بیروڕا
دوا دیمەن
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر

ڕەوتی ژیانە پڕ لە دیمەنەکان ، هەر یەک لە ئێمە لە سەرەتای لەدایک بوونمانەوە تاکو دەمرین وە ئەم ژیانە پڕ خۆش و ناخۆشیە بەجێ دێڵین وە لە پێناوی دا سەدان ململانێ و سەدان داستان تۆمار دەکەین و هەندێک جار پەرداخی سەرکەوتن دەنۆشین و هەندێک جاری دیکە ڕەنگە سەرکەوتن بە تامی ژەهر بنۆشین و هەندێک جار بەرەو هەڵدێر هەنگاو دەنێین ، ئەمە ناگاتە ئەوەی ئێمە دەست بەرداری ئامانج و خەونەکانمان بین ئەو دەریا سەر شێتەی کە ناوی ژیانە و مرۆڤێکی تیایە لە وزە و دەسەڵات وە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە خۆی ڕزار بکات لانی کەم لە نوقوم بوون هەر بۆیە دوای ئەوەی کە چاو دەکەینەوە و دێینە دەرەوە بەرەو خوێندنگا و پاشان زانکۆ و پاشان خۆ پێناسە کردن لە شانۆی کۆمەڵایەتی هەنگاوی تر دەنێت لە چەن بواری جیا جیا دا و هەر جارێک بە شێوازێک و بە جۆرێک تاکو تایپ و ستایل و فۆرمی خۆی و هاوتاکانی بدۆزێتەوە کە زۆر فاکتەر و هۆکار هەن کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەو خۆیان هەیە کاریگەریان هەیە لە ڕاکێشانی هێڵ و بونیاکردنی کەسەکان

بێگومان زۆر ئاساییە هەر کەسێک بە ویستی خۆی و ئارەزوی خۆی بە پێی کلتور و نەریت و فلسفە و ڕەوتی ئەو قەزایەی کە تیایدا هاتۆتە دونیاوە و گەورە بووە بیر بکاتەوە و بژیت بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە ماف و ئازادیەکان و تایبەت مەندیەکانی کەسانی تر و ماف و ئازادیە گشتیەکان ببزێنین کورد وەتەنی ( گورگ مەبە لە پێستی مەڕا ) یاخود ( خۆت کردووە بە مەڕی پێغەمبەر ) کە چی پاش چەند دیمەنێک ئەبینیت و بۆت دەر دەکەوێت کە ئەمە وا نیە و پێچەوانەی ڕووکەشە جوانەکە بوو وە ئەم کارئەکتەرە بە بەردەوام لە ئاکتەر کردن و خۆ نمایش کردن بوو تا بەو پەڕی جوانیەوە قبوڵ بکرێت

باز و جەمپ زۆر کەس دەگەیەنێتە ئاستێک کە لە جۆرێکی جیایە  ڕەنگە ئەم بازە کۆمەڵایەتیە بێ یان حەزی پایەی سیاسی یان ئابووری و ڕەنگە هەندێک جار بە پێچەوانەوە بە ڕیزبەندی زەمەن ئەم کارەکتەرە بخاتە ئەو شوێن و پێگەیەی کە بەریەککەوتنی لەگەڵ دەکەیت بەڵام لەبەر ئەوەی سروشتی مرۆڤ هەندێک جار درەنگ ڕەنگە بەریەککەوێت هەربۆیە ئێمە کاتێک بەخەبەر دێینەوە کە چەند قۆناغێکمان بڕیوە و چەند دیمەنێکمان نمایش کردووە بەڵام لە دوا دیمەندا یان لە نێو دەقی ئەم جموجۆڵە ڕۆژانە دەبینین کارەکتەر لە دەق دەردەچێت و دەچێتە پێکهێنانە ڕاستەقینەکەی خۆی کە ئەمەش دەبێتە مایەی شۆک و سەر سوڕمان ، ئەمە کێیە ؟ ئەمە ئەو کەسایەتیە نەبوو کە زۆر بە بەرزی لە قەڵەم دەدرا؟

لادان لە ڕەوتی سروشتی مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتیەکان بە هەر شێوەیەک بێت و بەهەر یاسایەک بێت جێگای قبوڵ کردن نیە کاتێک مەرامە شاراوەکان سەر ئاو ئەکەون

ڕۆژگار و زەمەن کەفیلە و بارمتەی ئەوەیە کە ئەم جۆرە کارەکتەرانە ناتوانن و ماندوو دەبن وە زۆر بە زوویی شانۆکە بەجێ دەهێڵن و دوا دیمەن وێنا و نمایش ناکەن چونکە تەنیا پاڵەوانەکان دەتوانن بجەنگن تا دوا دیمەن گەر لەم پێناوەشدا بمرن

وە ژیانی کۆمەڵایەتی بە هەر شێوەیەک بێت لای کارئەکتەرە ئازاکان ناخوێنرێتەوە و جێ ناگرێت مردنێکی شکۆدار و ژیانێکی پڕ لە شەرەف مەندی جا لە ژێر چەتری هەر بیرکردنەوەیەکدا بێت بەمەرجێک سوود بەخش بێت بۆ کۆمەڵگا نەک تێکدەر بێت(مفسد) جا لەسەر مەودای نزیک یان دوور ، وە  بە هەر ئاراستەیەکدا دیاری کرابێت ئەم هەنگاوە مەزن ترە لە بچوکی و خۆ بچوک کردنەوە بێگومان لە چوار چێوەی ئەخلاق و لۆژیک و مۆراڵ و نەریتی سەردەمیانە ، لێگەڕێ با ئەم هەنگاوانە بچنە زبڵدانی مێژووەوە ، نایەم لە ڕووت بەڵام بە وەزیفەی خۆمی دەزانم پێت بڵێم خۆت بخوێنەوە و بە خۆتا بچۆرەوە وە بزانە سەنگ و پانتایی تۆ لە پای چی و کێ بەدەست هاتووە ئەی بوونەوەری بچووک .

لە خودا و ئاسمان مەزنتر کێیە ؟ دەبێت کێ بێت کەچی لە هەندێک لە دەقەکانی ئاسمان خودا باس لە شەرمی خۆی دەکات بەرامبەر هەندێک کەس ، وەک لە فەرمودەیەکی پیرۆزیش دا هاتووە کە دەفەرموێت ( ما كانَ الفُحشُ في شيءٍ إلَّا شانَهُ ، وما كانَ الحياءُ في شيءٍ إلَّا زانَهُ ) واتە خراپەکاری لە هەر شتێکا هەبێت ناشرینی دەکات وە شەرم و حیاء لە هەر شتێکا هەبێت جوانی دەکات ، وە لە فەرموودەیەکی تریشدا دەفەرمووێت (إذَا لَمْ تَسْتَحِ فَاصْنَعْ مَا شِئْت ) واتە  ئەگەر شەرمت نەکرد چیت پێخۆشە بیکە ) ، چەند جوانە  چەند باشە ئێمەش وەکو تاک هەست بە شەرم بکەین و شەرم بمانگرێت لە ئاست جوانی ناخ و بیر و هۆش و ڕەفتار و کردار و گوتار بەدەر لە ڕەگەز و جیاوازی لێرەدا چونکە من باس لە هەر دوو ڕەگەز دەکەم و هەر جۆرە پێکەوە بوون و بەرکەوتنێک بێت لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانە لە چوار چێوەی خێزان و پیشە و کاری مەدەنی و سیاسی و هەموو سەرکەوتنەکانی تری مرۆڤایەتی پێم خۆشە بەڵام بەداخەوە کە واهیە بۆیە ناچارم کە ڕستەکەم چاک بکەمەوە بڵێم پێم خۆش بوو وا بە بچووکی نەتبینم و ئەودیوی خۆت بۆم دەر نەخستایە تاکو دوا دیمەن  ، وەکو پاڵەوانێک جەنگاوەرێکی بەشەرەف و ماندوو لەو گۆڕەپانەی کە پێکەوە دەجەنگین بهاتیتایەتە بەرچاوم خوداوەند لێبوردەیە و مرۆڤیش دەبێت وابێت ، لێ دەبوورم بەڵام بەژداری دیمەنەکانی تر و دوا دیمەن لەگەڵ تۆدا ناکەم چونکە ڕێگاکان جیاوازە و بیر کردنەوەکان زۆر جیاوازە ئەخلاق و مشروعية زۆر پێوەرە بۆ هەڵگرتنی نازناوی مرۆڤ کە تۆ لەو پێوەرانە دەر ئەچیت ناتوانیت بەرگەی ئهم شۆڕشە بگریت و بەرپرسیارێتی تاک و کۆمەڵگە و نیزامی وڵات و نیشتمان و ژیان بگریتە ئەستۆ کە نەریتی ئەخلاقی و مێژوویە .

هەر بۆیە پەروەردە کردن و خۆ پەروەردە کردن زۆر پێویستە لە قۆناغەکاندا چ لە لایەن خۆمانەوە بێت وەیان وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئەرکێکی ئاینی چ وەکو ئەرکی ئەرکی حکومی و یاسایی و نیشتمانی و نەتەوەیی هاوشێوەی گەلانی پێشکەوتوو خواز و گەلانی تری ئەم جیهانە بچکۆلەیە ئێمەش لە بەردەوامی بەرپرسیارێتی باش ببین بۆ خۆمان و نەوەکانی تر ئامادە ببین کە دوا ڕۆژێکی پڕ لە هیلاکی و نەتەوەیی و کۆشک و خەبات شەرم نەمانگرێت لەوەی لەناخماندایە بەرامبەر بە کەسانی تر و بەرامبەر بە خاک و بە نیشتمان و وڵات ، ئێمەی گەلی کورد گەلێکی بریندارین و ناکرێت یەکتری بریندار بکەین و لەو دیمەنە پڕ شکۆمەندی و پرشنگداریە هەڵ بێین لەبەر مەرامی شاراوەی ناخمان  ، سەربەرز بە ئەی هاوڕێ و مامۆستا و هاوپیشە و هاو خێزان و هاو بیر و هاو فکر و هاو زمان و هاو نیشتمانم بە بوونت لەم ژیانە و بەرز و هێژا بە خۆت بگەیەنە دوا دیمەن تاوەکو مێژوویەکی جوان بەجێ بهێڵین و دەستکەوتە مرۆڤایەتیەکان لەدەست نەدەین بە پێوەری سەردەم و ئەرز و ئاسمان و نیشتمان لەسەر شانۆی مەعریفەتدا.

 

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ