆر دووریش نیە كە هەرێمی كوردستانیش پڕیشكی ئەو ئاگرە بێئامانە بیگرێتەوە و هەمان چارەنوسیش ڕووبەڕوی ببێتەوە و خۆپیشاندانەكانی ساڵانی 2011و دواتری كوردستانیش سەرهەڵبدەنەوە.كە نە عێراق و نەهرێمی كوردستانیش چیدی بەرگەی دۆخێكی تری نەخوازراو و مەترسیدار ناگرن لەكاتێكدا ناوچەكە بە مەترسیدارترین قۆناغدا گوزەر دەكات بەهۆی ملانێكانی ئەمریكا و ئێران و توركیا و كورد و عەرەب و ئیسڕائیل و ئەوانی تریشەوە.
‌‌ زیاتر ...
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
کاروان ئەحمەد عبدالرحمن
شادمان مەلا حەسەن
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ