بیروڕا
رۆژئاوای کوردستان و زمانی کوردی
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لەدوای ساڵی 2011 و شەڕ و قەیرانەكانی سوریاوە، جیهان هەرچۆن و بە هەر چاوێكی وەك شەڕكەر و پاڵەوان و ئازا روانیبێتی بۆ كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان، كورد خۆی لە پارچەكانی دیكەی كوردستاندا بە چاوی بەزەیی و رەحم و قوربانی لێی روانیووە، ئەم تێڕوانینە كوردییە پڕ بەزەییە بۆ رۆژئاوای كوردستان شتێكە كە پەیوەستە بە رۆح و خەمە ناسیۆنالیستی و نیشتمانییەكەی كوردەوە، بەڵام واقیع و دەستکەوت و بەرهەمی خەباتی رۆژئاوا شتێكی دیكەیە كە جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشییە و پەیامی كوردانی رۆژئاوایە بۆ جیهان.

 ئەگەرچی وا نزیكەی 10 ساڵە رۆژئاوای كوردستان بەدەست جەنگێكی ناوخۆیی سوریا و پەلامارەكانی توركیاوە گیرۆدە بووە و تەواوی كەینە «راپۆرت»ە جیهانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لەبەرامبەر كوردەكاندا چەكی قەدەغەكراو بەكارهێنراوە، لەدوای ساڵی 2014 وە جەنگی تیرۆریستانی داعش، نەیهێشتووە كوردەکانی رۆژئاوا پشوویەك بدەن و بە تەواوی نەیان پەرژاوەتە سەر كایەكانی دیكەی كۆمەڵگەی كوردی و ئاوەدانكردنەوەی رۆژئاوای كوردستان، بەڵام هەموو ئەو بەربەستانە رێگر نەبوون لەبەردەم نموونەیەكی باش و جوانی خەباتی كوردانە و شۆڕش لە رۆژئاوادا، بەتایبەتی پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی شار و گوندەكانی رۆژئاوا و پرۆسەی پەروەردە و فێركردن.

 مێژوویەكی درێژە كورد لە سوریادا هەیە، بەڵام هێشتا زمانی كوردی بە رەسمی نەناسراوە،  خۆشبەختانە لەگەڵ رزگاركردنی رۆژئاوای كوردستان و راگەیاندنی كانتۆنەكان لە رۆژئاوادا، زمانی كوردی گەڕایەوە ناو مامەڵەی رۆژانە و بووە زمانی رەسمی دامودەزگاكانی رۆژئاوا و لە زانكۆی «كۆبانێ» وەك وانە و پرۆگرام چووە مەنهەجی خوێندنەوە.

 لەم ساڵدا «2021» یەكەم گروپی خوێندکارانی زمانی كوردی لە زانكۆی كۆبانێ دەرچوون و ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوا بڕیاری دەمەزراندنی ئەو خوێندكارانەی دا بۆ باشتر و زیاتر خزمەتكردن بە زمانی كوردی و بەرەوپێشچوونی لە رۆژئاوای كوردستاندا.

 هەواڵی دەرچوونی خوێندكارانی زمانی كوردی لە زانكۆی كۆبانێ، هەواڵێكی دڵخۆشكەرە و بەها و گرنگی تایبەتی هەیە بۆ هەموو كوردێك لە هەر كوێ بێت، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی كە دوژمن چەندە بیەوێت كورد لەناو ببات و خاكەكەی داگیربكات و زیندە بەچاڵیان بكات و چەكی قەدەغەكراویان لە دژ بەكاربهێێت بۆ لەناوبردنیان، بەڵام ئەگەر دەستی نەگاتە زمان و فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە، ئەوا ناتوانێت بە ئامانجی خۆی بگات و ناتوانێت بۆ هەمیشە ئەو گەلە لەسەر نەخشە بسڕێتەوە.

 لە دەرەوەی بەها مەعنەوییەكەی ئەم هەواڵە كە بۆ كورد گرنگە و هێزی نەرمی كوردە دژی ئەو هەموو شەڕ و دژایەتییەی لە رۆژئاوای كوردستاندا دژی كورد دەكرێت، هاوكات ئەم هەواڵە بەهایەكی سیاسی و فەرهەنگی و شارستانیشی هەیە و دەرخەری ئەو راستییەیە كە كورد لە رۆژئاوای كوردستاندا تەنها شەڕكەرێكی باش و قارەمانێكی خۆبەخش نییە، بەڵكو لە پاڵ شۆڕشە سەرەكییەكەیدا كە رزگاریی نیشتمانە، چەندان لقە شۆڕشی دیكەی هەیە بۆ ئەوەی نموونەیەكی جوانی دەسەڵات و ئیدارەدان و بە سیستماتیك كردنی دامودەزگاكان لە رۆژئاوای كوردستاندا پیشانی وڵاتانی دەرەوە و دۆست و دوژمن بدات.

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ