بیروڕا
تاكڕەویی دیپلۆماسی
عەتا کەریم‌

 ئیدارەدانی سلكی دیپلۆماسی لە هەرێمی كوردستان لە خراپترین دۆخدایە، لە كاتێكدا ئەم سلكە بۆ كورد و قەوارەكەی گرنگە، هاوكاتیش كلیلێكە بۆ كردنەوەی دەرگای دەرەوە بۆ گەیاندنی خواست و رەوایەتی مافەكانی و دروستكردنی پردی پەیوەندی و پشتیوانی پتەو بۆ قەوارەی هەرێمی پڕكێشە و قەیران.

چەند نموونەیەكی نزیك پێمان دەڵێت، كە هەرێمی كوردستان گرفتی گەورەی لە دیپلۆماسیدا هەیە، بەو پێیەی جگە لە «شۆ» و سەردان و نماییش، دەستكەوت و كرانەوە و پەیوەندیی پتەوی گەرەنتیكراو بە ئاراستەی هەرێم لە ئارادا نییە، بەكردەوەش ئەم شكستە ئەزموون كرا، بەتایبەتی لە 25 ئەیلولی 2017 دا كە مەسعود بارزانی بڕیاری ریفراندۆمی داو پشتتێكردنی ئاشكرای وڵاتان بە رووی هەرێم دا بینرا، لە كاتێكدا 40 دەوڵەت و ئاژانسی نێودەوڵەتی لە جیهان، كونسوڵخانە و نوێنەرایەتیان لە هەوڵیری پایتەخت هەیە، لە بەرامبەریشدا هەرێم 14 نوێنەرایەتی لە دەرەوە هەیە و لە رێی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە سەرپەرشتی دەكرێن.

193 دەوڵەت ئەندامی رەسمی نەتەوە یەكگرتووەكانن، بەڵام هەرێم پەیوەندییەكی باریكی گرێداوە كە 14 دەوڵەتە، ئەم پەیوەندییەش بەرتەسك و بچوككراوەتەوە بۆ خزمەتی حزبێك، جار هەیە دەخرێتە خزمەتی تاكە كەسییەوە، بۆیە ناتوانرێت بەم مامەڵە تەسكەوە خزمەتی دیپلۆماسی باڵا و نیشتمانی بكرێت لە پێناوی دۆزی گەلی كورد.

تاكڕەوی دیپلۆماسی، گورزی شكێنەری لە دروستكردنی پردی پەیوەندی هەرێم بە جیهانی دەرەوە داوە، رووداوەكانی دەرودراوسێی هەرێم روونترە كە هێندە لاوازە، هەرێم ناتوانێت پەیوەندییەكی نیشتمانی و هاوسەنگ دروست بكات كە زیان بە سەقامگیریی و ئاسایشی نیشتمانی نەگەیەنێت، ئەمەش لە نموونەی بۆردومان و لەشكركێشییەكاندا دەردەكەوێت.

پارتی كە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە هەڵدەسورێنێت و بەرپرسی یەكەمی فەرمانگەكەی لەلایە، هۆكاری تاكڕەویی دیپلۆماسی و قۆرخکردنی ئەو سلكەیە، بۆیە بە ئەجێندای حزبی مامەڵە دەكات، كە زیانی زۆر بە پەیوەندییەكانی هەرێم بە دەرەوەی خۆی دەگەیەنێت، بۆیە رزگاركردنی دیپلۆماسیەتی هەرێم لە تاكڕەویی حزبی، سەرەتایەكی باش دەبێت بۆ بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگی نیشتمانی بۆ هەرێم، لە كاتێكدا دەكرێت بەو پەیوەندییە دیپلۆماسیانەی هەیەتی پردێكی باشتر دروست بكات، نەك ئەوەی ئێستا كە پردێكی لەرزۆكی حزبییە و خەباتی دیپلۆماسی كورد شكست پێدێنێت، كە لە هەموو كات زیاتر پێویستی پێیەتی.

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
زۆرترین خوێندراو