بیروڕا
ئاخۆ عادل عەبدولمەهدی كام لا هەڵدەبژێرێت؟
چێنەر عەلی جۆڵا

لەسەروبەندی ئامادەكارییەكان بۆ رێكخستنی بودجەی ساڵی 2020ی عیراق، جارێكی تر كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بوونەتەوە جێگەی باس و خواسی سیاسی ناوەندە جۆراوجۆرەكان، تەنانەت لەسەر ئاستی شەقامی عیراقیش باسی لێوەدەكرێت و لە هەرێمی كوردستانیش جۆرێك لە نیگەرانی دروستكردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هەیە، هەرچەندە گەرمبوونەوەی ئەم پرسە وابەستەی كەڵەكەبوونی كێشەكانی رابردووی نێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی و چارەسەرنەكردنیانە، بەڵام ئەم دۆسێیە دەرهاویشتەی بۆ ئێستا و ئایندەی پەیوەندییەكانیان دروست دەكات، چونكە نازانرێت ئاراستەی سیاسی و ئیرادەی هێزە سیاسییەكانی عیراق بەكام ئاراستە رێچكە دەگرێت؟!
خۆ ئەگەر لە بودجەی ساڵی 2019 جۆرە تەوافوقێكی كاتی لەسەر پرسە داراییەكان لەنێوانیان دروست بوو، ئەوا لەئەمڕۆدا ئەگەری گۆڕانكاری دۆخەكە بەدوور نازانرێت، چونكە هەلومەرجی سیاسی دوێنێ و ئەمڕۆ جیاوازە، لانی كەم كە بەڕێز (عادل عەبدولمەهدی) كە بودجەی ساڵی 2019 پەسەند كرا لەسەرەتای دەست بەكاربوونیدا بوو، بۆیە لەلایەك ئیرادەی هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لەلایەكی ترەوە پێویستی بە پشتگیری هێزە كوردستانییەكان هەبوو تاوەكو حكومەتەكەی بچەسپێنێت و جۆرێك لەئارامی سیاسی و سەقامگیری سیاسی لەعیراق دروست بكات، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق دەرگا سیاسییەكانی وەك جاران بەڕوودا واڵا نییە لەو پرسەدا، چونكە لەلایەك هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی لەو ماوەیەدا نەیانتوانیوە كێشەكان چارەسەر بكەن و لەلایەكی تریشەوە دەنگی ناڕەزایی و ململانێی سیاسی بەرامبەر سەرۆك وەزیران زیادیكردووە، بۆیە رادەستنەكردنی نەوت لەلایەن هەرێم بە بەغدا كارتێكی فشاری دەستی ئەو هێزە سیاسییانە دەبێت، تاوەكو بەرامبەر سەرۆك وەزیران بەكاریبهێنن، لێرەشدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ئاخۆ دۆخەكە بەكوێ دەگات؟؟!
بەخوێندنەوەی واقعی ئەمڕۆی سیاسی و جوڵە سیاسییەكانی ناو عیراق ئەو راستییە دەردەكەوێت كە تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی 2020 هاوشێوەی ساڵی 2019 قورس دەبێت و پێویستی بەكاری سیاسی جددی هەیە تاوەكو دەریچەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە، كە باشترین دەرفەتیش رێكەوتنی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادییە بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان، لانی كەم وەك هەنگاوێك لەسەر پرسی نەوت و دارایی، ئەگەر نا قوڵبوونەوەی كێشەكان لەیاسای بودجەدا لەبەرژەوەندی هیچ كامیان نابێت و لەم نێوەندەشدا سەرۆك وەزیرانی عیراق دووچاری دۆخێكی ئاوەها دەبێتەوە كە ناتوانێت وەك سەرەتای دەست بەكاربوونی مامەڵە بكات، چونكە بەشێكی زۆری یەكلاكردنەوەی دۆسێكە دەكەوێتە دەستی پەرلەمان و ئەو هێزانەی كە كاریگەری و پێگەی بەهێزیان تیایدا هەیە و نابێت ئەوەش لەیاد بكرێت كە سەرۆك وەزیران خاوەنی كوتلەیەكی پەرلەمانی تایبەت بەخۆی نییە و لەڕووی یاساییشەوە پابەند دەبێت بەجێبەجێكردنی ئەو یاسای بودجەیەی كە پەرلەمان پەسەندی دەكات، بەو پێیە ئەركی هەرێمی كوردستانە كە ئەم پرسە گرنگە بەهەند وەربگرێت و هەر لەئێستاوە لەڕووی سیاسی ‌و داراییەوە پلان و بەرنامەی بۆ دابنێت ‌و دەست بەجوڵە سیاسییەكانی بكات، كە بێگومان یەكڕیزی و هەڵوێستی هێز و لایەنە كوردستانییەكان بەردی بناغەی سەركەوتن دەبن و ئەوەی لە رابردووشدا ئەنجامدراوە لەسەردان و گفتوگۆكردن لەنێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی، بۆ دروستكردنەوەی متمانە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان بووە، ئەگەر نا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هیچی لێ شین نەبووە و ئەگەر دۆخەكە چارەسەر نەكرێت، ئەوا لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێك نابێت، لەبەرامبەریشدا سەرۆك وەزیرانی عیراق لەئەگەری رێكنەوتن لەسەر پرسی بودجە و دارایی دەكەوێتە دۆخێك لەنێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی دەبێت لایەك هەڵبژێرێت، كە بێگومان بەغداد هەڵدەبژێرێت، چونكە ناتوانێت لەبڕیارەكانی پەرلەمان دەربچێت و لەهەمان كاتیشدا سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە حكومەتی ئیتیحادی، بۆیە جێگەی خۆیەتی نە هەرێم خۆی بخاتە دۆخێكی هاوشێوەی جاران و نە سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بخرێتە بارێكی لەو شێوەیەوە، بۆیە باشترین دەریچە بۆ هەردوولا، رێكەوتن و چارەسەركردنی كێشەكانە.

‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
نەوزادی موهەندیس
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ