بیروڕا
ژن سیمبولی ئازادی ‌و فیداكاریی
ئەمەل جەلال
تەواوی شۆڕشەكانی مێژوی مرۆڤایەتی بەرهەم‌و دەرئەنجامی دیكتاتۆریەتی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی حوكمڕانانی وڵاتانی سەردەستەو داگیركەرو داپڵۆسێنەربون‌و هەوڵی سڕینەوەو لاوازكردنی كۆمەڵگاكانیان داوە بەهەموو شێوازو جۆرەكانی قڕكردن‌و بێدەنگ كردن‌و گۆڕینی دیمۆگرافیای جیۆپۆلەتیكی‌و سیاسی، لەو نێوەندەشدا خەڵكانی مەدەنی دەبێتە سوتەمەنی ئەو جۆرە نیزام‌و سیستەمی حوكمڕانیانە، بۆیە سەرئەنجام بە سەرهەڵدانی شۆڕشی رزگاری‌و سەربەستی‌و ئازادیی، كۆتایی بەو جۆرە نیزامانە دێت لەسەردەستی مرۆڤە خۆنەویست‌و فیداكارەكان، كە ژنان سیمبولی ئەو شۆڕشانەن، لە زۆرێك لە شۆڕشەكانی وڵاتان ژنان بناغەو كۆڵەكەی ئەو شۆڕشانەن، بەڵام بەهۆی هەل‌ومەرج‌و بارودۆخە كۆمەڵایەتیەكان نەهێڵراوە ژنان لەڕوی سەربازییەوە رۆڵی راستەقینەی خۆیان بگێڕن، بۆیە لەلاپەڕەكانی مێژودا ئەو توانا‌و هێزە شاراوانە نادیدەكراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە ژنان رۆڵیان نەبوبێت لەسەرهەڵدانی شۆڕشەكان‌و رەگەزێك‌و فیگەرێكی گرنگ نەبوبن، بە پێچەوانەوە مەشخەڵی تەواوی شۆڕشەكانی مێژوی مرۆڤایەتی بە قوربانیدان‌و فیداكاریی ژنانی دایك، هاوسەر، خوشك، مامۆستا، هەواڵبەرو برینپێچ‌و كرێكارو زەحمەتكێش، بەڕێوەچوە. ئەگەر كچان‌و ژنان هاوكارنەبونایە هەرگیز هیچ كام لە شۆڕشەكان بەئاكام نەدەگەیشتن. لەهەمانكاتدا ژنان‌و منداڵان بەشێك نین لەهەڵگیرسانی شەڕو ناكۆكییەكان، بەڵام هەمیشە دەبنە سوتەمەنی جەنگ‌و ململانێ‌و ناكۆكیەكان، هەربۆیە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتوەكان لەساڵی 2000 بڕیاری 1325ی دەركرد تایبەت بە(ژن، ئاشتی، ئاسایش) بەپاراستنی ژنان لە‌و ناوچانەی ململانێی چەكداریی‌و ناكۆكی سیاسی تێیدا لە ئاستێكی نالەباردا دەبینرێت، بەڵام بەداخەوە ئەم بڕیارانە وەك ناوەڕۆك كاتێك دەیانخوێنیتەوە، زۆر بە وردی دركی بە هەموو مەترسیەكان كردوە بەرامبەر ژنان‌و منداڵان، بەڵام لە دەرئەنجامدا كردەیەكی واقعی نابینیت لە جێبەجیكردنی ئەو بڕیارانە، بۆیە سەرئەنجام بەهای خۆی لەدەستدەدات.
نزیكترین مێژوو كە گەواهیدەری ئەو ڕاستیە تاڵەن، ئەوەیە كە ژنانی كوردستان بەتایبەت لە رۆژئاوای كوردستان شەڕێكی فیداكارانەیان كرد لە پێناو پاراستنی ئاسایشی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی لەڕوبەڕوبونەوەی هێزو گروپە تیرۆریستەكانی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق‌و شام، كە بە خوێنی خۆیان شانبەشانی براكانیان لە سەنگەری بەرگریی لەئازادی‌و سەربەستی‌و ئاسایشی نێودەوڵەتی بوون‌و سەلماندیان بۆ رای گشتی جیهان، كە ژنانی كوردستان هەمیشە رچەشكێن‌و سەلمێنەری ئەو راستییەن، كە هەركات سیستم‌و ژینگەی سیاسی رەخسێنرا بۆ بەشداریی ژنان لە تەواوی ئۆرگان‌و پێگەكان دەتوانن ئەو وێنە هەڵەیە راستبكەنەوە كە بە درێژایی مێژوو سەپێنراوەو خزێنراوەتە ناو یاسا‌و سیاسەتە پەیڕەوكراوەكان‌و سەرئەنجام وەك عورف‌و عاداتێكی باوی كۆمەڵایەتی لێهاتوەو بوەتە بەشێك لە باوەڕو ئاكاری كۆمەڵگەو سنورەكانی ئازادی ژنانی بەرتەسك كردۆتەوە.
بۆیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شەڕڤانانی ڕۆژئاوای كوردستان سەلمێنەری ئەو راستییەن كە ئەوان سیمبولی ئازادی‌و فیداكارین‌و تەواوی مرۆڤایەتی قەرزداری قوربانی‌و فیداكاریی‌و تێكۆشانی ئەوانن، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا دەبینین هێرشە دوژمنكارانەكەی توركیای فاشیست دوبارە ژیانی نەك تەنها شۆڕشگێڕەكان، بەڵكو ژیانی دەیان‌و سەدان لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە مەترسیدایە‌و روبەڕوی هەموو شێوازەكانی جینۆساید بونەتەوە، كە دەبوو ئێستا بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتوەكان‌و رێكەوتننامە‌و پرۆتۆكۆڵەكان كاریان پێبكرایە، بەڵام بەداخەوە تەنها وەك دیكۆمێنتێك دەبینرێت، بۆیە شەڕڤانانی رۆژئاوای كوردستان پشتئەستور بەباوەڕە نەتەوەیی‌و نیشتمانیەكانیان، تا دواهەناسەیان بەرگریی دەكەن‌و وانەیەكیش بۆ مێژوی مرۆڤایەتی تۆماردەكەن‌و مێژویەكی رەشی بێئەمەكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وەك وانەیەك بۆ ئێمەو نەوەكانی داهاتوو، تۆماردەكەن.
‌‌ زیاتر ...
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ