بیروڕا
ڕاپەڕین و ڕەوکردن
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ڕاپەڕین و ڕەوکردن، دوو چەمکی تائەندازەیەک هەڵگری مەفهومی ڕەت کردنەوەن، ڕاپەڕین ڕاستەوخۆ ڕەت کردنەوەی وجودێکە، بەڵام ڕەوکردن بە ناڕاستەوخۆ واتە ڕەت کردنەوە و نەویستنی هەمان شت.

لەپێش ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا لەساڵی 1991، بەشێکی زۆری میللەتی کورد لەڕێگەی ڕەوکردنەوە بۆ هەندەران، یان ڕەوکردن بۆ شاخ و بوونیان بەپێشمەرگە، ناڕاستەوخۆ دەسەڵاتی فاشیستی بەعسیان ڕەت کردەوەو نەیاندەویست لەژێر دەسەڵات و زوڵم و زۆری بەعسدا بژین، بەڵام ڕاپەڕین زەمەنێکی زۆر دوای ڕەوکردن لە کوردستان دەرکەوت، لە ڕەوکردندا ڕق و توڕەیی میللەت ناگاتە لوتکە بەڵام لە ڕاپەڕیندا گەیشتە لوتکە و ڕقی میللەت بەڕووی بەعسدا تەقییەوە.

ڕەوکردن لە هەر نیشتمانێکدا دەرکەوت وەک ئەوەی لە وڵاتانی ئاسیا، خۆرهەڵات و کوردستانیش بینراوە، مایەی مەترسییە، ڕەوکردن زەنگی مەترسیدارە بۆ نزیکبوونەوەی ڕاپەڕین، لە سەردەمی ڕەوکردندا وتاری هەڵخەڵەتێنەرانەی دەسەڵات ڕەوەندو ڕەوکەر پەشیمان ناکاتەوە لە ڕەوکردن، ڕەوکردن پشت تێکردنی تاک و میللەتە لەدەسەڵات و نایانەوێت جارێکی دیکە شێوەیان ببیننەوە، بەڵام ڕاپەڕین ڕووبەڕووبوونەوەی تاک و میللەتە لەگەڵ دەسەڵات و باکیان بە مردن و کوشتن نییە، لە ڕەوکردندا تائەندازەیەک ناچاری وجوودی هەیە، بەڵام لە ڕاپەڕیندا هیچ ترسێک وجوودی نامێنێت، کاتێک ڕاپەڕین دێتەبوون، مرۆڤە ئازاکان نەیانەوێت ڕەوبکەن و ئامادەی ڕاپەڕینن و مەرگ هەڵدەبژێرن.

دەسەڵاتداری ئاوەزمەند ئەوەیە نەهێڵێت دیاردەی ڕەوکردن لە وڵاتەکەیدا سەرهەڵبدات، دەسەڵاتداری لێزان و هۆشمەند ئەوەیە هەموو ئەگەرەکانی نزیکبوونەوەی ڕاپەڕین لەخۆی دووربخاتەوە و هەموو نیشانەکانی دەرکەوتنی ڕاپەڕین چارەسەر بکات، سیاسی زیرەک و دەسەڵاتداری کارامە ئەوەیە سواڵ بۆ گەلەکەی بکات لەپێناو تێربوونی گەل و بیرنەکردنەوە لەڕەوکردن و دوورکەوتنەوە لە ڕاپەڕین. گەلی تێر! بیر لە ڕەوکردن ناکاتەوە و ژیانی خۆی تێکنادات و ناچێتەناو کردەی ڕاپەڕینیشەوە.

مەخابن لە هەرێمی کوردستان، ڕەوکردن زەنگێکی مەترسیدارە و لێدراوە، دەسەڵاتداران نەک هاوشێوەی گۆڵدامایەر و گاندی و ماندێلا و .... هتد نین بۆ میللەتەکانیان ناکەن، ئەم کاربەدەستانەی کوردستان نەک سواڵکەر! نین بۆ میللەتەکەیان بەڵکو میللەتیان خستۆتە سواڵ و ڕقی میللەتیان تاکو لێواری جامەکە هێناوە!

ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی سەریانهەڵنەدەدا ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە تێگەشتنیان هەبوایە بۆ ڕەوکردنی هاوڵاتییەکانیان و برسیکردنیان، بەڵام چونکە جیاوازی چینایەتی هەبوو، کۆمەڵگە لەلایەک و دەسەڵاتداران لەلایەکی دیکە  بوون، دەسەڵاتداران لەبرسێتی هاوڵاتیان بەئاگانەبوون، ئەوەبوو ڕەوکردن دەرفەتی بە سیاسەت و پیلانی جیهانیدا و لەناوخۆشدا ویستی میللەت، پێکەوە بوون بە ڕاپەڕین و دەسەڵاتداران کەوتنەبەر توڕەیی گەل.

‌‌ زیاتر ...
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ