بیروڕا
سەرۆك مام جەلال و ڕاپەڕینی دەڤەری بادینان
له‌تیف نێروەیی
لەبەر ئەوەی تائێستا هیچ لێكۆڵینەوەیه‌كی زانستی و سەرتاسەری لەسەر ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی 1991 ی باشوری كوردستان نەكراوە ، زیاتر ئەوكەسانەی كە قسە لەسەر ڕاپەڕین دەكەن ئەوانەن كە خۆیان لە سنورێكی دیاریكراو بەشداریان لە ڕاپەڕیندا كردووە یانیش وەك شایه‌تحالێك بەچاوی خۆیان ڕووداوەكانی ڕاپەڕینیان بینیوە . 
میدیای هەندێ لایەنی  سیاسیش هەوڵی ئەوە دەدەن بەپێی بەرژەوەندی حزبی خۆیان ڕووداوەكانی ڕاپەڕین ڕەنگ ڕێژ بكەن . ئەولایەنانەش كەلەوسەردەمەدا  هێشتا دانەمەزرابوون دەیانەوێ  ڕاپەڕین بێ بەرنامەوبێ خاوەن بكەن . بۆیە زۆر پێویسە یەكێتی زیاتر لە هەموو هێزهو لایەنێكی دیكەی سیاسی كوردستان خۆی بكان بەخاوەنی ئەم مژارەو لەڕێی كەسانی مێژونوسەوە هەولی نووسینەوەی مێژوی ڕاپەڕین بدات و توێژینەوەی زانستیش لەسەر ڕاپەڕین بكرێت . چونكە ئەوانەی كارەكتەری سەرەكی داڕشتنی بەرنامەی ڕاپەرین وجێ بەجێكردنی بەرنامەكەی بوون هەندێكیان لەژیاندا نەماون وبەشەكەی دیكەشیان تەمەنیان لە هەڵكشاندایە . سەبارەت بە راپەرینی دەڤەری بادینانیش بەهۆی دوری و هەڵكەوتەی جوگرافیی دەڤەرەكەو هەروەها لە بەر ئەو هۆكارانەی كە لە سەرەوە باسمانكردووە یەكێتی نەك  نەیتوانیوە مێژوی ڕاپەرینی ئەو دەڤەرە  وەك خۆی بنوسێت بەڵكو نەیتوانیوە دوو فاكتەری سەرەكی كە پەیوەستن بە سەركەوتن و تایبەتمەندی راپەڕینی دەڤەرەكە بەڕایگشتی و تەنانەت بە كادیرو ئەندام و جەماوەری خۆی ئاشنا بكات ئەو فاكتەرانەش بریتین لە.
یەكەم : ڕۆڵی سەرۆك مام جەلال لە ڕاپەرینی دەڤەری بادینان دوای  ڕزگاربوونی  ئەو دەڤەرە هەڤال مام جەلال لە ڕێی سنوری سوریاوە وەك یەكەم سەركردەی باڵای بەرەی كوردستانی  گەیشتە دەڤەری بادینان و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی میحوەری (دهوك – نەینەوا ) ی دەكرد  كە یەكێك بووە لە میحوەرە رۆز گرنگ و ستراتیژی ، بۆ ڕژێمی عیراقیش میحوەرێكی زۆر چارەنووسسازبوو لەبەر ئەم  هۆكارانەی خوارەوە:
1-دەڤەری بادینان تاكە دەروازەو ڕێگای سەرەكی و كەناڵی پەیوەندیكردنی زەمینی عیراقی بوو بەرەو توركیاو جیهانی ئەوروپا بەگشتی  .
2-دوای رزگاربوونی دهوك و نزیكبوونەوەی هێزی پێشمەرگەو جەماوەری راپەریوی بادینان لە پارێزگای نەینەواو رزگاركردنی هەندێ قەزاو ناحیەی  سەربەو پارێزگایە وەك دووەم گەورەترین پارێزگای عیراق و وەكو گەورەترین پارێزگای سوننەنشین . بۆیە ڕژێم ڕاپەرینی بادینانی بەمەترسیێكی گەورە دەزانی لەسەر خۆی وبۆ ئەو مەبەستە هێزێكی زۆری رەوانەی ئەو سنورەكراو رۆژانە بەردەوام بوو لەسەر هێرش وپەلامارەكانی خۆی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بە كۆپتەرو تۆپخانەكانیش بوردومانی شاری دهوك و دەوروبەری دەكرد . بەهۆی ناهاوسەنگی چەكی قورس ، هەروەها بەهۆی ئەوەی میحوەری نێوان (دهوك – موسڵ )شوێنێكی دەشت وتەختەو هەڵكەوتەی جوگرافی ئەو سنورە لەبەژەوەندی هێزەكانی عیراقیدابوو . لەگەل بوونی قەڵای گەورەی سەربازی لەو پێدەشتە هێزەكانی رژێم بە پشتیوانی كۆپتەری جەنگی ڕۆژانە بەردەوامبوو لەسەر هێرشەكانی خۆیی بەڵام بەهۆی حزوری مەیدانی  سەرۆك مام جەلال لەو دەڤەرە هێزی پێشمەرگەو جەماوەری ناوچەكە  بەورەیه‌كی بەرزو ئیرادەیێكی بەهێزەوە ڕووبەڕووی هێرشەكانی ڕژێمی بەعس دەبوونەوە . دواجار لێدوانێكی بۆشی باوك وەك سەرۆكی ئەمریكا لە بەرژەوەندی ڕژێمی عیراقیدا شكایەوە كاتێ رایگەیان كە پشتگیری راپەرین ناكەن و ئەوە پرسێكی ناوخۆی عیراقەو ئەمریكا دەست ناخاتە ناو كاروباری ناوخۆیی عیراق لە . هەمان كاتدا سەرۆك مام جەلال بەناوی سەركردایەتی  بەرەی كوردستانییەوە زنجیرەیێك كۆبوونەوەی  جەماوەری لە شاروشاروچەكانی دەڤەری بادینان ئەنجامدا بەتابەتی لە(زاخۆ ، دهوك ، ئامێدی ، شێلادزێ) و لەو كۆبوونەوانانەدا بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی یەكێتی و بەرەیی كوردستانی وبەرزكرنەوەی ورەی جەماوەرو پتەوكردنی گیانی تەبایی و یەكریزی ولێبوردەیی وپاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و ئاشناكردنی جەماوەری كوردستان بە دوا گورانگاریەكان وتاری پێشكەش دەكرد هەروەها لەنزیكەوە گوێ لە داواكاری و بۆچونی هاوڵاتیانی دەڤەرەكە دەگرت .هەرلە بادینان و لەدوای لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی بۆشی باوك كاتێ ڕایگەیاند ئەمریكا پشتگیری لە ڕاپەرینی باشوری كوردستان ناكات و ئەوە پرسێكی ناوخۆی عیراقە سەرۆك مامجەلال لە دهوك لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا  نیگەرانی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستەی ئەمریكا دەربڕی . لە دوای لێدوانەكەی سەرۆكی ئەوسای عیراق ڕژێمی عیراق دەستكراوەتربوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی فراوان وسەرتاسەری بۆسەر شاروشاروچكەكانی هەرێمی كوردستان هەرلە خانەقینەوە تاوەكو زاخۆ بەتایبەتی چڕكردنی هێرشە زەمینیەكان لە میحوەی (فایدە)و بۆردومانكردنی ناو شاری دهوك كە دەیان زانی سەرۆك مام جەلال لەناو شاری دهوك دایە . 
بەم هەڵسەنگاندن و بەدواداچونەدا  ڕۆڵی مەیدانی و مێژویی سەروك مام جەلال لە ڕاپەرینی دەڤەری بادینان دەردەكەوێت كە وەك تاكەسەركردەی باڵای بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان  و بەرەی كوردستانی بەشداری لە ڕاپەڕینی دەڤەری بادینان و سەرپەرشتی میحوەری (دهوك – نەینەوا )ی دەكرد . وەكو تاكە سەركردەش لە چوار شارو شاروچكەی ئەودەڤەرە كوبوونەوەی جەماوەری ئەنجامداوە لەگەڵ سازدانی زنجیرەیه‌ك دیداری دیكەی تایبەتی لە گەل نوێنەرانی لایەنە سیاسیەكان و كەسایەتیە كومەڵایەتیەكانی دەڤەرەكە  و هەندێ جاریش بەهۆی بوردومانی هێزەكانی ڕژێمی بەعسەوە بوسەر شاری دهوك ژیانی خۆی خستووەتە مەترسیەوە . ئەم بەشداریە كاریگەرەی سەرۆك مام جەلال لە ڕاپەرینی دەڤەری بادینان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە كە سەرۆك مامج ەلال كرنگیەكی تایبەتی بەدەڤەری بادینان دەدا . بۆیە كاتێ قسە لەسەر ڕاپەرینی دەڤەری بادینان دەكرێت ئەگەر باس لە ڕۆڵی سەرۆك مام جەلال نەكرێت ئەوا  بێگومان ئەم پرسیارانە بێ وەڵام دەمێننەوە . ڕاپەرینی بادینان بەسەرپەرشتی كام سەركردەی بەرەی كوردستانی  بەرێوە چو؟ . لە دوای ڕاپه‌رین كام سەركردەی كورد كۆبوونەوەی جەماوەری لەشارو شاروچەكانی دەڤەری بادینان ئەنجامدا ؟ . كام سەركردە بەناوی بەرەی كوردستانیەوە لە بادینان  پەیامی لێبوردەیی و ئاشتی و تەبایی و یەكڕیزی گەلی كوردستانی گەیاندە جەماوەری دەڤەری بادینان ؟. هەروەها كام سەركردەی كوردستان لەبادینان لێدوانی ڕۆژنامەوانی دەدا لەسەر دوا گۆڕانكاریەكانی ڕاپەڕین ؟.
بەداخەوە ئێمە وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان تائێستا نەمان توانییوە نەك جەماوەری كوردستان بەڵكو كادیرو ئەندامانی خۆشمان بەم حەقیقەتە مێژوویی و پرشانازیە ئاشنابكەین .كە سەرۆك مامجەلال و یەكێتی ڕۆڵی  سەرەكیان هەبووە لە ڕاپەڕینی دەڤەری بادینان .
دووەم : پارتیزان و شانە چەكدارەكانی یەكێتی و ئەو سەرۆك هۆزانەی كە پەیوەندیان بە یەكێتی یەوە كردبوو. ڕۆڵێكی سەرەكیان هەبوو لە سەرخستنی دەڤەری بادینان . ڕاپەڕینی بادینان لە سێ میحوەرو قوڵەوە دەستی پێكرد بەم شێوەیەی خوارەوە .
1-میحوەری ئاكرێ : وەك دەروازەی ڕاپەڕینی دەڤەری بادینان  ڕاپەڕین بە سەرپەرشتی سەركردەی نەمری گەلەكەمان (لیوا خەلیل دۆسكی )و بە هاوكاری و هەماهەنگی شەهیدی فەرماندە (عەشقی سورچی )و هەڤاڵەكانی لە ئاكرێ دەستی پێكرد و دواتر بەرەو  دەوروبەری ئاكرێ و پاشانیش  شێخان و دەوروبەری تەشەنەی كرد. لەسنوری شێخان شەهیدی فەرماندە (عەلی كۆخی) ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە ڕاپەڕینەكەدا ولە شێخانەوە بەرەو ئەتروش و دهۆك پێشڕەویان كرد .
2-میحوەری ئامێدی : لەم میحوەرە پارتیزانەكانی یەكێتی لە ناوچە شاخاوییەكانی دەڤەری نێروەو ڕێكان و لە ڕێی گەلێ باڵنداوە بەرەو شێلادزێ و دێرالوك و ئامێدی بە سەرپەرشتی شەهیدی فەرماندەو پارتیزان (حسن سلیم نێروەیی)و بە هاوكاری شەهید عەلی شەعبان ئامێدی سەرۆك  هۆزی دیاری دەڤەری ئامێدی دەستی پێكرد و بەرەو دهوك پێشڕەویان كرد .
3-میحوەری زاخۆ : لەم میحوەرە ڕاپەڕین بەسەرپەرشتی شەهیدی فەرماندە (سادق عمر سندی ) و هەڤاڵەكانی لە دەركارەوە بەرەو زاخۆ دەستیپێكرد و دواتر بەرەو دەشتی سلێڤانی و سێمێل پێشڕەویان كرد .
4-لە ناودهوكیش بەپێی ئەو بەرنامەیەی كەلەلایەن ڕێكخستنەكانی  نهێنی و شانەی چەكدارو بەهاوكاری و بەشداری ئەو سەرۆك هۆزانەی كە نامەی یەكێتییان پێ گەیشبوون و بڕیاریاندابوو بەشداری لەڕاپەریندا بكەن بەسەركەوتوی دەستی پێكرد .
بەم شێوەیە ڕاپەرینی بادینان سەركەوتنی بەدەست هێناو سەرتاسەریبوونی ڕاپەرینی سەلماند و بۆ بەپاڵپشتێكی بەهێزی مەیدانی و مەعنەوی بۆ دەستپێكردن و سەركەوتنی ڕاپەڕینی شاری كەركوك .
هەروەها لە ئەنجامی  ڕزگاربوونی هاوڵاتیان وسەركەوتنی ڕاپەرینی دەڤەری بادینان كۆتای بە بەرنامەو بڕیارو ستەم وسیاسەتی ڕژێمی بەعس هێنا كە ڕژێم هەموو هەوڵەكانی خۆی خسبووە گەر بەمەرامی بەتەواوەتی دابڕاندنی دەڤەری  بادینان لە ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان . ڕاپەرینی بادینان  بۆ بەسەرچاوەی كۆتای هێنان و هەڵوەشاندنەوەی ئەوبڕیارو سیاسەتانەی ڕژێم كە بە زۆر بەسەر دەڤەری بادیناندا سەپێرابوون و هەندێ گۆڕانكاری ئەرێنی بەدوای خۆیداهێنا وەكو   :-
1-هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەزۆر سەپاندنی پرۆسەی خوێندن بە زمانی عەرەبی لە قوتابخانەسەرەتاییەكان  تا دەگاتە پەیمانگاكانی ئەو پارێزگایە .
2-كۆتایهێنان بە ساسەت و پڕۆسەی تەعریبكردنی دەڤەری بادینان لە سنوری ئاكرێ و شێخان وسێمێل و دەشتی سلێڤانی تادەگاتە ئیبراهیم خەلیل لە سنوری زاخۆ .
3-هەڵوەشاندنەوەی  بڕیاری بە زۆر سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەی عەرەب بەسەر كوردانی ئێزدی دا.
4-بەهەمان شێوە  هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەزۆر سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەی عەرەب بەسەر مەسیحیەكانی پارێزگای دهوك .
5-كۆتای هێنان بە داگیركاری خۆدی سەدام حسێن و كەسە نزیكەكانی كە دەستیان بەسەر زەوی وزاری هاوڵاتیاندا گرتبوو لە (سەرسنك ، زنجیرە شاخی گارە ، ئاشاوا ، ئێنیشكێ ، سوارەتۆكا )و چەند شوێنیكی دیكە كە دەیان كۆشك و تەلاریان لە سەر زەوی وزاری هاوڵاتیان دروستكردبوون .
6-كۆتایی هێنان بە سیاسەت و بەرنامەی  گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای دهوك .
7-پۆچەڵكردنەوەی سیاسەتی دابڕانی پارێزگای دهوك لە  شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان . 
بەرزوپیرۆزبێت یادی ڕاپەڕینی بادینان
‌‌ زیاتر ...
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
بێستون سابوراوایی
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
ئاڵا ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ