بیروڕا
کۆتایی مێژوو یا کۆتایی کۆمەڵگە پیشەسازییەکان!
کاروان عەلی شامار

لەدوای روخانی دیواری بەرلین و بلۆکی سۆسیالیستی و ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت، بەدیاریکراوی لە ساڵی ١٩٨٩، تیۆرێکی تازە رەواجی پەیداکرد کە خاوەندارێتیەکەی دەگەرێتەوە بۆ بیریاری ئەمریکی بەرەچەڵەک یابانی (فرانسیس فۆکۆیاما). ئەو بیرمەندە لەو سەردەمەو بەئێستاشەوە پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە (مێژوو کۆتایی ھاتووە)، ئەمیش لەدوای سەرکەوتنی بلۆکی سەرمایەداری و لیبراڵیەت!

وەلێ لە ئێستادا تیۆرێکی تر زیاتر خۆی مانفێست دەکاو خاوەندارێتیەکەی دەگەرێتەوە بۆ سۆسیۆلۆجیستی فەرەنسی (ئالان تۆرین) کە باس لە (کۆتایی کۆمەڵگەکان) دەکات، ئەرگومێنتی ئەم بیرمەندەش دروست بونی ئەو قەیرانە ئابوریی و داراییە نێودەوڵەتیەیە کە خاڵی دەستپێکی لە پایزی (٢٠٠٨)ەوە لە ئەمریکا دەستی پێکردو بەرەو کۆنترۆڵی تەواوی دنیا ھەنگاو دەنێ.

تۆرین تا ئێستا لەژیاندایە، لە تیۆری (کۆتایی کۆمەڵگەکان)دا، باس لەوە دەکات کە ئەم قەیرانە داراییە ھەنوکەییە قەیرانێکە، کە جیھان لە دوای ساڵی (١٩٢٩)ەوە شتی وای بەخۆوە نەبینیوە. شایەنی باسە تیۆرەکەی تۆرین، تەنھا لەسەر کۆمەڵێک بیروبۆچونی تیۆری و کۆمەلایەتی و سۆسیۆلۆجی دانەمەزراوە وەلێ پشت بەکۆمەڵێک ئاکت و روداو دەبەستێت کە جیھان لە ئێستادا بەخۆیەوە دەیبینێت!

تۆرین بۆ سەپۆرت و پشتیوانی تیۆرەکەی کۆمەڵێک ئەرگومێنت دێنێتەوە لەوانە ئەو خۆپیشاندانەی کە چەن ساڵێک پێش ئێستا دژی فلادمیر پۆتین ئەنجامدران، ھەروەھا مایەپوچبونی ئابوری یۆنان و چەن وڵاتێکی تری ئەوروپی و روداوەکانی بەھاری عەرەبی و ھەروەھا ئەگەر ئێستاشی لەگەڵ بێ روداوی برێگزیدو دەرچونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپاو ھەروەھا داکشانی نرخی نەوت تادەگات بە تونبونەوەی ململانێی نێوان جەمسەرەکان و چەندین روداوی دیکەش!

تۆرین پێی وایە سەرمایەداری دارایی لەگەڵ ئابوری راستەقینەدا بەتەواوی لەیەک دابڕاون، ھەر ئەم فاکتەرەش بوە ھۆی دروست بوونی قەیرانی دارایی جیھان. ئەمەش وایکرد ھێرشێکی درندانەی بۆرسەو بازارەکانی جیھان بکرێتە سەر سیاسەتی کۆمەلایەتی و ئابوری کۆمەڵگەکان. تۆرین پێی وایە لاوازی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان سەرەتاو خاڵی دەستپێکی کۆتایی کۆمەڵگەکانە ھەر ئەوەش رێگا لەبەردەم قۆناغێکی مێژووی تازەدا دەکاتەوە. چونکە ئەو کۆمەڵگایانە پەیوەستن بەو مەسەلەتەوە ناتوانن کۆنترۆڵی رەوتی ئاسایی خۆیان بکەن یاخود خۆبەخۆ گۆرانکاری ئەنجام بدەن. ئەڵبەتە مەبەستی تۆرین لەو (کۆتاییە) تەواوی کۆمەڵگەکان ناگرێتەوە بەڵکو بەدیاریکراوی مەبەستی کۆمەڵگە پیشەسازییەکانە.

خولاصە، دواجار ئالان تۆرین تیۆرەکەی (کۆتایی کۆمەڵگە پیشەسازییەکان)، دەبەستێتەوە بە لەکۆنترۆڵدەرچونی بازارەکانی دراو و شکستھێنانی لەوەی بتوانرێت جارێکی دی میکانیزمی کارکردن رێکبخرێتەوەو لەژێر چاودێریدابێت! لەکۆتایشدا تۆرین دەپرسێت دەشێت جارێکی تر ئابوری دراو و دارایی کۆنترۆلبکرێت و بخرێتە خزمەتی کاری کۆمەلایەتی؟
ئەو وەڵامەی کە دەسگیر دەبێت لەپای ئەو پرسیارەی سەرەوە ئەوەیە کە پێشبینی جۆرێک لە (کۆتایی کۆمەڵگەکان) دەکات لە فۆرمە پیشەسازییە تەقلیدییەکەیدا.
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ