بیروڕا
نوێبوونه‌وه‌ ...
حاكم قادرحه‌مه‌جان
له‌پاش به‌پایان هاتنى چواره‌مین كۆنگره‌ى یه‌كێتیه‌كه‌مان ، یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ، ئه‌ندامانى كۆنگره‌ كه‌ ده‌سته‌بژێرى هه‌موو یه‌كێتییه‌كان بوون له‌ ته‌واوى شارو ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ره‌وه‌ ، كه‌سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌و ئۆرگانه‌كانى له‌خۆگرتبوو ، بۆ خه‌باتى نه‌پساوه‌و ئاسوده‌بوونى ڕۆحى كۆچكردوو مامى گه‌وره‌ى گه‌لى كورد به‌گشتى (مام جه‌لال) وتێكڕاى شه‌هیدانى گه‌لى كوردستان به‌گشتى وشۆڕشى نوێى گه‌له‌كه‌مان وپاسه‌وانانى سنوره‌كانى نیشتمان و ئاسوده‌بوونى كه‌سوكاره‌ سه‌ربڵندو ڕووسوره‌كانیان وپێشمه‌رگه‌كانى دوێنێى كۆڕى خه‌بات بۆ گه‌یشتن به‌ڕزگارى وئازادى گه‌له‌كه‌مان وئه‌مڕۆى پارێزه‌رانى ده‌ستكه‌وته‌كانى ڕاپه‌ڕین وزیندانیانى سیاسی وكه‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر، هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌ ئازاو قاره‌مانانه‌ى كه‌له‌ سه‌نگه‌رى شه‌ره‌ف وله‌به‌رده‌م په‌تى سێداره‌دا به‌ووتنه‌وه‌ى دروشمى كه‌م ژین وكه‌ڵ ژیان دوژمنانى گه‌له‌كه‌مانیان سه‌رسام ده‌كرد ، بۆ هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ى كه‌له‌سه‌ر ڕێبازى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان درێژه‌یان به‌خه‌باتداو له‌و پێناوه‌شدا بێباكانه‌ خوێنیان به‌خشى ،  سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانیان كرده‌ دیارى ده‌ستیان ، سه‌رله‌به‌یانى ڕۆژى 21/1/2019 له‌ژێردروشمى (نوێبوونه‌وه‌) ، یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان چواره‌مین كۆنگره‌ى خۆى ده‌ستپێكرو ماوه‌ى پێنج ڕۆژى خایاند .
له‌كۆنگره‌كه‌دا ( 1090) ئه‌ندام كه‌ له‌ %20  توێژى ژنانى پێك ده‌ئه‌هێنا به‌شداریان كردو به‌چاودێرى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌رپه‌رشتیكردنى كۆنگره‌ وژماره‌یه‌ك دادوه‌رى به‌ڕێزله‌سه‌رۆكایه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى سلێمانى و به‌ئاماده‌بوونى كۆمسێۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌چوو .
دیاره‌ چواره‌مین كۆنگره‌ى یه‌كێتى یه‌كه‌مان له‌دواى پتر له‌(9) ساڵ وله‌پاش كه‌ڵه‌كه‌بوونى زۆرێك گله‌یى وگازنده‌ وڕه‌خنه‌ى هه‌ڤاڵانه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنى دڵسۆزییانه‌وه‌ وچه‌ندین ئاسته‌نگ وكێشه‌ى هه‌ڵواسراو ، به‌تایبه‌ت له‌غیابى مامى گه‌وره‌مان زۆر به‌سه‌ركه‌وتوویى بێ هیچ گرفتێكى سیاسى وته‌كنیكى كۆتایى هات .
له‌ماوه‌ى ئه‌و پێنج ڕۆژه‌ پڕ جۆش وخرۆش وپێشبڕكێى دیموكراسیانه‌و هه‌ڤاڵانه‌ى كاندیدو پاڵێوراوو ئه‌ندامانى ده‌نگده‌ر ، خۆشبه‌ختانه‌ له‌كه‌شێكى ئارام و به‌هه‌ستكردن به‌لێپرسراوێتى مێژوویى بۆ سه‌رله‌نوێ نوێبوونه‌وه‌ به‌ڕۆحییه‌تى پاراستنى ڕیزه‌كانى یه‌كێتى وبۆ ته‌بایى ودووپاتكردنه‌وه‌ى وه‌فادارى بۆ ڕێبازى یه‌كێتى وخوێنى شه‌هیدان وبه‌ئه‌مه‌كى بۆ پێشمه‌رگه‌و كه‌م ئه‌ندامانى سه‌نگه‌رو تێكۆشه‌ران وفیداكارانى پارتیزانان وڕێكخستنه‌ خۆڕاگره‌كان وكه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان وته‌واوى چین وتوێژه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى ودۆست ولایه‌نگران وجه‌ماوه‌رى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ، به‌پاراستنى یه‌كێتى ناو یه‌كێتى وه‌ك ئه‌ركێكى نیشتمانى وفیكرى وسیاسى پێویست كه‌له‌گه‌ڵ گه‌شه‌پێدانیشیدا له‌ڕووى چۆنایه‌تى یه‌وه‌ مه‌رجێكى گرنگ بێت ، یه‌كێتى یه‌كه‌یان بۆ به‌رى ئارام په‌ڕانده‌وه‌ .
بۆ پرسى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى هه‌یكه‌لى سه‌ركردایه‌تى وبه‌ڕێوه‌بردنێكى نوێ بۆ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كه‌له‌گه‌ڵ پێشهات وگۆڕانكارییه‌كانى سیاسى دنیاو سه‌رده‌مى ئێستاى جیهانگیرى وخه‌باتى سیاسى وشارستانى وجه‌ماوه‌رى وپه‌رله‌مانى ودبلۆماسی دا بگونجێت ، ئازادانه‌و به‌شێوه‌یه‌كى دیموكراسى ده‌نگده‌ران ، له‌پاش جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ، تاله‌داهاتوودا به‌گرتنه‌به‌رى سیاسه‌تى نوێى دیموكراسى له‌سیستمى نوێى جیهان ونێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى وناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تى ، به‌خوێندنه‌وه‌ى نوێ بۆ فه‌راهه‌مكردنى هاوسه‌نگى هێزو گۆڕانكارییه‌كان ، توانیان هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى گشتى هه‌ڵبژێرن و پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان په‌سه‌ندبكه‌ن به‌مه‌رجى سپاردنى به‌ده‌سته‌یه‌كى شاره‌زا له‌ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى گشتى به‌مه‌به‌ستى پیاچوونه‌وه‌ له‌داهاتوویه‌كى نزیكدا .
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ , بۆسه‌ركه‌وتنى یه‌كێتى و بۆ هه‌نگاوى یه‌كه‌مى كۆنگره‌ ڕووه‌و نوێبوونه‌وه‌ ، به‌ره‌و هه‌رێَمێكى ئارام ودیموكرات كه‌تیایدا یاسا سه‌روه‌رو مافه‌كانى مرۆڤ پارێزراو پڕله‌هیوابێت ، باروگوزه‌رانى خه‌ڵك به‌ره‌و ئاستى به‌رز هه‌ڵكشێ . جه‌خت له‌یه‌كڕیزى گه‌له‌كه‌مان وبه‌هێزكردنى ناوماڵى گه‌وره‌ى گه‌لى كوردستان و پاراستنى خاكى هه‌رێم و ستراتیژى ئه‌م قۆناغه‌ ونه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌ ، به‌ سه‌رله‌نوێ گه‌شه‌پێدان وداڕشتنه‌وه‌ى هێڵكارى نوێى كارنامه‌ى سیاسیمان ، میكانیزمێكى گونجاوترو تۆكمه‌تر بۆ بره‌ودان به‌په‌یوه‌ندییه‌ دبلۆماسى یه‌كانى ده‌ره‌وه‌و كوردستانى یه‌كان به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى سه‌رگۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێمى كوردستان وعێراق به‌گشتى ، له‌پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى گه‌له‌كه‌مان و پارێزگاریكردن له‌ده‌ستكه‌وته‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان كه‌ده‌بێته‌ نه‌خشه‌ ڕێگاى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ،  سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ ڕاده‌گه‌ێنین.
به‌ناوى ئه‌ندامانى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌رپه‌رشتیكردنى چواره‌مین كۆنگره‌ى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانه‌وه‌ وێڕاى پیرۆزبایمان له‌تێكڕاى گه‌له‌كه‌مان به‌هه‌موو ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌و به‌تایبه‌ت كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌و ڕێكخستنه‌ دێرین و تیكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كان ، كادرو خه‌باتگێڕانى ماندونه‌ناس وسه‌رجه‌م دۆست ولایه‌نگرانى (ى.ن.ك) ده‌كه‌ین ، داواكارین به‌ زووترین كات كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى گشتى ئه‌نجام بدرێت  .
سڵاو له‌گیانى پاكى مامى گه‌وره‌مان ( مام جه‌لال) وسه‌رجه‌م شه‌هیدانى گه‌له‌كه‌مان
شادوسه‌ربه‌رزو سه‌ركه‌وتووبن ...
 
                                                            حاكم قادرحه‌مه‌جان
                                             سه‌رۆكى كۆمسیۆنى باڵاى كۆنگره‌ى چواره‌مى 
                                                      یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان 

‌‌ زیاتر ...
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
ئاڵا ئەحمەد
حاكم قادرحه‌مه‌جان
شاڵاو ئەحمەد
ئاڵا ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ