بیروڕا
هەڵبژاردنی پێشوەختە و قەیرانی پێشوەختە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

تاكو سەروەختی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، عیراق چەند رۆژێکی گەرموگوڕی پڕ ململانێ و پێكدادانی سارد و رەق تێدەپەڕێنێت، ئەم ماوەیە بۆ عیراقییەكان پڕە لە دوو دڵی و راڕایی و ناجێگیریی لە بڕیاردان و پێكدادانی بەرژەوەندییەكان و جەمسەرە جیاوازەكان، بۆ عیراقییەكان لەلایەك گەلێك قورس و تاقەت پڕوكێنە لە بڕیارە سیاسی و چارەنووسسازەكاندا، لەلایەكی دیكەشەوە زۆرینەی تاكی عیراقی بەم جۆرە بارودۆخانە راهاتوون كە هەمیشە ئەو هەموو ماندوو بوون و چەرمەسەریە ببینن بە دەست پێشهات و رووداوەكانی ناو عیراقەوە.

ئەگەرچی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە بە هیوایەك و رێگا چارەیەك بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان و كێشە كەڵەكەبووەكانی عیراق دادەنرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی پێكدادانی بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەكان و وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی تێیدا، تەواوی قەیران و كێشەكانی عیراق پێش دەخات، ئەم هەڵبژاردنە نەك كێشەكانی عیراق كپ ناكاتەوە و بەردیان لەسەر دانانێت و كۆتاییان پێ ناهێنێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە كێشەكان دەمەزەرد دەكاتەوە و قەیرانەكان قووڵتر دەكاتەوە و زووتر لە روودانیان نزیك دەبینەوە.

كاتێك دەوترێت هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەبێت قسە لەسەر قەیران و دۆخی سیاسی و ئەمنی و جیۆسیاسی عیراق بكرێت بۆ پرۆسەیەكی لەم شێوەیە، عیراق سنوورێكی ئەوەندە توندوتۆڵ و یەكگرتووی نییە كە هێزە ناوچەیی و جیهانییەكان لە رێی هەژموون و داگیركاری و هێزە سێبەرەكانیانەوە دەست نەخەنە ناو پرۆسەیەكی لەم شێوەیەوە و لێگەڕێن بە ئاسانی و بێ كەموكورتی تێپەڕێت، بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختە نوێكردنەوە و داڕشتنەوەی قەیرانەكانی عیراقە لە فۆرمێکی نوێدا.

لایەنە سیاسییەكانی عیراقیش لە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا وتار و كرداریان دژ و ناكۆكە، لە كاتێكدا دەیانەوێت لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان و كێشەی ئاو و كارەبا و مووچە و خزمەتگوزارییەكان بكەن، هاوكات هەر لایەنە سیاسییەكان خۆیانن پشكی تەواویان بەردەكەوێت لەو قەیران و كێشە سیاسی و ئەمنی و ناخوخۆییانەدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناتوانێت چارەسەری بكات و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن لەسەر یەكتر زیاتر دەبن.

لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا كە  167لایەنی سیاسی بە21 هاوپەیمانی و 3249 كاندیدەوە و لە 10ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، هیچ دڵنیاییەكی ئەوتۆ بە گەلانی عیراق نادات كە ئەو هەموو كاندید و هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییانە بتوانن بازێكی گەورە بە عیراق بدەن لە دۆخێكی چەقبەستووی پڕ قەیرانەوە بۆ عیراقیكی نوێ كە هاووڵاتیانی عیراق تێیدا هەست بە ئاسوودەیی بكەن و قەیرانە كەڵەكە بووەكانیش تێپەڕێنن، چونكە ئێستا بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەم هەڵبژاردنە خاڵی بۆتەوە لە داوای خۆپیشاندەرانی عیراقی كە دەیانویست ئەم هەڵبژاردنە لە مانگی شەشی ئەم ساڵدا بکرێت، بەڵام نەكرا و ئەوەیە كە خراوەتە مانگی داهاتوو.

ئەگەر عیراق لە دەرەوەی هەڵبژاردنیش بێت هەمیشە خاكێكی لەبارە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی نوێ، كۆی گشتی قەیرانەكان لەناو پرۆسەیەكی وەك هەڵبژاردندا كۆتاییان نایەت، بۆیە وێنای عیراق وادەردەكەوێت كە كێشە بنەڕەتییەكانی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، بەڵكو پرسی ئیدارەدان و چاكسازی و شەڕی گەندەڵی و دەستتێوەردانی دەرەكی و ئەو هەموو بە هەدەردانەیە كە بەرپرسان و كاربەدەستانی عیراق بە داهاتی ئەم وڵاتەوە دەیكەن، لە راستیدا بەلای تاكی عیراقییەوە پرسی دیموكراسی و هەڵبژاردن، قەیرانی سەرەكیی عیراق نییە، لەكاتێكدا هاووڵاتی عیراقی تەواوی قەیرانەكانی عیراق لە بوارەكانی مووچە و كارەبا و ئاو و تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكاندا دەبیننەوە.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ستران عەبدولڵە
ستران عەبدولڵە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ