بیروڕا
ڕاوێژکارەکان
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

گریمان کاربەدەستەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەندە کورسییەکەیان بەرز بووەتەوە کە خوارەوە لەپێش چاویان "تەم" دەکات و هاوڵاتیان نابینن، ئەی ڕاوێژکارەکانیان چین؟!

پەیوەندی ڕاوێژکارەکان بە کاربەدەستەکانیانەوە لەدوو تەوەر دەرناچێت، یەکەمیان یان ئەوەیە ڕاوێژکارەکانیش لەهەمان دۆخی کاربەدەستەکاندان و ئەوانیش وێنەی دۆخی هاوڵاتیان لەسێبەری خۆیان و کاربەدەستەکەیانەوە دەبینن، دووەم یان ئەوەیە کاربەدەستی کورد وەک شتێکی تەقلیدی ڕاوێژکاری هەیە. بەڵام لەڕوانگەی دۆخی کەسی و خێزانییانەوەو بەپێی وێنەکانیان! ڕاوێژکارەکانیش لە تەوەری یەکەمدان و وەک چۆن کاربەدەستەکان ڕاوێژیان پێناکەن، هاوکات ڕاوێژکارەکانیش دووجار دڵخۆشن کە تەنانەت بەخەوتووییش! پارەی بۆ حیسابە، ئەگینا ئەگەر ڕاوێژکارەکان لە شێوەی دووەمدان بۆ جێگاکەیان جێناهێڵن و ڕایبگەیەنن کە ڕاوێژیان پێناکرێت؟

ساڵی پار لە پێشانگای کتێبی سلێمانی بەڕێککەوت چاوم بەکەسێک کەوت و پێموت: دەمێکە دیارنیت و ناتبینم، وتی: ئێستا لەنوسینگەی فڵان بەرپرسم، ڕاوێژکارم..! بەپێکەنینەوە وتم: ئەوە ڕاوێژ و دانیشتنتان بەپێی ڕۆژ و هەفتەیە یان مانگانە، وتی وەڵا هیچیان، ڕاوێژمان هەر پێناکرێت و تەنها دەچینە دەوام و دێینەوە، بەپێچەوانەوە ئێمە جارجار ڕاوێژ بە ئەو دەکەین.

لەئەو ڕۆژەوە بۆ ئێستا، دەمویست شتێک لەسەر ئەو حەقیقەتە بڵێم کە زۆرێکی ڕاوێژکارەکانی کاربەدەستەکان، چی بارگرانییەکن بۆ ئەم وڵاتە و تەنانەت بۆ خودی کاربەدەستەکانیش. ڕاوێژکارەکان نەک ڕا و وتووێژیان لەگەڵ بەرەی (کاربەدەست ــ بەرپرس)  نییە، تەنانەت بەرەی (هاوڵاتی ــ میللەت)یشیان جێهێشتووە، ئەگەر زیادەڕۆیی نەکەم لەقسەکانمدا دەتوانم بڵێم ڕاوێژکارەکان ئێستا پێیان عەیبە هاوڕێتی هاوڵاتییەکی ئاسایی کۆمەڵگە بکەن!

ئەو دۆخە سیاسی و ئابووری و میدیایی! و کۆمەڵایەتییەی ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە، دەرفەتم دەدات بڵێم ئەوەی بەسەر کوردستان هات لە ڕابردوودا وەک ڕیفراندۆم و ئابووری سەربەخۆ و لەدەستدانی خاکی کوردستان و هاتنی داعش، ئەگەر خەتاکەی بەشێکی سەرەکی کاربەدەستەکان بووبێت، ئەوا بەشەکەی دیکەی ڕاوێژکارەکانیان بووە، بۆ ئێستاش بەهەموو مانایەک کارەساتە کاربەدەست و ڕاوێژکار هەردوکیان بێئاگابن لەوەی ناکرێت خەونی دۆنکی شۆتی ببینین و پێمانوابێت غازی هەرێمی کوردستان دەبێتە بەدیلی غازی ڕوسیا بۆ ئەوروپا.

دەرئەنجامەکان پێماندەڵێن ڕاوێژکارەکانیش وەزیفە ئەخلاقییەکەی خۆیانیان جێبەجێ نەکردووە، دەتوانین دوورتریش بڕۆین بۆ ڕاڤەی وەزیفەی ڕاوێژکاری لەناو کوردداو بڵێین: ڕەنگە کورد ئەسڵەن بڕوای بەشتێک نەبێت ناوی ڕاوێژکارە.

‌‌ زیاتر ...
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ