روسیا لەگەڵ ئۆكرانیا لە جەنگدایە، پوتین هەست بە پیلانێكی دەرەكی دەكات دژی وڵاتەكەی بەبێ بەكارهێنانی هێزی رەق، ئەویش پیلانێكە لە رێگەی هێزی ئابووری و بەتایبەتی تر پرسی غازی دەرەكی.
وەك ئامادەكارییەك، لە ئەگەرێكدا ئەوروپییەكان لە غازی روسیا كشانەوە و روویان لەهەر وڵاتێكی دیكە كرد، پوتین هەنگاوی یەكەمی بۆ بەرگری لەو پیلانە ناوە و بڕیاری داوە غازی وڵاتەكەی بە رۆبڵ بفرۆشێتە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەش بە ئاسانی بۆ پوتین دەچێتەسەر، چونكە لەلایەك ئەوروپا ناچارە ئەو رێژەیەی 40%ی غازی روسیایە بكڕێت و لەلایەكی دیكەشەوە بەهای دراوی روسیاش بەرزدەبێتەوە. لەگەڵ ئەو دوو دیوەشدا، ئێستا غازی هیچ وڵاتێك بەدیلی غازی روسیا نییە و نزیكترین وڵات غازی شل بنێرێتە دەرەوە، وڵاتی «قەتەر»ە، ئەمەش دوو ساڵی دیكەی دەوێت.
لە روانگەی ئەو مەشهەدەوە كە پوتین دەیبینێت و بە نەیارێتی دەرەكی ناوی دەبات، هەر وڵاتێك بیەوێت بەدیلی غاز و نەوتی روسیا بێت بۆ ئەوروپا، لە سزا و تۆڵەی روسیا دەرناچێت، ئەگەر تەنانەت دۆست و بریكارەكانی روسیاش بە ئەو سزایانە هەستن.
ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان قسە زۆر لەسەر ئەوە دەكرێت كە نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەبێتە بەدیلی غازی روسیا بۆ ئەوروپا و موژدانەی ئەوە بڵاودەكرێتەوە كە هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانە، ئەم موژدانەیە ئەوەندەی دیوی مەترسی و سلبی هەیە، ئەوەندە هیوابەخش و مایەی خۆشگوزەرانی نییە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
گریمان موژدانەی بوونی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی راستە، بەڵام چەندە بوونی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو نەخشەیە گەورە دەربكەوێت و تاكو زیاتر وڵاتان چاوی تموحیان ببڕنە نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، هێندەش هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی جەنگی وێرانكەر و پێكدادانی جەمسەربەندی ناوچەیی و جیهانی دەبینینەوە و هەمیشە لە بەردەم مەترسی تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنیدا دەبین، چونكە سەرۆكی روسیا لە رێگەی بریكارەكانیەوە لێناگەڕێت بەئاسانی غازی هەرێمی كوردستان شوێنی غازی روسی بگرێتەوە و روسیا بخرێتە گۆشەیەكی جیهانییەوە و جگە لە ئێران و سوریا و چین، هیچ جووڵەیەكی دیكەی نەبێت و داببڕێنرێت لە ئەوروپا.
هەبوونی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی هەروا دروشمێكی سادە و بێ خوێندنەوەی قووڵی ئابووری نابێت و كارێكی نا لۆژیكی، نا سیاسی و نا ئابووریشە، چونكە لە هەرێمی كوردستان نەك تەنها لەلایەن هاوپەیمانەكانی روسیاوە دژایەتی نەوت و غازەكەی دەكرێت، بەڵكو كێشەی گەورەی نێوان هەرێم و بەغداش لەسەر نەوت و غازی هەرێمە و دادگای فیدراڵی تێبینی زۆری لەسەر هەناردەكردنەكەی هەیە، بۆیە سیاسیەتی ئابووری ژیرانە و سەركەوتوو ئەوەیە نەوت و غاز نەكرێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی جەنگی زلهێزەكانی دەرەوە و پەیوەندییەكانی هەرێمیش لەگەڵ بەغدا لە ناوخۆدا بەرەو خراپتر بچێت و كوردستان لەسەر نەخشەی وزەوە بگوازرێتەوە بۆسەر نەخشەی جەنگێكی گەورە.