بیروڕا
عیراق و دیسانەوە یاسا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



دەركەوتن و نمایشی چەند هێزێكی چەكدار لە بەغدای پایتەخت و نمایشە چەكداری و سەربازییەكان لە شەقامەكانی عیراقدا لە ماوەكانی رابردوودا، وێنای جیهانێكمان پیشان دەدات كە هێشتا وشەی سەروەریی یاسا و  دەقە یاسایی و دەستوورییەكانی پێنەگەیشتبێت و لە دەرەوەی واقیعی ئەمڕۆی پێشكەوتنی جیهان و كرانەوەی کۆمەڵگە جیهانییەكان بێت، ئەم کۆمەڵگە و دەسەڵاتە عیراقییە یەكەم كۆمەڵگە و دەسەڵاتی جیهانە كە چەند رۆژ و هەفتە و مانگ جارێك هێزێكی چەكدار و دەمامكدار و نەناسراو خۆی نمایش دەكات و كەسیش نازانێت لە كوێوە هاتوون و كێ لە پشتیانەوەیە؟
ئەم نمایش و دەركەوتنەی هێزی چەكدار لە عیراقدا بەبێ ئەوەی بناسرێنەوە، شتێك نییە بە كۆمەڵگەی عیراقی نامۆ و سەیر بێت، چونكە ژینگە سیاسی و ئەمنییەكەی عیراق زۆر لەوە زیاتری لێ چاوەڕێ دەكرێت كە هێزی نوێی چەكدار و تەنانەت هێزی نوێی تیرۆریستی هاوشێوەی داعشیشی تێدا دەربكەوێتەوە، بگرە  دەتوانین بڵێین ژینگەی عیراق لە دیارترینی ئەو ژینگە خۆرهەڵاتیانەیە كە كۆمەك بە تیرۆریستان و هێزی نەناسراو دەكات تا دەربكەون و خۆیان دروست بكەن و چالاكی بکەن.
ئەگەر كەمێك بگەڕێینە دواوە بۆ دوو جەنگی ئەمریكا لە عیراق و كەنداو، دەبینین ئەمریكا جەنگەكانی ناوناوە «رێوی بیابان» و «گەردەلوولی بیایان»، ئەم ناونانەی ئەمریكا بە جۆرێك لە جۆرەكان وێنەكێشانی خاكی عیراقە وەك بیابانێك كە دووربێت لە ئاوەدانی و یاسا، تەنانەت ئەگەر زیادەڕۆییشمان نەكردبێت لە ناونانێكی نەرێنی بۆ عیراق دەتوانین بڵێین: ئەم ناونانانەی ئەمریكا لە عیراق وەك بیابانێك ناونانێكی جەنگەڵ ئاسایە كە هەموجۆرە پێكدادانی بەرژەوەندیی دڕندە گەورە و بچووكەكانی تێدایە و دەبێت هەمیشە خاوەن هێز و قورسایی و چەك بیت بۆئەوەی لەناو ئەم جەنگەڵەدا بمێنیتەوە و بەرگریی لەخۆت و پێگەكەت بكەیت.
دەركەوتنی هەموو ئەو هێزانەی لە شەقامەكانی عیراقدا دەسوڕێنەوە و كەس نازانێت لە منداڵدانی كام ئایدیۆلۆژیا و حزب و مەزهەب و نەتەوە و وڵات و زلهێزەوە هاتوونەتەدەرێ، هێمان بۆ ئەوەی كە بڵێین لەم وڵاتەدا یاسا  هەیە، بەڵام بەتەواوی پشتگوێ خراوە، نەك تەنها یاسا كاری پێناكرێت و بۆ هەموو تاكێكی عیراقی وەك یەك نییە، تەنانەت لەلایەكەوە یاسا بۆ رێكخستنی هێزی چەكدار و میلیشیاكان و لەلایەكی دیكەشەوە یاسا بۆ هەڵگرتنی چەك و تەقەمەنیش نییە و وایلێهاتووە هەموو خێڵ و بنەماڵەیەك چەكی قورس و هێزی تایبەت بەخۆی هەیە و دەتوانن لەبەرامبەر یەكتردا وەك عەرزی عەزەڵات بەكاری بهێنن و كەسیش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەكات.
لەمە وردتریش ئەوەیە كە زۆر ناوچە و خاكی عیراق هەیە حكومەت توانای نییە بەسەریدا و لەلایەن هێز و چەكداری نەناسراوەوە بەڕێوەدەبرێت.
دەركەوتنی هەر هێز و رێكخراوێكی تیرۆریستی لە عیراقدا و ناڕوونی لە شوناس و ناسنامەیاندا، بەجۆرێك وێنای عیراقمان بۆ دەگوازێتەوە وەك مەملەكەتێكی بێ یاسا و بیابان و ناوچەیەكی دوورە دەست بیبینین و لێی بڕوانین، دەركەوتنەوەی ئەم دیمەنانەش ناوبەناو لە شەقامەكانی عیراقدا وەك چۆن نامۆ نییە بە عیراق، بەهەمان شێوەیش ئەم دیمەنانە دەرهاویشتەی كۆمەڵگەی عیراقین و زۆرێكی ئەم هێز و چەكدارە نەناسراوانە دەستی دەرەكی و وڵاتانی زلهێز و ناوچەیشیان لە پشتەوەیە.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ