بیروڕا
هاوسەنگ كردنی هێزی بێگانە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

كاتێك قسە لەسەر چەمكی "هێز" دەكرێت، دەبێت بزانین كە هێز دوو جۆرە "هێزی رەق" و "هێزی نەرم"، هەرچی هێزی نەرمە تەواوی سیاسەت و سەرخان و كەلەپوور و رۆشنگەری و رۆحی باڵای سەركردە و فەرهەنگ دەكرێتەوە، تاكو ئەمڕۆ كە ساڵی 2021 و 30 ساڵ بەسەر راپەڕیندا تێدەپەڕێت و 46 ساڵیش بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، هیچ هێزێكی سیاسی لە كوردستان نەیتوانیووە هێندەی یەكێتی هێزی نەرمی بەقووەت بێت و بتوانێت ئەو هێزە نەرمە بخاتە خزمەت خۆی و گەلەكەیەوە. هەرچی هێزی رەقیشە ئەوا بە نیسبەت یەكێتییەوە دابەشی چەند قۆناغێك دەبێت. لە سەرەتای دامەزراندنی یەكێتییەوە ئەم حزبە هێزی رەقی ئەوەندە تۆكمە بووە ململانێ و رووبەڕووی چەندان وڵاتی زلهێزی ناوچەكە بووەتەوە و لەچەندان بەرەوە شەڕی وڵاتانی دراوسێی پێ كردووە.

ئەوەی لە كوردستان ناوی هێزی رەقە و كەوتۆتە دەرەوەی هێزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، هێزێكی رەقی ناوخۆیی نییە، بەڵكو هێزێكی رەقی دەرەكییە كە لە كوردستاندا بۆ پشتیوانی هێز و لایەنی دیكە ئامادەیە، جگە لە یەكێتی هیچ هێزێكی دیكەی كوردی هێزی رەقی خۆیی بەرهەم نەهێناوە ئەگەر لایەن و وڵاتێكی دیكە دەستگیرۆیی و هاوكاری ئەو لایەنەی نەكردبێت.

لە شەڕی تیرۆریستانی "داعش"دا، بینیمان هێشتا هێزی رەقی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چی ئاستێكدایە و هێزی رەقی لایەنەكانی دیكە لە چی ئاستێكدایە و توانایی لایەنەكانی دیكە بە بەراورد بە هێزی رەقی یەكێتی چەندە و چۆنە.

ئەگەر لە باشووری كوردستان وڵاتانی ئیقلیمی بە هێزی رەقیانەوە كۆمەكیان بە لایەن و هێزی سیاسی دیكە نەكردایە ئەوا ئێستا یەكێتی تاكە هێزی سیاسی سەر گۆڕەپانەكە بوو كە لە هەردوو هێزی رەق و نەرمەوە تەواو بێڕكابەر دەبوو، ئەوانەی ئەمڕۆ باڵانسی هێزیان بەلای خۆیاندا شكاندووەتەوە بۆ خۆیان دەزانن كە ئەوەی بەرهەمیان هێناوە كاتییە و هەمیشە لە دڵەكوتێدان كە ئەو ناهاوسەنگییە كۆتایی بێت و ئەو وڵاتە ئیقلیمیانەی لە پشتیانەوە وەستاوە پشتیان بەربدەن و هەرەس بهێنن.

ئەو دوو جۆرەی هێز "نەرم" و "رەق" كە لەسەرەتای دەركەوتن و خۆبەیانكردنی یەكێتییەوە بووەتە ناسنامە و خاڵی ئەكتیڤی یەكێتی هەرگیز بە هێزی ناوخۆیی تێناپەڕێنرێت و هیچ لایەنێكی ناوخۆیی ناتوانێت وەك یەكێتی لە یەك كاتدا خاوەن هەردوو هێزەكە بن، ئەوە تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لەكاتێكدا هەڵگیرسێنەری شۆڕشە و خاوەن هێزێكی رەق و تۆكمە و شەڕكەری گیانفیدا و شەهیدی زۆرە و خاوەن شۆڕشی نوێی گەلەكەمانە، هاوكات خاوەن هێزێكی نەرمی وەك شۆڕشی گەنجان و ژنان و دامەزراندنی تیڤی و بەرپاكردنی كەشی دیموكرات و دامەزراندنی حكومەت و پەرلەمان و پرۆسەی هەڵبژاردن و رۆحی كاریزمایەكی وەك "مام جەلال"ە، بۆیە هەمیشە جوانییەكانی هێزی ئەم وڵاتە بەلای یەكێتیدا لاسەنگە نەك بەلای ئەو لایەن و كەس و حزبانەدا كە هیچ شتێكیان بەرهەمی خۆیان نیە و نوسەری گەورەی تورك "جەنگیز چاندار" دەڵێت "یەكەم میدیای ئەو حزبە ئێمەی تورك دروستمان كردو دامانمەزراند"

ئەو جوڵە سیاسی و دپلۆماتیەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەم دواییانە لە بەغداوە پێی هەستا و بەرهەمەكەی گەڕانەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بوو، بەرهەمی ئەو پێگە و مەكانەتە سیاسی و دپلۆماتی و سەربازییەی یەكێتی بوو كە هیچ هێزێكی دیكەی كوردی ئەو تواناییەی نییە و پێیناكرێت. وێنەی ئەم ناهاوسەنگییەی هێز لە باشووری كوردستان ئێستا لەوەدا نییە كە بە زۆرینەیەكی پەرلەمانی موزەییف دروستبووبێت و كێ لە پەرلەمانی كوردستان زۆرینەیەكی تەزویركراوی هەبوو ئەوا زۆرینەی هێز و بڕیاردانیش لای ئەو بێت، بەپێچەوانەوە هێزی نەرمی یەكێتی زۆر لە هێزی رەقی ئەو هێز و لایەنانە بەهێزترە كە بەهێزی رەقیشیان بەرگرییان لە خۆیان و پایتەختەكەشیان پێنەدەكرا.

ئەگەر تاكە شتێك هەبێت لە كوردستان یەكێتی بیەوێت هێزی خۆی پێ هاوسەنگ بكات، ئەوە هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی نییە، بەڵكو ئەو هێزە بیانی و داگیركەرانەیە كە بوونەتە خاوەن بەشێك لەم ماڵە كوردییە كە پێی دەگوترێت باشووری كوردستان.

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ستران عەبدولڵە
ستران عەبدولڵە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ