بیروڕا
جیهانی دەرەوەی سەردەمی ئەمریکا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
تاکو ئێستا جیهان لەسەردەمی ئەمریکادایە و تاکو جیهانیش لەسەردەمی ئەمریکادا بێت، ئەگەری ئاشتی زیاترە لە ئەگەری جەنگ و پێکدادانی زلهێز و وڵاتانی خاوەن چەکی قورس، هەرکاتێک جیهان بکەوێتە دەرەوەی سەردەمی ئەمریکا ئەوا ژیان لەسەر ئەم زەویە قورس دەبێت!

کاتێک جۆ بایدن وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەستبەکاربوو، وتی: ئەمریکا گەڕایەوە بۆ بەڕێوەبردنی جیهان، ئەمریکا نەک دوورناکەوێتەوە لەپاراستنی جیهان و هاوپەیمانەکانی بەڵکو گەڕایەوە بۆ بەرگری لەهەموو هاوپەیمان و بەها باڵاکانی.

ئێستا قسە لەسەر کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئەمریکا دەکرێت لەئەفغانستان و زۆر وڵاتی دیکەش، تەنانەت ئیدارەی کۆشکی سپی پێیانوایە کۆتایی بەدرێژترین جەنگی خۆیان دێنن، بەڵام جەنگی ئەفغانستان دووجار بۆ ئەمریکا گرنگە و جەنگێک نییە لەساڵی 2001 و دوای ڕووداوی 11ی سێپتەمبەرەوە دەستی پێکردبێت، لەڕاستیدا ئەم جەنگە پێش تاڵیبان و ئوسامە بن لادن جەنگێکی کۆنترە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979 بۆ 1989 و پێکدادانی سۆڤیەت و ئەمریکا لەو وڵاتە، بۆیە لەلایەک ئەمریکا بەئاسانی کۆتایی بەم جەنگە ناهێنێت لەلایەکی دیکەشەوە هەر کشانەوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە جیهاندا مانای دەرچوونی جیهانە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا.

لەهەر ئەگەرێکدا، ئەگەر ئەمریکا بەشێکی هێزەکانی بکشێنێتەوە لەئەفغانستان، ئەوا بەجۆرێک لەجۆرەکان مانای ئەوەیە کە ئەمریکا بەشێکی ئەو جەنگەی دۆڕاندووە کە زۆرێکی مێژوونووسان بەجەنگی هەڵوەشاندنەوەی سۆڤێتی ناودەبەن لەبەرامبەر ئەمریکادا، لێرەوە ئەمریکا دەچێتەوە ناوخۆی خۆیی و ئیتر جیهانی سەردەمی ئەمریکا دەکەوێتەژێر پرسیارەوە، لەم کاتەشدا ئەگەری تەقینەوەو پێکدادانی وڵاتان زیاتر و زۆرتر دەبێت، چونکە هەر گەڕانەوەیەکی ئەمریکا بۆ ناوخۆی خۆی مانای ڕادەستکردنی ناڕاستەوخۆی جیهانە بەزلهێزی دیکە و دابەشکردنی جیهانە بۆ چەند شێوەیەکی سەردەمی ڕوسی و چینی و ئەمریکی و ....هتد.

قسەکردن لەسەر پێویستبوونی هێزەکانی ئەمریکا لەوڵاتانی جیهاندا فرە لێکدانەوەو ئاراستەیە، یەکێک لەو لێکدانەوانە ئەوەیە: تاکو ئەمریکا هێزی زیاتر بنێرێتە وڵاتانی جیهان مانای وایە ئەمریکا زیاتر وەک خاوەن و سەرداری جیهان دەردەکەوێت. بەمانایەکی دیکە، تاکو هەژموونی ئەمریکا زیاتر پەلبهاوێژێت بەجیهاندا ئەوا جیهان لەسەردەمی ئەمریکادایە و تەنها ئەمریکا دەتوانێت ئاشتی؛ یان جەنگ بەرهەمبهێنێت بۆ وڵاتان و جیهانیش.

ئەمریکا تاکە وڵاتە زۆرترین ڕێژەی سەرباز و مارێنزی بە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکردووەتەوە و چەند وڵاتێکی کەمی جیهان هەیە مارێنزی ئەمریکی تێدانەبێت، هەر پاشەکشێیەک لەهێزەکانی ئەمریکادا وادەکات جیهان بکەوێتە دەرەوەی هەژموونی ئەمریکا، بەڵام بەکشانەوە یان کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لەئەفغانستان و ئەڵمانیاو سوریاو ....هتد، جیهان ناکەوێتە دەرەوەی ئەمریکا و هەمیشە ئەمریکا هەڵبەزو دابەز و کەم و زۆری لەژمارەی سەربازەکانیدا کردووە لەوڵاتانی جیهاندا.

ئەگەرچی لەزۆر حاڵەتدا ئەمریکا بەهۆکاری نائارامییەکانی تەواوی جیهان هەژمار کراوە، چونکە هەمیشە ئەمریکا وەک گەورەی زلهێزو سیاسەت و دپلۆماسی و بەرژەوەندخوازی بینراوە، بەڵام لەڕاستیدا هێشتا جیهانی سەردەمی ئەمریکا باشترە لەجیهانی دەرەوەی سەردەمی ئەمریکا، جیهانی دەرەوەی سەردەمی ئەمریکا هەمیشە جیهانی پێکدادانەکان و شەڕەگەورەکان دەبێت، ڕەنگە لەو کاتەدا ئەمریکا خۆی دنەی وڵاتان و جەمسەرەکان بدات بەردەوام لەجەنگ و کوشتاردا بن و پشوویەک نەدەن.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ