بیروڕا
پارتی و کەلتوری تەخوینکردنی ئەوانیتر
مقداد کانی توویی

ھەڵبەت لەم چەند پەرەگرافەدا مەبەستم نییە باسی مێژووی پارتی یاخود  باسی خیانەت و ناپاکی پارتی بکەم ، چونکە خیانەت بەشی زۆری پانتایی مێژووی ئەو حیزبەی داگیرکردووەو ئەگەر بەوردی باسی بکەین بەدەیان وتاری دورو درێژو چەندان کتێب باس ناکرێت، بەڵکو مەبەستمە باسی دیاردەی تەخوینکردنی ئەوانیتر بکەم لەلایەن پارتییەوە کە لەلای ئەو حیزبە بەدرێژایی مێژووی خۆی کردوویەتی بە کەلتورو تایبەتمەندی خۆی .

پارتی و خودی بنەماڵەی بارزانی ھەر لەسەرەتای دروست بوونی ئەو حیزبەوە ھەرچییەک پێویست بووبێت بۆ زامنکردنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان چ ماددی و چ سیاسی و حیزبی  سڵیان لەھیچ نەکردۆتەوەو ھێڵی سوریان بۆ ھیچ ناپاکییەک نەبووە ،  ھەر لە شەڕ فرۆشتن بەھێزە نیشتمانییە شۆڕشگێڕەکانی ھەرچوار پارچەی کوردستان ، تا کوشتن و بێسەرو شوێنکردنی تێکۆشەران و ڕۆشنبیران و سیاسی و قەڵەم بەدەستانی کورد یان دەستگیر کردن و ڕادەستکردنەوەیان بە ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان .

پارتی ھەمیشە ئەوانەی شەڕی پێفرۆشتن و شەھیدی کردوون و لەناوی بردوون تۆمەتی خیانەتی نیشتمانی داوەتە پاڵیان بۆ شەرعیەتدان بەو کارانەی کەکردوویەتی ، ئەمە لەکاتێکدا کە لەو ڕووداوو کارەساتانەدا ئەوەی لەسەنگەری خیانەت و ناپاکیدا بووە پارتی و خودی بنەماڵەی بارزانی بوون نەک ئەوانیتر ، 
پارتی نەک ھەرئەوەندە ، بەڵکو ھەر کەس و لایەنێک بەپێی سیاسەت و بەرژەوەندی و بیرو بۆچوونی ئەوان ھەڵسوکەوتی کردبێت و ھەڵوێستی پیشاندابێت و ئاوی کردبێتە ئاشی بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەی بارزانییەوە ئەوە لای ئەوان نیشتمان پەروەرو نەتەوەیی بووەو بەپێچەوانەشەوە خیانەتکارو جاش بووە .

بۆ ڕاستی ئەم قسانەشمان  دەکرێت چەند نمونەیەک وەک مشتێک لەخەروارێک بھێنینەوە :
یەکەم : تەخوینکردنی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لەساڵانی شەستەکان ، تەنھا لەبەر ئەوەی خاوەن تێزێکی سیاسی جیاوازو تێڕوانینێکی جیاواز بوون بۆ خەبات و کاری حیزبی و ڕێکخراوەیی لەناو پارتیدا کە ئەمەش لەگەڵ ویست و بەرژەوەندی و بیروبۆچوونی سەرۆکی ئەوکاتی پارتیدا نەدەھاتنەوە .

دووەم : دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر بارزانی لەساڵی ١٩٧٥ لەسەر داوای شای ئێران بڕیاری کۆتایی ھاتن وئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلولی دەرکردو ئەوانەی لەگەڵ بڕیاری ئاشبەتاڵ نەبوون لەلایەن بارزانییەوە بە خیانەتکار تۆمەتبارکران و ھەندێکیان لەناو بران .

سێیەم : لەساڵی ١٩٧٨ لەچوارچێوەی پیلانێکی ئیقلیمیدا کارەساتی ھەکارییان بەسەر یەکێتی و شۆڕشی نوێدا ھێنا بەبەشداری ئێران و عێراق وتورکیا ، زۆربەی سەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگەکانی یەکێتییان شەھید کردو دواتر شەھیدان علی عسکری و دکتۆر خالیدو شێخ حسێن بابەشێخی ئێزیدییان بەدیلی  بەتۆمەتی خیانەتی نیشتمانی ( بەچەکی مەزن )شەھید کرد.

چوارەم : لەساڵی ١٩٧٩ چوونە پاڵ سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی گەلی کورد لەڕۆژھەڵاتی کوردستان و لێدان لەحیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وھاوکاری ئێرانیان کرد بۆ شکست پێھێنانی ڕاپەڕینەکە، دواتر حیزبی دیموکراتیان بەجاشێتی بۆڕژێمی عێراق تۆمەتبار کرد.

پێنجەم :لەسەرەتای دامەزراندنی پەکەکەو دەستپێکی شۆڕشی چەکدارییانەوە تا ئەمڕۆ پارتی وێڕای چاوساغی و سیخوڕی بۆدەوڵەتی تورکیا لەسەر پەکەکە و گرتن و شەھیدکردن و ڕادەستکردنەوەی گەریلاو کادرو فەرماندەکانی پەکەکە بەتورکیا،  بەردەوام شەڕی پێفرۆشتوون وپەلکێشی سوپای تورکیای کردووە بۆسەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە کەچی  ھەمیشە پەکەکەی بەنۆکەری بێگانەو داردەستی سوریاو ئێران لەقەڵەمداوە.

شەشەم : لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ سوپای عێراق و گاردی کۆماری صدام و تانک وتۆپی بەعسیان ھێنایە سەر یەکێتی و ھەولێرو بینای پەرلەمانیان  کرد بەگەراجی دەبابەی دوژمن ، کەچی بێشەرمانە بەیەکێتییان  دەوت جاش .

حەوتەم :لەساڵی ١٩٩٧ سوپای تورکیایان  بەقووڵایی سەدان کیلۆ مەتر ھێنایە ھەرێم  بۆشەڕ لەدژی یەکێتی و دەبابەو تانک و تۆپخانەو فڕۆکەی تورکیایان تا ھیران و دەربەندی گۆمەسپان ھێناو سەدان پێشمەرگەو فەرماندەی یەکێتییان  بەدەستی جەندرمەی تورک شەھید کردو دواتر ئەوان یەکێتییان  بەخیانەتکار ناودەبرد.

ھەشتەم :ھەر لەسەرەتای بەھاری عەرەبی و ڕاپەڕینی گەلی کورد  لەڕۆژئاوای کوردستان و دواتر دامەزراندنی کانتۆنەکانی خۆسەری ڕۆژئاوای  کوردستان کەوتنە دژایەتی پەیەدەو گەمارۆدانی ئەوبەشەی کوردستان و داخستنی سنورو لێدانی خەندەق ودەیان  پیلانیتر لەدژیان  ، کەچی پارتی  ئەوانی  بەبەکرێگیراوی  بەشارئەسەد ناودەبرد .

نۆیەم : پێش کۆتایی ھاتنی شەڕی داعش  بارزانی بەسیفەتی سەرۆکی ھەرێم وفەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگە ڕێککەوتنی  لەگەڵ عەبادی واژۆکرد بەئامادەبوونی  ئەمریکییەکان  کەدوای  تەواو بوونی  شەڕی داعش  سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان کەلەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە ڕزگار کرابوون ڕادەستی  سوپای عێراق بکاتەوە ، لەبەرامبەریشدا زیاتر لە چوارسەد ملیۆن دۆلاری لەعەبادی وەرگرت  ، ئەمە چەند جارێک لەلایەن خودی عەبادییەوە باسکراوەو بەفەرمی  ڕاگەیەنراوە کەچی کاتێک لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو ناوچانەی  بەجێھێشت بۆعێراق و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ عەبادی جێبەجێ کرد ، ھاتن تۆمەتی خیانەتیان دایە پاڵ یەکێتی !

ئەمە بەشێکی کەمی مێژووی پارتییە لەبواری بەشینەوەی خیانەتەکانی خۆی بەسەر ئەوانیتردا، ئەم کەلتورە لای پارتی تائێستاش بەردەوامی ھەیەو لەبرەودایە .



‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ