بیروڕا
كازمى واده‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختى دیاری كرد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئه‌گه‌رچى زۆر لایه‌ن و چاودێرى بارودۆخى عێراق  له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كار بوونی كازمیه‌وه‌ به‌ گومانه‌وه‌ له‌وه‌یان ده‌ڕوانى كه‌  مسته‌فا كازمى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق وا زوو واده‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ دیاری بكات , 
به‌ڵام كازمى له‌ ئێواره‌ى یه‌كه‌م ڕۆژى جه‌ژنى قوربان له‌ وتارێكى ته‌له‌فزێنیدا ڕۆژى 6/6/2021  بۆ هه‌ڵبژاردى پێشوه‌خته‌ له‌ عێراقدا ڕاگه‌یاند ,وه‌كو ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌ كێشه‌و قه‌یرانه‌ درێژو به‌رده‌وامه‌كانى عێراق و له‌هه‌مانكاتدا وه‌لامێك بۆ داخوازى خۆپیشانده‌رانى گۆڕه‌پانه‌كانى عێراق كه‌ به‌ ڕاپه‌ڕینى تشرین ناسراوه‌ , بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تێك بڕه‌خسێت بۆ ئه‌و خه‌ڵك و چالاكوانانه‌ سیاسیانه‌ى كه‌ ڕابه‌رایه‌تى ئه‌و شۆڕش و ناڕه‌زایه‌تیانه‌یان ده‌كرد بێنه‌ ناو پرۆسه‌ى سیاسى و ڕۆڵى خۆیان بگێڕن له‌ ڕیفۆرم و گۆڕانكارى و دانانى سنورێك بۆ گه‌نده‌ڵى تاقم و گروپه‌ میلیشاوى بانده‌ كانیان كه‌ده‌ستیان به‌ سه‌ر هه‌موو توانا جومگه‌كانى ده‌وڵه‌تدا گرتووه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان  و حزبه‌كانیان و ته‌نانه‌ت وڵاتانى ده‌ره‌وش به‌كاریان ده‌هێنا .
هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌  له‌ سیستمه‌ دیموكراسیه‌كاندا وه‌كو ڕێگا چاره‌ى خێراو ده‌رچه‌یه‌كه‌ , كه‌ قه‌یرانه‌كانى وڵات بگاته‌ بنبه‌ست , به‌ تایبه‌تى له‌ وڵاتێكى وه‌كو عێراقدا كه‌ هه‌ڤده‌ساڵى ڕابردوودا شكست  له‌ دواى شكستى تۆماركردووه‌ له‌ هه‌موو سكته‌ره‌كاندا .
ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ر كازمیه‌ به‌ڵێنى دا ( ئه‌گه‌ر بۆى بكرێت ) هه‌موو پێداویستیه‌كانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد فه‌راهه‌م بكات بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویى ئه‌نجام بدرێت و به‌ڵێنی ئه‌وه‌شى دا كه‌هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانى بخاته‌ گڕ بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ك ته‌نیا به‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت و چاودێرانى نێو ده‌وڵه‌تى چاودێرى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و بوارى یه‌كسان بۆ هه‌موو لایه‌ك بڕه‌خسێنێت .
هه‌ربۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گرنگه‌ چونكه‌ خواست و مه‌یلێكى جه‌ماوه‌رى گه‌وره‌ له‌ شه‌قامى عێراق بۆ گۆڕانكارى و كۆتایى هێنان  به‌ دۆخى ئێستا هه‌یه‌ كه‌ عێراقى زه‌نگین بووه‌ته‌ دۆزه‌خێك بۆ ڕۆڵه‌كانى بۆیه‌ ئومێدێكى گه‌وره‌ له‌ سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵچنراوه‌,  كه‌گۆڕانێكى چه‌ندایه‌تى چۆنایه‌تى له‌ عێراقدا بهێنێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ كۆتایى به‌ زۆر دۆسیه‌ و قه‌یران بهێنێت .
به‌ربه‌ست و گرفته‌كانى به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ 
هه‌رچه‌نده‌ هێشتا  (ده‌ ) مانگى ماوه‌ بۆ  ئه‌و واده‌یه‌ كه‌ كازمى داریكردووه‌  , ئه‌و واده‌یه‌ش قابیلى وتوێژو ئاڵوگۆڕه‌ , به‌ڵام به‌ربه‌ست و ئاله‌نگارى گه‌وره‌ هه‌ن له‌وانه‌ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ هێشتا له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ته‌واو نه‌كراوه‌و بۆ ئه‌وه‌ى  سه‌رۆك كۆماریش  ڕه‌زامه‌ندى له‌ سه‌ر بكات , نوێنه‌رانى كوردیش تێبینى زۆریان له‌ سه‌ر یاسا نوێ كه‌ هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت بایكۆتى دانیشتنه‌كه‌شیان كرد ئه‌وبه‌ندانه‌ى كه‌ ده‌نگى له‌ سه‌ر دراوه‌ به‌ غیابى كورد بووه‌ , ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ك له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ زۆرێك له‌ تاقم و هێزه‌ ملیشیاویه‌كان هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا هیچیان نه‌وتووه‌ یان به‌ زاره‌كى  جۆرێك له‌ ڕه‌زامه‌ندییان پیشانداوه‌ , به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ لێدان له‌ خۆیان ده‌زانن و ده‌ترسن ئه‌و پێگه‌و هه‌ژموونه‌ى ئێستایان له‌ ده‌ست بده‌ن , بۆیه‌ تا پێیان بكرێت كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ ى بۆ ده‌خوڵقێنن و خوازیارن با ئه‌م خووله‌ى په‌رله‌مان  ماوه‌ى یاسایى خۆى  ته‌واو بكات .
كازمیش پێداگرى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ عێراق به‌ گێڕانه‌وه‌ى  شكۆ بۆ ده‌وڵه‌ت به‌هێز ده‌بێت , ده‌بێت دوور بخرێته‌وه‌ له‌ ناكۆكى ململانێ ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى جدین بۆ عێراق و گه‌له‌كه‌ى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى  , ساڵانى گه‌نده‌ڵى ڕێكخراو و  به‌ فیڕۆدانى سامان و داهاته‌كه‌ى كێشه‌و قه‌یرانى گه‌وره‌یان بۆ  عێراق خوڵقاندووه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕوونه‌یان ئاسان نیه‌ و به‌ڵام درێژه‌ى پێ ده‌ده‌ین و چاره‌سه‌رى پینه‌وپه‌ڕۆناكه‌ین و ده‌ست بۆ خاڵه‌ هه‌ستیارو كاریگه‌ره‌كان ده‌به‌ین هه‌روه‌كو سڵمان لێ نه‌كرده‌وه‌و ده‌روازه‌ سنووریه‌كانمان كۆنترۆڵكردو و لیژنه‌یه‌كیشمان پێكهێناوه‌ بۆ لابردنى هه‌موو به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنى گشتى .
كورد و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌
ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌وه‌ناچێت ئاكامه‌كان چى بن كێشه‌ بێت , به‌ڵام بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ماده‌ى 140 گرنگه‌ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان كورد به‌ یه‌كده‌نگى بتوانێت هه‌موو تواناو ده‌سته‌ڵات و پێگه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ر له‌ سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ تاوه‌كو سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى هه‌رێم و هێزه‌ سیاسیه‌كان هه‌رهه‌موویان بێنه‌ سه‌رخه‌ت و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌ ناكاو و لووتكه‌ ببه‌ستن بۆ دانانى ڕێ شوێنى پێویست بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م یاساى هه‌ڵبژاردن و هه‌م ماده‌ى 140 ئه‌كتیف بكه‌نه‌وه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ر  ئه‌وه‌ش بزانن به‌بێ قوربانى  و( دان )  هیچ ناسه‌ندرێ .
‌‌ زیاتر ...
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
كاروان یاروەیس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ