بیروڕا
خێرەومەندە داراییەکان
بێستون سابوراوایی
خیرەومەندی دارایی بەو کەس و لایەنانە دەوترێت کە هاوکاریی دارایی یان لە شێوەی کاڵاو خزمەتگوزاریدا پێشکەش بە کەسان و گروپەکان و هەندێک جاریش گەلان دەکەن لەکاتی پێشهاتە سروشتییەکان یان لێقەومانەکانی دەستی مرۆڤ لە جۆری کارەساتەکانی جەنگ، یان ئەو جۆرانەی لە ئەنجامی هەندێک چالاکیی مرۆڤدا دەقەومێت لەبواری داهێنان یان هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیماکانی ژیان و جوگرافیا و پەیداکردنی کەرەستەی خاوو… هتد، کە لە هەندێک حاڵەتدا کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ کەسان و گروپە مرۆییەکان، نمونەیەکی نەزۆر دوور وەکو کارەساتی بڵاوبوونەوەی تیشکە ئەتۆمییەکان لە وێستگەی چێرنۆبڵ- ی سۆڤێتی لە باکووری ئۆکرانیا کە ئەوێ دەمێ یەکێک بوو لە کۆمارەکانی سنووری یەکێتیی سۆڤێتی جاران و لە نیسانی  1986 دا گەورەترین کارەساتی ئەتۆمی  لێکەوتەوە  لەدوای تەقینەوە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە هەردو شاری هیرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن لە ساڵی  1945 دا.
ئێستاش لە ماوەی سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەری ساڵی 2019 لە شارۆچکەی (ووهان Wuhan)-ی چین، تائێستا هەزاران کەس لە سەرتاسەری جیهاندا تووشبوون و چەند هەزار کەسێکیشی لەناوبردووە، لەو نێوەندەشدا میللەتەکەمان زیانی بەرکەوتووە و بەپێی ئامارە رەسمییەکان لە هەرێمی کوردستان تائێستا چەند حاڵەتێکی تووشبوون و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە و مەترسیی تووشبوونی زیاتریش لەئارادایە و ناکرێت بەهەند وەرنەگیرێت، یان خەمساردیی لێ بکرێت، بەڵام هەمووان دەزانن تواناکانی حکومەتی هەرێم لەڕووی تەندروستییەوە ناگاتە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، بەڵکو ئەوەی دەکرێت لێرە بایەخی پێ بدرێت ئەوەیە کە چۆن کار لەسەر ئەوە بکەین لەدەست ڤایرۆسەکە ئازایانە خۆمان بشارینەوە و لە ئەگەری ئەوەشدا کە حاڵەتی تووشبوون روویدا، چۆن چارەسەری بکەین؟ ... 
لێرەدا جگە لە هەوڵ و تواناکانی حکومەت، هەوڵ و توانای تریش هەن کە دەبێت بدۆزرێنەوە و هان بدرێن، ئەوانیش خێرەومەندە داراییەکانن.
لە سنووری ئەو ناوچانەی کە بە زۆنی سەوز ناسراون لە هەرێمی کوردستاندا، سەرهەڵدانی نەریتێکی مرۆڤدۆستانە و نەتەوە پەروەرانەی نوێ لە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەدا خەریکە پەرە دەستێنێت و هەموو سنوورەکە دادەگرێت، ئەویش نەریتی (هاوکاریی و بەخشین) ە.
نەریتی هاوکاریی لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بە سەدان کوڕ و کچ یان هەر بە گشتی پیرو گەنج ئامادەن خۆبەخشانە کاربکەن لە پێناوی رزگارکردنی زۆرترین کەس لەدەستی پەتاو ڤایرۆسەکە.
لەلایەکی دیکەشەوە نەریتی بەخشین پەرەی سەندووە و هەندێک لە پارەدارەکان ئامادەن بە بەخشینی بەشێک لە داراییەکانیان یان دابینکردنی کەلوپەل لە جەنگی دژی کۆرۆنادا مەردانە بەشداریی بکەن و بۆ بنیاتنانی چەندین نەخۆشخانەش لە ریزی پێشەوە بن..
ئامادەبوونی خێرەومەندە داراییەکان بۆ بەخشین، پێویستی بە رێکخستنەوەی هاوکارییە داراییەکانە، بۆ ئەوەی بەخشینە داراییەکانیش دیارو بەسەروبەربن، واپێویستە بەشێوەیەکی یاسایی تۆماربکرێن و مافی کەسە بەخشەرەکان لەو نێوەندەدا پارێزراوبێت و لە هەلومەرجێکی گونجاویشدا ناوەکانیان رابگەیەندرێت ئەگەر داواکرا.
لەم هەلومەرجەی ئێستادا بەخشینەکان تایبەتن بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەتایبەتیش بنیاتنانی نەخۆشخانەی تایبەت بۆ چارەسەری ئەو پەتایە، هەر ئەو ناوەندە تەندروستییانەش لە ئایندەدا بۆ خۆیان دەبنەوە بە ناوەندی چارەسەری نەخۆشی بەشێوازێکی گشتی و بە هەموویان ژمارەیەکی بەرچاو لە کارمەندی نوێی تەندروستی پسپۆری نەخۆشییەکان و چارەسەری نەخۆش ، دەگرنە خۆیان و ، هەلی کاریش بۆ سەدان بێکار دەڕەخسێنن.بۆیە هەر جۆرە کۆسپ دروستکردنێک لە هەرلایەک و لایەنێکەوە بێت، دەچێتە خانەی لێپرسراوەتیی نانیشتمانی و کەمتەرخەمی بەرامبەر بە مەترسییەک کە هەڕەشە لە ساخلەمیی کۆمەڵایەتی دەکات لەسەر ئاستی نەتەوایەتی.
هەوڵدان لەم کاتەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی هاوکاریی و بەخشینەکان بە شێوازی مەرکەزی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەوڵدانێکە بۆ خاوکردنەوەی حەماسی خێرەومەندانی پارەدار لە بنیاتنانی نەخۆشخانەی نوێ و هاوکاریکردن بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت ئەوە بزانرێت کە هیچ یاساو رێسایەک چ لەعیراق و چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە جیهانیشدا ناتوانێت رێگە لەکاری خێرەومەندانە یان بنیاتنان یاخود خەرجکردنی پارە بگرێت لە پڕۆژەی شەفاف و تایبەت بەبەرژەوەندیی گشتیدا..!!.
کردنەوەی حسابی بانکی بۆ مەبەستی دیارو روونی ڕەوا لە هەر بانکێک  لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا و بەتایبەتییش بەمەبەستی خێرخوازی (بەمەرجی  ناساندنی سەرچاوەکانی ئەو پارانەی کە دێنە بانکەکەوە) ، مافی هەموو هاووڵاتییەک یان هەموو 
ڕێکخراوێکی خاوەن مۆڵەتی ڕەسمیە.
‌‌ زیاتر ...
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
بێستون سابوراوایی
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
ئاڵا ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ