بیروڕا
مام ڕێبەرێک گەورەتر لەمردن
دکتۆر بەرھەم ساڵح


دوو ساڵ لەمەوبەر، مام و مامۆستا و ڕابەرمان، مامجەلال ماڵئاوایی لێکردین. ماڵئاوایی مامجەلال، بەتەنھا بۆ ئێمەمانان کۆستێکی گەورە نەبوو، بەڵکو کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنە، بۆ کوردایەتی و عێراق و ناوچەکە مایەی پەژارەیەک سەرتاسەری بوو.

مامجەلال، وێڕای ئەوەی ڕێبەرێکی پشودرێژی کوردایەتی نوێخوازبو، لەھەمان کاتدا، لە سەر ئاستی عێراق سەرکردەیەکی ئازا و دیموکراتخواز بو، سەرکردەیەک لە مێژویی زێڕینی خۆیدا، وێڕای ئەوەی بەڕەوایەتی زۆرەوە سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانی دەکرد، لەھەمانکاتدا، لەناو شۆڕشی نوێی چیاکانی کوردستاندا، توانی بناغەی ھاوپەیمانی و ھاوخەباتییەکی مێژوویی پتەو لەگەڵ ئازادیخوازانی عێراق و سەرکردە و ھێزە ڕەسەکانی لەدژی زوڵم و دکتاتۆریەت بەرپابکات. کە سەرئەنجام ئەم ڕۆژ و ڕۆژگارانە جیاوازانەی کوردستان و عێراقی ئازادی دوای تاکڕەوی لێکەوتەوە.

ژیانی مامجەلال، ژیانی ڕێبەرێکی ناوازەی زیاتر لە نیو سەدەی پڕ لەسەروەری و دەستکەوت و شانازییە، بۆ کوردستان ئەو ھەر سەرکردە دیارەکەی ئەوسای پارتی و ھەر ڕێبەرە بوێرەکەی شۆڕشی ئەیلول و ھەر دامەزرێنەری یەکێتی و شۆڕشی نوێی کوردستان نیە، بەڵکو ئەندازیاری گۆڕانکاریە گەورە و ڕیشەییەکان بوو، ئەو گۆڕانکاریانەی ئەو بەدوربینیەکی زۆرەوە پێشبینی پێشھاتەکانی تیاکرد و لەسایەیدا دەرفەتە گەورەکان بۆ کوردستان ڕەخسان و ئەزمونی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. ھەروەک چۆن بۆ یەکەمجار لە مێژووی خوێناویی و پڕ جیاوازی نەتەوەیی و ئەتنی عیراقدا، دەرفەتی ئەوە بۆ کورد ڕەخسا دوای ئەنفال و جینۆساید و ھەڵەبجە بە ھەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتی کوردێک، شۆڕشگێڕێک، پێشمەرگەیەک، سیاسیەکی خاکی و خاوێن بکات بەسەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی خۆی.

یادەوەری و ناوی مامجەلال، ناوێکە بۆ ھەردەم تێکەڵە بە زیاتر لە نیو سەدەی خەباتی بێوچان، تێکەڵە بە خەباتی شێلگیرانەی سەردەمە ھەرە سەختەکان، تێکەڵە بە مێژوویی زێڕینی قوربانیدان و بەدیھاتنی دەستکەوتە مەزنەکان. ناوی مامجەلا ناوێکە تێکەڵە بە بوێری، تێکەڵە بە پێداگری و پشودرێژی، تێکەڵە بە حیکمەت و ڕێگەچارە جوان و نایابەکان. ناوێکە مێژوو وەک سیمبوڵێک لەناو بزوتنەوەی کوردایەتی و جوڵانەوەی نیشتیمانی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلاندا، بۆ ھەمیشە لەلاپەڕە پڕشنگدارەکانی خۆیدا بەشانازی وەک تۆرمارێکی زێڕینی نەمر دەیھڵێتەوە.

ئێستاش دوای دوو ساڵ بۆمن كە سەرنج لەکۆچی دوایی مام و مامۆستا و ڕابەرم دەدەمەوە، لەھەرکات زیاتر دەزانم من چ فێرکارێکی گەورەم لەدەستچوو، دەزانم چ پاڵپشت و پشتیوانێکی کەم وێنەم لە پەرۆشی و دەستگرۆیی و دڵسۆزی لەدەستداوە، فێرکارێک، کە ھەموو خەسڵەتە جوانەکان مامۆستایەتی و پەرۆشیەک کەھەموو نۆرمە جوانەکانی دڵسۆزی باوکانەی بەدەر لە دڵڕەقیەکانی ناو سیاسەت تیادا کۆببۆوە. بۆیە پڕ بەدڵ دەڵێم بیرت دەکەم مامە گیان، دڵنیابە درێژە بەڕێگاو ڕێبازەکەت دەدەین، خواستە گەورە بەدینەھاتوەکانت، لەناو یەکێتی و کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا بەدیدەھێنین.
‌‌ زیاتر ...
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
کاروان ئەحمەد عبدالرحمن
شادمان مەلا حەسەن
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ