بیروڕا
بایکۆتی كاڵای توركی و دەرەنجام و لێکەوتەکانی
ئاڵا ئەحمەد
بایکۆتکردن و مامەڵەنەکردن بە هەر شتێک یان بە هەر سیاسەت و لەگەڵ هەر لایەنێک،شێوازێکی جوان و دروستی ناڕەزایی دەربڕین و قبوڵنەکردنە.
دەستەواژەی "بایکۆت" بە واتاکەی شتێکی تازە و نامۆ نییە و مێژوویەکی کۆنی هەیە،لە کۆنەوە بەشێک بووە لە هەڵوێستی لایەنی ناڕازی بەرامبەر بەوەی جێگای قبوڵکردن نەبووە.
دیارترینی مێژووش بۆ ئەمە، کەسایەتی شۆڕشگێڕ و ئاشتیخواز (ماهاتما گاندی) سەرکردەی مەزنی هندستانە، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر سیاسەتەکانی بەڕیتانیا، هەڵسا بە بایکۆتکردنی کاڵای بەڕیتانی و هەرخۆشی لەوە بەدوا جل و بەرگ پێویستیی خۆی دابین ئەکرد، ئەوەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەواوی هند هەبوو بە وەرگرتنی هەمان هەڵوێست لە لایەن کۆمەڵگای هندییەوە، کە گورزێکی کوشندە بەر ئابوری بەڕیتانیا کەوت.
ئێستا و بۆ کوردستان ناڕەزایی لە جۆری بایکۆتکردن بەرامبەر سیاسەت و مامەڵەی زۆرێک لە دەوڵەتان کە کوردستان بازاڕی ساغکەرەوەی کاڵا و بەرهەمەکانیانە، لە نێویشیان تورکیا، پێویستییە.
بەڵام ئایا بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمە تورکییەکان بەو ڕاددەیەش ئاسانە؟!وەک هەڵوێستەکە شتێکی ئاسان و جوانە، بەڵام کایگەری ئەرێنی و نەرێنیشی ئەبێت.ئەرێنییەکەی زیانگەیاندنە بە ئابوری تورکیا بەرامبەر سیاسەتە نادروستەکانی.
دیوی نەرێنی ئەم هەڵوێستەش ئەوەیە، کە لە کاتێکدا بازاڕەکانی کوردستان بە کاڵای تورکی تەنراون، جێگرەوە نییە بۆیان، پێویستییەکان دابین نابن.
لە ڕابردوو بینرا یەکێک لە دەرەنجامەکانی ڕیفراندۆم نەناردنی بەرهەم و داخستنی سنورەکان بوو لەلایەن دەوڵەتانی دەور و بەر، و بینرا بە ماوەیەکی کورت چەند و چۆن نرخ بەرزبۆوە، ئەمەش کاریگەری بایکۆتکردن بەتەواوی ڕوون ئەکاتەوە.
ئێرانیش یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کاڵاکانی لە کوردستان ساغ ئەکرێتەوە، سزاکانی سەر ئێرانیش زیاتر و زیاتر ئەبن، ئەگەرێکی دوور نییە کە عێراق ناچار بکرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران ڕابگرێت و سنورەکانی بە ڕوویدا دابخات.
وە لە ئەگەری ڕوودانی ئەمەشدا کوردستان کە هاوسنوری هەردوو دەوڵەت و عێراق و سوریایەکی بێ بەرهەمە، لە کوێوە هاوردە بکات؟
ئەگەر لەڕووی کاڵاشەوە جێگرەوە هەبێت لە لایەکیتر و لە وڵاتانیتر، بەڵام دواجار سنورەکان ڕێگرن لەو هاوردەیە و ئەگەرێکی کراوەیە نەتوانرێت کە لە ڕێگای سنورەکانی بەستراو بە عێراقیشەوە هاوردە بکرێت.
گرنگتر لە بایکۆتکردن کارکردنە لەسەر کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی کوردستان.پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و سەرمایەداران کار بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بکەن و کەرتی پیشەسازی وەبەرهێنان پێشبخەن و سەرمایەکەیان بۆ ئەو مەبەستە بەکاربێنن، کەرتی نیشتەجێبوون و گەشتیاریی پێویستتر نین لەوە.
بەمەش هەم ئابوریی کوردستان بەهێز ئەبێت،و هەم خەڵکانێکی زۆر هەلی کاریان بۆ ئەڕەخسێنرێت، هەمیش هیچ کام لە دەوڵەتان کارتی فشاری داخستنی سنوریان بەڕووی کوردستاندا بەدەستەوە نامێنێت، کەرتی کشتوکاڵیش کەرتێکی گرنگە و ئاسان ئەکرێت پێشبخرێت.
کاتێک ئەتوانرێت گورزی کوشندەی ئابوری لە دەوڵەتانی سیاسەت قێزەون بدرێت کە ئابوری کوردستان ئابورییەکی بەهێز بێت،بایکۆت هەڵگری زۆر پەیامی سیاسییە و پێویستە بە وریایی هەموو ئەگەرەکان پێشبینی بکرێت.
بۆیە پێویستترین و گرنگترین ئەوەیە کە "کاربکرێت بۆ وەگەڕخستن و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی کوردستان".
‌‌ زیاتر ...
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ