بیروڕا
ئاگربه‌سته‌كه‌ى توركیا –ئه‌مریكا
نەوزادی موهەندیس


17/10/2019 و له‌دواى 5 كاتژمێر كۆبونه‌وه‌ى چڕ و پڕى نێوان توركیا و ئه‌مریكادا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ى پایته‌ختى توركیا له‌نێوان مایك پێنس جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا و ته‌یب ڕه‌جه‌ب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكى توركیا ،لێكتێگه‌یشتن(( چونكه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا ناوى ده‌بات به‌ هه‌ڵپه‌ساردنى پڕۆسه‌ سه‌ربازیه‌كان)) نه‌ك ڕێكه‌وتنێك كه‌ له‌ 13 خاڵ پێكهاتوه‌ هاته‌ ئاراوه‌،كه‌ ئه‌م چه‌ند سه‌رنج و تێبینیانه‌ى لاى زۆرێك دروستكردوه‌ به‌هۆى نادادپه‌روه‌رى له‌و لێكتێگه‌یشتنه‌دا چونكه‌ ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندى توركیا ته‌واو ده‌بێت نه‌ك كورده‌كان و سوریا :
1. ئه‌م لێكتێگه‌یشتنه‌ له‌ ڕووى یاسا نێوده‌وڵه‌ییه‌كانه‌وه‌ نه‌ك ناكامڵه‌ به‌ڵكو زیاده‌ڕه‌ویشه‌ بۆ سه‌ر مافى ده‌وڵه‌تى سوریا،چونكه‌ له‌نێوان دوو لایه‌ندا سازكراوه‌ كه‌ هیچیان شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا نیه‌.وله‌جه‌نگه‌كه‌دا دووبه‌ره‌ى جیاواز و دژ به‌یه‌ك نه‌بوون.
2. توركیا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكى یه‌كتر شه‌ڕناكه‌ن تاڕێكه‌وتنیش بكه‌ن له‌سه‌ر چاره‌نوسى خاك و وڵات و گه‌لێك كه‌ هیچ په‌یوه‌ندى خوێنى و فیزیكیان پێكه‌وه‌ نیه‌.
3. توركیا و ئه‌مریكا ئه‌م شه‌ڕه‌ شه‌ڕى ئه‌وان نیه‌ و به‌زۆر خۆیان تێهه‌ڵقورتاندوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى و پاراستنى ئه‌من و ئاسایشى خۆیان له‌سه‌ر حسابى خه‌ڵك و خاكى ناوچه‌كه‌.
4. ئه‌م لێكتێگه‌یشتنه‌ له‌ بنچینه‌دا ده‌بوو له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌تى توركیا و سوریادا سازبكرایه‌ وه‌ك ئه‌و دوو وڵاته‌ى كه‌ دراوسێن و هه‌ندێك كێشه‌ى ئه‌منى و نائارامى له‌سه‌ر سنوره‌كه‌یاندا هه‌یه‌.
5. كوردیش ده‌بوو لایه‌نێكى گرنگى لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ بوایه‌ به‌و سیفه‌ته‌ى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ك توركیا به‌هۆیه‌وه‌ ده‌ستیوه‌رداوه‌ته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ جه‌نگاوه‌رێكى سه‌رسه‌ختى جه‌نگى دژى تیرۆریستان و داعشیه‌كان بوه‌ له‌ماوه‌ى 8 ساڵى ڕابووردوودا.
6. ئه‌وه‌ى كه‌ ئاماده‌گى نیه‌ له‌و لێكتێگه‌یشتنه‌دا، كورد و سوریا و ڕوسیایه‌ كه‌ وه‌ك گه‌وره‌ هاوپه‌یمانى سوریا وایه‌ و هه‌ر ئه‌ویش بوه‌ هۆكارى ڕێكه‌وتنى نێوان كورده‌كان و سوریا له‌ 13/10دا و گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپاى سوریا بۆ هه‌ندێك ناوچه‌.
7. ئه‌م ئاگربه‌سته‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ى 120 كاتژمێردا جێبه‌جێبكرێت،به‌ڵام ئه‌وه‌تا تائێستا توركیا ڕاینه‌گرتوه‌،چونكه‌ گه‌ره‌كێتى پێش ته‌واوبونى ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بوه‌ گرێ سپى و سه‌رى كانى بگرێت و ئه‌وكاتیش ده‌ڵێت به‌شه‌ڕ گرتومه‌ و مساوه‌مه‌ى له‌سه‌ر ناكات.و مه‌رجى نوێشى ده‌بێت بۆ كشانه‌وه‌.
8. هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى توركیا به‌قوڵایى 20 میل ،هیچ مانایه‌ك بۆ بوون و ده‌سه‌ڵاتى كورد ناهێڵێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌ى 8 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌یه‌كى خۆسه‌رى دامه‌زراندوه‌و كورد ده‌بێته‌ غه‌ریب و توركیاش به‌خاوه‌ن ماڵ.
9. وه‌رگرتنه‌وه‌ى چه‌كه‌ قورسه‌كان له‌ په‌یه‌ده‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ،وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ په‌یه‌ده‌ بێ ده‌ست و نینۆك بكرێت و ئیدى بۆ داهاتوو تواناى نه‌ك شه‌ڕ به‌ڵگو به‌رگریشى نامێنێت دژ به‌ توركیا و چه‌ته‌ تیرۆریسته‌كانى تر.
10. دروستكردنى ناوچه‌ى ئارام و باڵاده‌ستبوونى توركیا به‌ته‌نها له‌و ناوچه‌یه‌دا،جارێكى تر ماناى به‌هێزبوون و جێبه‌جێكردنى داواكارى و مه‌رامه‌ گڵاوه‌كانى توركیایه‌ كه‌ 8 ساڵه‌ به‌شه‌ڕ و كوشتار و پشتیوانی له‌ تیرۆریستان هه‌وڵى بۆ ده‌دات.
11. گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ش خاڵێكى مه‌ترسیداره‌،چونكه‌ ئه‌و ناوچانه‌ زۆربه‌یان كوردن  و ماونه‌ته‌وه‌ ،بۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى عه‌ره‌ب و توركومان و..هتد.به‌ناوى ئاواره‌وه‌ ماناى له‌ده‌ستدانى خاك و ئاوى كوردانه‌ بۆ هه‌تاهه‌تاییه‌.
12. ئه‌م ڕیكه‌وتنه‌ ته‌نها خاڵێكى پۆزه‌تیفى تیادایه‌ بۆ كورد ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌نگه‌كه‌ ڕاده‌وه‌ستێت و كوشتار و ئاواره‌بون و ماڵوێرانى نامێنێت كه‌ بۆ كورد ئه‌م خاڵه‌ گرنگه‌.
13. ئه‌م لێكتێگه‌یشتنه‌ ڕووى ڕاسته‌قینه‌ى توركیا و ئه‌مریكاى ده‌رخسته‌وه‌ كه‌ ته‌نها له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا هه‌وڵده‌ده‌ن نه‌ك كورد و ئاشتى و ئارامى ناوچه‌كه‌.چونكه‌ ئه‌مریكا گه‌ره‌كێتى له‌سوریادا بمێنێته‌وه‌ و نایه‌وێت توركیاش له‌ده‌ستبدات و توركیاش ئارامى سنوره‌كانى و مانه‌وه‌ى له‌ناتۆدا لا گرنگتره‌ و سزا ئابوریه‌كانیشى له‌خۆى دوورخسته‌وه‌ وئه‌وه‌شى ویستویه‌تى به‌ده‌ستیهێناوه‌ دژ به‌ كورده‌كان كه‌ له‌ جه‌نگدا نه‌یتوانى وه‌ده‌ستیبهێنێت.
14. ئه‌و دوولایه‌نه‌ى كه‌ ده‌بوایه‌ ئاماده‌گى جدیان هه‌بوایه‌،كورده‌كان و سوریا بوون،هه‌ردوولایان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ڕازین  یان دوودڵ و نیگه‌رانن به‌و لێكتێگه‌یشتنه‌، چونكه‌ هیچیان ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌تكردنه‌وه‌یان نیه‌ ،كه‌واته‌ ئیتر لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هاوكێشه‌كه‌ بۆیان نیه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ن.چونكه‌ به‌دڵنیایى ڕاوێژ و پرسیان پێكراوه‌ له‌میانه‌ى ئه‌و 5 كاتژمێر دانوسانانه‌دا.
له‌ كۆتاییدا،ئاینده‌ زامنى ده‌ركه‌وتنى ڕاستیه‌كانى تره‌ و ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌شه‌ چ لایه‌نێك سه‌ركه‌وتوو چ لایه‌نێكیش شكستخواردوه‌.ئه‌وه‌ى به‌لاى ئێمه‌ى كورده‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ كورد تاچه‌ند سه‌ركه‌وتوه‌ و پارێزراوه‌،له‌كاتێكدا له‌و دۆخه‌دا كورد له‌مه‌ى زیاتر پێنه‌ده‌كرا ،چونكه‌ یان ده‌بوایه‌ شه‌ڕ و كوشتار و ماڵوێرانى و ئاواره‌بون و داگیركارى به‌رده‌وام بوایه‌  له‌ كاتێكدا كه‌ دۆستێكى ڕاسته‌قینه‌ بۆ كورد په‌یدا نه‌بوو دژ به‌ توركیا،یان ڕازیبون به‌م ڕێكه‌وتنه‌ نادادپه‌روه‌ره‌ بوایه‌.كه‌ ڕازیبونیش وه‌ك خواردنه‌وه‌ى پیاڵه‌ ژه‌هرێكه‌ به‌ڵام هیچ ڕێگه‌ چاره‌یه‌كى تریش نه‌بوو.ئومێدیش به‌ ئاینده‌ نابڕێت وگرنگ له‌م چركه‌ ساته‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باهه‌نگاوى یه‌كه‌م شه‌ڕ ڕابوه‌ستێت ،ئیدى مه‌رجیش نیه‌ هه‌موو خاڵه‌كانى تر وه‌كو خۆیان جێبه‌جێبكرێن له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقع.چونكه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ و لناوه‌ڕۆكى ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا ناڕۆشنى زۆر هه‌یه‌ و ڕاى جیاوازیش هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌مریكا و توركیا بۆخۆشیان،و هێشتاش قسه‌ى كۆتایى له‌گه‌ڵ ڕوسیادا نه‌كراوه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان بۆ ڕوسیا و كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پۆتیندا له‌ سوشى له‌ ڕۆژى 3 شه‌ممه‌ 22/10/2019دا گه‌لێك گۆڕانكارى نوێ بێنه‌ ئاراوه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراون،چونكه‌ ڕوسیاش به‌ئاسانى ده‌ست له‌مافه‌كانى خۆى هه‌ڵناگرێت له‌ سوریادا و وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێكیش نامێنێته‌وه‌ و لانى كه‌م ده‌توانێت ڕێگرى بۆ ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ دروست بكات یان په‌كى بخات و سه‌رله‌به‌رى قڵپ بكاته‌وه‌.كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ گریمانه‌ن و ڕاستیه‌ موجه‌ڕه‌كان ته‌نها ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌یزانن كه‌ شاراوه‌ و نادیارن ،هه‌رچه‌نده‌ سپاردنى قه‌ده‌ر له‌ سیاسه‌تدا به‌نادیار كارێكى هه‌ڵه‌یه‌ به‌ڵام كورده‌كانى ڕۆژئاواش دواى 9 ڕۆژ له‌ مقاوه‌مه‌ت و به‌رخۆدانى بێوێنه‌ هه‌رئه‌وه‌ندیان له‌توانادا بوو.

‌‌ زیاتر ...
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ