بیروڕا
قه‌یرانى ئابورى و چاره‌سه‌ر
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروست بونى مرۆڤایه‌تى یه‌وه‌ سیسته‌مى ئابورى یه‌كێك بووه‌ له‌و فلته‌رانه‌ى كه‌ ئاراسته‌ى جیهان و میژوى مرۆڤایه‌تى گۆریوه‌، به‌كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌ركه‌وتنه‌ شارستانیه‌ته‌كان.
كه‌واته‌  ئابورى پله‌ یه‌كى ئه‌و گۆرانكاریانه‌یه‌ كه‌كار له‌ ئامانج و  به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانى ووڵات و شكۆى وڵات و هاوڵاتیان ده‌كات، هه‌میشه‌ پێوه‌رێك بووه‌ بۆ ده‌رخستنى گه‌شه‌ى ئابورى و سه‌رخستنى پرسى سیاسه‌تى ئابورى له‌ وڵاتدا به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. 
  كه‌وایه‌ سه‌قامگیرى ئابورى یه‌كێكه‌ له‌ زه‌روریه‌ته‌كان كه‌ ده‌بێت حكومه‌ت هه‌نگاوى بۆ بنێت به‌تایبه‌ت له‌ ئێستادا كه‌ جیهان ڕووبه‌رووى قه‌یرانى ئابورى بۆته‌وه‌، هیچ به‌رچاوڕوونیه‌ك نیه‌ بۆ تێپه‌راندنى قه‌یرانى ئابورى و دارایى كه‌ بۆته‌ هۆى خاوكردنه‌وه‌ى سورى ئابورى، له‌ ئاكامى  كه‌ڵه‌كه‌بوونى یه‌ك له‌ دوایه‌كى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد و بوونى گه‌نده‌ڵى و ڕه‌شوه‌و به‌رتیل . 
  سه‌باره‌ت به‌ریفۆرمى ئابورى هه‌مه‌ڕه‌نگكردن و به‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات و  كه‌مكردنه‌وه‌ى راده‌ى پشت به‌ستن به‌ نه‌وت و گاز و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجى و له‌به‌ین بردنى گه‌نده‌ڵى ئه‌ركى سه‌ره‌كى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ ده‌بوو له‌سه‌ره‌تاى كابینه‌ى نۆیه‌م هه‌وڵى جدى بدایه‌، نه‌ك قۆناغى ئێستا كه‌پێشبینى داهاتوویه‌كى باشتر به‌و ئاسانیه‌ ڕوون نیه‌ له‌ كاتێك دا كه‌ جیهان له‌ حاڵه‌تى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنایه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ سیسته‌مى سیاسى و ئابورى ده‌خاته‌ به‌رده‌م چاره‌نوسێكى  نادیارى پڕ قه‌یران. دیاریش نیه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌ تاكه‌ى به‌رده‌وامى ده‌بێت و كۆتایى پێدێت.
  ئایا حكومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت ڕووبه‌رووى ئه‌م كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ بێته‌وه‌ به‌ دۆخى ناله‌بارى ئابورییه‌وه‌ به‌ كه‌مترین تێچون؟، له‌ كاتێكدا به‌رده‌وامى هه‌ڵئاوسان و ناڕه‌زاییه‌كانى شه‌قام و شلۆقى كه‌رتى ئابورى و دارایى و كورتهێنانى بودجه‌ و موچه‌ و سستى جوڵه‌ى بازارو به‌كه‌ره‌نتینه‌كردنى خه‌ڵكى حكومه‌تى هه‌رێمى به‌رپرسیار كردووه‌ له‌ ئاست نه‌بوونى به‌رنامه‌و بێ پلانى له‌ وه‌ها دۆخێكدا . 
 كه‌وایه‌ سه‌قامگیرى ئابورى به‌نده‌ به‌ پلان و به‌رنامه‌ى كارو ستراتیژى كار و ڕه‌خساندنى ژینگه‌یه‌كى له‌بار و ده‌ركردنى یاساى پێویست بۆ به‌ره‌و پێش بردنى توانا مرۆییه‌كان و هاریكارى كردنى، به‌ته‌واوى رۆلى حكومه‌تى هه‌رێم له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواتردا دووچارى ئیفلیج بون بووه‌ له‌ڕووى گه‌شه‌و سه‌قامگیرى ئابورى و دارای و ته‌نانه‌ت ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌لیش یه‌كێكى تره‌ له‌و فایلانه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌ داخراوى به‌جێى هێشتووه‌.
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هاوڵاتیان ڕووبه‌روى ده‌یان قه‌یران بون دیارترینیان :
1- قه‌یرانى مووچه‌ :
2- قه‌یرانى كاره‌با 
3- قه‌یرانى سوته‌مه‌نى و به‌نزین و وزه‌ 
4- قه‌یرانى خزمه‌تگوزارى 
1-  قه‌یرانى موچه‌ : نه‌بونى بودجه‌ و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كاریگه‌رى راسته‌خۆى له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانى هاوڵاتیان دروست كردووه‌، سه‌ره‌تاى ئه‌م قه‌یرانه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵى 2014 كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ و تاك لایه‌نه‌ دوور له‌ ده‌ستور نه‌وتى هه‌نارده‌ى توركیا كرد به‌و واتایه‌ى  سیاسه‌تى ئابورى خۆى له‌گه‌ڵ عێراق جیاكرده‌وه‌ ئه‌م پرسه‌ بۆچوونى هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى گۆرى له‌ نێوان دژایه‌تى و پشتیوانى كردن دا، چونكه‌ حكومه‌ت به‌م هه‌نگاوه‌ى  سنورى سه‌روه‌ریه‌كانى ده‌وڵه‌تى به‌زاند به‌بێ ئه‌وه‌ى بیر له‌ داهاتووى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى بكاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى نه‌وت ده‌بێته‌ مایه‌ى دروستكردنى بایه‌خ و گرنگى ڕوانین له‌ داهاتوى كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌ى پێویستیان به‌ وزه‌ هه‌یه‌ به‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى گرنگى داهات بۆ ئابورى كوردستان په‌ره‌پێدانى داهاته‌كانى تر هه‌روه‌ها به‌ ستراتیژى كردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم به‌ وڵاتانى دیكه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م ڕوانینه‌ زۆر نه‌خایه‌ند و حكومه‌تى عێراق به‌شه‌ بودجه‌ و موچه‌ى هه‌رێمى بڕى و سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كانى سه‌ره‌و لێژكرد.
هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى ده‌ستورى و یاساییه‌وه‌ وه‌ك هه‌رێمێكى فیدراڵى له‌ ده‌ستورى عێراق دا دانى پێدا نراوه‌. به‌ڵام پێگه‌یه‌كى فه‌رمى باوه‌رپێكراوى نیه‌، ده‌بینین ئه‌و كاته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بریارى فرۆشتنى نه‌وتى ده‌ركرد به‌ مخالفى ده‌ستورى عێراق و خۆى جیاكرده‌وه‌ له‌ده‌وڵه‌تى فیدراڵى عێراق، چۆن توشى له‌رزه‌ى سیاسى ئابورى و دارایى  بویه‌وه‌ بیانوى قانونى و ده‌ستورى و سیاسى دایه‌ ده‌ست حكومه‌تى عێراق بۆ بڕینى به‌شه‌ بودجه‌و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم كه‌ تا ئێستاكه‌ به‌ ئاڵۆزى ماوه‌ته‌وه‌ له‌نگه‌رى نه‌گرتووه‌ به‌ڵكو به‌رده‌وام قه‌یران له‌ دواى قه‌یران ڕووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌، پاشه‌كه‌وتى موچه‌ یه‌كێكى تر بوو له‌و بریاره‌ چه‌وتانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم په‌ناى بۆ برد له‌ویش دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هه‌ر وا ئاسان نیه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌م دۆخه‌ ئه‌گه‌ر پشتگیرى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى له‌گه‌ڵ دا نه‌بێت عێراق نه‌رمى بنوێنێت یان رێگاچاره‌یه‌كى تر ئه‌ویش قایل بوونى هه‌رێم به‌و مه‌رجانه‌ى عێراق بۆى دیارى كردووه‌ ئه‌وانیش : 
- ڕاده‌ست كردنى ته‌واوى داهاتى فرۆشى نه‌وت 
- راده‌ست كردنى ته‌واوى داهاتى فرۆشى غازى سروشتى . 
- راده‌ستكردنى له‌ 50% ى داهاتى ناوخۆى هه‌رێم به‌هه‌موو خاڵه‌ گومرگى و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان.
- چاره‌سه‌رى قه‌یرانى موچه‌ و ریفۆرمى ئابورى له‌ ئێستادا به‌ هه‌نگاونان بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كى چاكسازى ده‌بێت ستراتیژییه‌كه‌ى بریتى بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجیه‌ ناپێویستیه‌كان و زیادكردنى داهات وه‌ك  / 
- به‌ شه‌فاف كردنى داهاتى خاڵه‌ سنورییه‌كان و مه‌رزه‌كان و جێبه‌جێكردنى یاسای چاكسازى له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان دا هه‌نگاوێكى پێویسته‌ ، دۆسیه‌ى باج یه‌كێكى تره‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانى ترى ده‌ست كه‌وتنى داهات وه‌ك ( باجى ده‌رامه‌ت ، كۆمپانیاكان ، زه‌وى ، باجى سه‌رپیشه‌، خانووبه‌ره‌، خاوه‌نكار و ماركێت و مۆڵه‌كان، خاوه‌نكارو   كارگه‌كان و چێشتخانه‌كان و هۆتێل و مۆتێل و هایپه‌رماركێت و سه‌نته‌ره‌كانى ترى له‌ش جوانى و جوانكارى ) چه‌ندى تریش.
- رسومات و كرێى خزمه‌تگوزارى یه‌كان ئه‌و رسوماتانه‌ى له‌ برى پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌رده‌گیرێت وه‌ك ( نه‌مامگه‌كان ، به‌نزینخانه‌ى پله‌ 1 - 2 ، خواردنگه‌ى گه‌س و فلال فل ، فرۆشیارى گۆشت و ماسى، سه‌وزه‌ فرۆشه‌كان، چاپخانه‌ ئه‌هلیه‌كان، كۆگاكانى ده‌رمان، نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیه‌كان،دوكانه‌كانى فۆتۆكۆپى .....زۆر تریش به‌هه‌مان شێوه‌ كاریگه‌رى ده‌بێت له‌ سه‌ر داهات.
- دۆسیه‌ى قه‌رز و نه‌وت و كۆمپانیاكانى سكوریتى جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى له‌ موچه‌ى خانه‌نشینى و هه‌موارى یاساى وه‌به‌رهێنان، یاساى تایبه‌ت به‌ رێگرى له‌ قاجاغى ده‌رمان ، پاراستنى به‌رهه‌مى خۆماڵى .
دۆسیه‌ى  نه‌وت /یه‌كێكه‌ له‌ دۆسیه‌ هه‌ره‌ ناشه‌فافه‌كان وه‌ك تاكه‌ داهاتى سه‌ره‌كى ئابورى كوردستان ئه‌ژمارده‌كرێت، ئه‌مه‌ش راسته‌خۆ كاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر كه‌رتى ئابورى دروست كردووه‌ له‌كاتێكدا ده‌بێت حكومه‌ت بیرله‌ هه‌مه‌جۆركردن و هه‌مه‌ڕه‌نگكردنى سه‌رچاوه‌كانى ترى داهاتى هه‌رێم بكاته‌وه‌ له‌وانه‌ كه‌رتى كشتوكاڵ و پیشه‌سازى و گه‌شت و گوزار ، نه‌وتیش وه‌ك هه‌رسه‌رچاوه‌یه‌كى تر ده‌كرێت كۆتایى بێت و ئه‌و ده‌ورو ڕۆڵه‌ى ئێستاكه‌ى نه‌مێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ جێگره‌وه‌ى نه‌وت كارى له‌ پێشینه‌ و هه‌نگاونانى ده‌وێت،  به‌ته‌نیشت نه‌وته‌وه‌ هه‌مه‌ڕه‌نگكردنى سه‌رچاوه‌كانى تر ئه‌ركێكى پێویست ده‌بێت روونتر بڵێن له‌ ئاكامى دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردوو زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ى پشتیان به‌سه‌رچاوه‌ى نه‌وت به‌ستوه‌ توشى شۆك كردووه‌ چونكه‌ كاردانه‌وه‌ى خراپى له‌سه‌ر دارایى و ئابورى وڵات هه‌یه‌ زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌میش هاوڵاتیانن.
ئه‌و رێكارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ تێپه‌راندنى قه‌یرانى موچه‌ و ریفۆرمى ئابورى و دارایى وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك.
2- قه‌یرانى كاره‌با : چاره‌سه‌ر كردنى قه‌یرانى كاره‌با له‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى هه‌رێم دایه‌ به‌ درێژایى چه‌ندین ساڵه‌ى رابردوو به‌رپرسانى هه‌رێم به‌ڵێنى جۆراوجۆریان له‌باره‌ى باشتركردنیان داوه‌، له‌ ئێستادا حكومه‌ت بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ى دۆخى قه‌یراناوى ده‌توانێت وه‌زاره‌تى كاره‌با بكرێته‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ كۆمپانیا بكرێت به‌مه‌ش داهاتێك بۆ حكومه‌ت په‌یدا ده‌بێت وه‌ هاوڵاتیانیش سودمه‌ند ده‌بن هه‌ر بۆ به‌رچاو ڕوونى له‌ له‌م ماوه‌ى به‌كه‌ره‌نتینه‌كردنه‌دا كه‌ به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ له‌ 70% ى دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت و شوێنه‌گشتیه‌كانى تر داخراون و كاره‌با نیه‌ حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ 24 سه‌عات كاره‌باى نیشتمانى بدات.
3- قه‌یرانى سوته‌مه‌نى و به‌نزین ، له‌ 80% به‌نزینى سلێمانى  له‌ توركیاو ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، بڕێكى كه‌میشى هی پاڵه‌گه‌ى بازیانه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ش وه‌ك قه‌یرانه‌كانى تر ڕووبه‌رووى كێشه‌ى سیاسى و ئابورى ده‌بێته‌وه‌ به‌كورتى وه‌ك قه‌یرانه‌كانى تر له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك مه‌ترسى دایه‌. حكومه‌تى هه‌رێم له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست سوته‌مه‌نى به‌سه‌ر هاوڵاتیان دابه‌ش بكات له‌ وه‌رزى سه‌رمادا به‌تایبه‌ت له‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگى ڕابردوو كه‌ نرخى نه‌وت دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه‌ بینى بۆ خوار 30 دۆلار نرخى به‌رمیلێك نه‌وتى برێنت 60 دۆلار بوو مانگانه‌ 700 ملیۆن دۆلار داهاتى بوو  .
4-قه‌یرانى خزمه‌تگوزارى :  خزمه‌تگوزارییه‌كان زۆر و هه‌مه‌نه‌وعن له‌وانه‌ خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى ئه‌ویش به‌ دابین كردنى پێداویستى پزیشكى له‌ ده‌رمان به‌كه‌مترین نرخ و رێگرى كردن له‌ به‌ قاچاغ بردنى ده‌رمان و بازرگانى پێوه‌كردنى له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتى، خزمه‌تگوزارى فێركردن و پاك راگرتنى شه‌قام  و شوێنه‌ گشتیه‌كان و سه‌وزكردنى شار به‌داخه‌وه‌ له‌ قه‌یرانى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى كۆرۆنادا ئه‌م خزمه‌تگوزاریانه‌ش له‌ پاشه‌كشه‌دان.
*- خه‌سله‌ته‌كانى ئابورى هه‌رێم :
- په‌كخستنى كه‌رتى كشتوكاڵى ئه‌ویش له‌ ده‌رئه‌نجامى سیاسه‌تى به‌ موچه‌خۆركردنى خه‌ڵك و گۆرینى كۆمه‌ڵگاى كوردى  له‌ به‌رهه‌مهێنه‌وه‌ بۆ به‌كاربه‌ر .
- ته‌لبه‌ند كردنى به‌شێكى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران مۆنۆپۆلكردنى یه‌كێكى ترى ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى به‌رپرسیاركردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌بوونى یاسایه‌كى گشتى بۆ پارێزگارى كردن له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان چونكه‌ ئه‌م جۆرى گه‌نده‌ڵیانه‌ له‌ خۆیدا كاره‌ساتن بۆ باڵاكردنى كۆمه‌ڵێك ده‌ست ڕۆشتوو  به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێكى تردا سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ له‌ ناعه‌داله‌تى كۆمه‌لایه‌تى به‌ته‌نیشت گه‌نده‌ڵیه‌ بالاكانى تر كه‌ حكومه‌ت پێیدا تێپه‌ر ده‌بێت و ده‌یان قه‌یرانى تر به‌داوایدا ریزده‌كات. هه‌روه‌ها شوێنه‌ مێژوویه‌كانیش به‌جۆرێك له‌ بیركراون كه‌ به‌ره‌و فه‌وتان نزیك ده‌بێته‌وه‌ ده‌یان و شوێنى مێژوى له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ى فه‌وتاندان .
- خاڵێكى تر ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنى بازار و جولاندنى به‌ ئاراسته‌ى به‌رژوه‌ندى شه‌خسى له‌لایه‌ن كه‌سانى سه‌رمایه‌دارو ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ولاتانى ده‌ره‌كى و وه‌لانانى به‌رهه‌مى ناوخۆ .
- له‌ ده‌رئه‌نجام و ده‌رهاویشته‌كانى ئه‌م پرسانه‌ى سه‌ره‌وه‌ : 
- به‌رزبونه‌وه‌ى رێژه‌ى بێ كارى .
- كه‌مبونه‌وه‌ى داهاتى ناوخۆ .
- به‌رزبونه‌وه‌ى رێژه‌ى هه‌ژارى . 
- له‌كاركه‌وتنى پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان 
- پاشه‌كشه‌ى وه‌به‌رهێنان .
- ساغ نه‌بونه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌ خۆماڵیه‌كان به‌هۆى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى نێوان پارێزگاكان .
- دروست بوونى ناڕه‌زایى و ترس و دڵه‌ ڕاوكێ .
- سه‌ره‌راى به‌دیار كه‌وتنى حاڵه‌تى وه‌ك لایه‌نه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان ئه‌وانیش به‌رزبونه‌وه‌ى رێژه‌ى جیابونه‌وه‌ به‌ هۆكارى ئابورى و زیادبوونى حاڵه‌تى ده‌رونى و ترس و سترێس بوون، له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى شیرازه‌ى خێزان ، دواكه‌وتنى - زیان كه‌وتن به‌ بوارى په‌روه‌رده‌یى كارده‌كاته‌ سه‌ر خاوبونه‌وه‌ى خوێندكاران و دواكه‌وتنیان له‌ خوێندن و كه‌مبونه‌وه‌ى ئاستى زانستى .
 
- سه‌رچاوه‌ى داهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان :
 1- داهاتى ناوخۆ  .
2- داهاتى به‌غدا  .
3- داهاتى نه‌وت .
- له‌ چوارچێوه‌ى داهاتى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت و گاز  له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور له‌به‌ر رۆشناى یاساى نه‌وت و گاز به‌ ژماره‌ 22 ى ساڵى 2007 رێكخراون  له‌ سندوقێكدا كۆده‌كرێنه‌وه‌ به‌سه‌ر 3 صندوقى دیكه‌دا دابه‌ش ده‌كرێن ، 
- خه‌رجیه‌كانى ده‌وڵه‌ت  .
- پاراستنى ژینگه‌ .
- صندوقى نه‌وه‌كانى داهاتوو .
ئه‌م داهاتانه‌  سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ له‌ هه‌نارده‌ى نه‌وت و به‌رهه‌مه‌ پاڵێوراوه‌كان و پاداشته‌كانى گرێبه‌سته‌كانى كۆمپانیاكانى نه‌وت. ئه‌وه‌ى جێ ى سه‌ره‌نجه‌ ئه‌م یاسایه‌ تا ئێستا نه‌چۆته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ وا 13 ساڵ به‌سه‌ر ته‌شریعكردنى دا تێپه‌رده‌بێت . 
- حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان  كه‌ توشى دارمانى ئابورى و دارایى بۆته‌وه‌ به‌هۆكارى بێ به‌رنامه‌یى و بێ پلانى و بێ نه‌خشه‌یى بۆ گه‌شه‌ى ئابورییه‌كه‌ى، له‌ نه‌بوونى ستراتیژى ئابورى و  ئامانج گه‌یشتۆته‌ ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا.
گه‌شه‌و پێشكه‌وتنى ئابورى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پێویست دابه‌ش نه‌بووه‌ به‌سه‌ر جوگرافیاى هه‌رێمى كوردستان دا ده‌بینین له‌هه‌ندێك له‌ پارێزگاكانى وه‌ك هه‌ولێر و دهۆك چه‌ندین پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌ى به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ پارێزگاكانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌وانى تر وه‌ك یه‌ك نه‌بووه‌، هه‌ر له‌ چاككردنى رێگاوبانه‌كان و دابین كردنى كاره‌با و وزه‌و تۆرى ئاوى خواردنه‌وه‌و ئاوه‌رۆكان و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خوێندن و فێركردن و گرنگى زیاتر به‌ نه‌خۆشخانه‌كان پرۆژه‌ى خانوبه‌روه‌ و بوونى دامو ده‌زگاى ئابورى و یاسایى كه‌وایه‌ گۆرانكارى له‌هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ كاریگه‌رى ڕاسته‌خۆى ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌واوى پێشكه‌وتنه‌ ئابوریه‌كان كه‌ ئه‌مانه‌ش گۆرانكارى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌دواى خۆیدا كێش ده‌كات . سه‌ربارى گۆرانكارییه‌ سیاسیه‌كانیش، رونتر بڵێین هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ربازى ببێت له‌ ته‌واوى ئه‌و گرفتاریانه‌ى ڕووبه‌رووى بۆته‌وه‌ ده‌بێت ئه‌زموون له‌ وڵاتانى خاوه‌ن نه‌وت وه‌رگرێت بۆ نمونه‌ ئیماراتى عه‌ره‌بى و دوبه‌ى له‌هه‌مووش له‌ پێشتر ده‌بێت بیر له‌ ژێرخانى ئابورى بكاته‌وه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ى ڕابردودا به‌هۆى گرفتى گه‌نده‌ڵى و ناشه‌فافیه‌ت له‌ به‌شینه‌وه‌ى داهات و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و ده‌ركه‌وتنى سه‌رمایه‌دارى بواره‌ جیاجیاكان به‌ رێگاخۆشكه‌رى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و شه‌رى دژ به‌ تیرۆر و ئه‌مانه‌ ژێرخانى ئابورى هه‌رێمیان له‌ سفر نزیك كردۆته‌وه‌، به‌و ئاسانیه‌ش حكومه‌تى هه‌رێم ناتوانێت ده‌ربازى ببێت، به‌ڵام ده‌توانێت به‌سود وه‌رگرتن له‌ یاساى نه‌وت و گاز و پرۆژه‌كانى ترى وه‌به‌رهێنان و زیادكردنى باج و گه‌شه‌پێدانى كه‌رتى تایبه‌ت و جوڵه‌ى بازارو زیادكردنى به‌رهه‌مى ناوخۆو 
كه‌رتى خانوبه‌ره‌و هه‌لێكى باشن بۆ گه‌شه‌سه‌ندنى توانا مرۆییه‌كان ئه‌مانه‌ به‌ته‌نها ویستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نیه‌ به‌ڵكو خواستى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكیشه‌.
چالاكى ئابورى كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر هه‌لى كارو خستنه‌ سه‌ركار هه‌یه‌ وا ده‌كات تاك ببێته‌ خاوه‌ن كارى خۆى و سه‌رمایه‌ى خۆى هه‌بێت. 



- هه‌نگاوه‌كانى بوژانه‌وه‌ى ئابورى  :
ده‌ستپێكى قه‌یرانى ئابورى جیهان به‌ هۆكارى  دابه‌زینى نرخى نه‌وت و كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر كارى وه‌به‌رهێن  و ئابورى وڵاتان به‌ گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندى به‌ ناكاراى سه‌رچاوه‌كانى ترى داهاته‌وه‌ هه‌یه‌، بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆناش دیوێكى تره‌، ڤایرۆسى كۆڤید سه‌رجه‌م جومگه‌ ئابورییه‌كانى له‌كارخست و كارى له‌سه‌ر سه‌رمایه‌ى سه‌رمایه‌داران و ئابورى ولاتان كرد به‌ خێرایه‌كى چاوه‌روان نه‌كراو ، هه‌رێمى كوردستان كه‌ خۆى له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكى ئابورى سه‌خت دا تێپه‌رده‌بێت هۆكاره‌كه‌شى نه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتێكى سیاسى ڕه‌وا، ئیداره‌یه‌كى حه‌كیم و ئابورییه‌كى سه‌ربه‌خۆ، ناته‌ندروستى ئابورى بڵاوبونه‌وه‌ى كۆرۆناش هێنده‌ى تر دۆخه‌كه‌ى له‌سه‌رى ئاڵۆزتر كرد و به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى حكومه‌تى هه‌رێمى شۆك و شپرز كردوه‌ لێدوانه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم له‌باره‌ى 27 ملیار قه‌رزارییه‌وه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ى خسته‌ڕوو ئه‌مه‌ش شه‌رمه‌زارییه‌كى ترى ئه‌و هه‌ڵه‌ باوانه‌یه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامى گه‌نده‌ڵى و ناشه‌فافى یه‌وه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌، گه‌ران به‌دواى رێگاچاره‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد و دابین كردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كه‌ حكومه‌ت 6 موچه‌ى ساڵى تازه‌ى فه‌رمانبه‌ران قه‌رزاره‌ بێجگه‌ له‌ موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانى ترو وا ئێستاش له‌به‌رده‌م ته‌قینه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى دا خۆى ده‌بینێته‌وه‌، دیاریش نیه‌ رێكه‌وتنه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌ره‌و كوێ ده‌گات .
هه‌رچیه‌ك بێت حكومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت رێگاچاره‌ى به‌په‌له‌ى هه‌بێت بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونى قه‌یرانه‌كانى ئێستا، له‌پێشتریش ئه‌وه‌یه‌ هه‌نگاوه‌كانى فراوانتر بكات وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یبینین له‌ دۆخێكى وادا گرنگه‌ چاوێك بخشێنین به‌ سیسته‌مى ئابورى بۆ رێكخستنه‌وه‌ى.
په‌یوه‌ندى سیسته‌مى ئابورى و سیسته‌مى سیاسى دوو دیوى دراوێكن لایه‌نێكى گرنگى ژیان پێك ده‌هێنن به‌جۆرێك سیسته‌مى ئابورى هێنده‌ له‌ خزمه‌تى سیسته‌مى سیاسى و سه‌رمایه‌داریدایه‌ هێنده‌ له‌ خزمه‌تى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى دا نیه‌، حكومه‌تى هه‌رێم له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواتردا بۆته‌ پاسه‌وانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى سه‌رمایه‌داران و چاره‌نوسى خه‌ڵكى و ڕاده‌ستى كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داران كردووه‌ ئه‌گه‌ر نا به‌وجۆره‌ هه‌ڵئاوسان ڕووى نه‌ده‌دا داهاتى تاك به‌و جۆره‌ نه‌ده‌بوو و ناڕه‌زاییه‌كان ته‌شه‌نه‌ى نه‌ده‌كرد و هه‌ژارى و كه‌مده‌رامه‌تى و برسێتى نه‌ده‌بووه‌ كاره‌ساتى دیارى كۆمه‌ڵگا، به‌هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانى سه‌رمایه‌دارى كه‌ مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانى مرۆڤ و له‌ ڕوانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیه‌وه‌ له‌ ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵكى ده‌ڕوانێت ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك نه‌بێت رێگرى له‌ قۆرخكارى بكات ئه‌وا زه‌روزیانى مادى و گیانى له‌ كۆمه‌ڵگاو به‌ته‌واوى له‌سه‌ر چینێكى دیار ده‌كات ده‌بێته‌ هۆى به‌رده‌ست نه‌بوونى كار و بێ كارى له‌ وڵاتدا ته‌شه‌نه‌بكات.
به‌رنامه‌و ریفۆرمى بانكى جیهانى سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌ى ئابورى هه‌رێمى كوردستان و چاره‌سه‌رى دۆخى نه‌خوازراوى ئابورى و دواكه‌وتنى له‌ گشت ڕه‌هه‌نده‌كانى  ژیان له‌ رێگاى گۆرینى ئابورى كوردستان و هه‌مه‌ڕه‌نگكردنى به‌سپۆنسه‌رى كه‌رتى تایبه‌ت، گره‌وى بردنه‌وه‌ و ده‌ربازبوونه‌ له‌و قه‌یرانه‌ى تێ ى كه‌وتووه‌، به‌راست حكومه‌تى هه‌رێم مه‌به‌ستێتى هه‌نگاو بنێت به‌تایبه‌ت له‌ ڕووى سیاسه‌وه‌ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكیه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو دواترش ده‌رگاى گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ترى بودجه‌ و مادده‌ى 140 و پێشمه‌رگه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ .
 

‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
نه‌سرین كورده‌
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ