بیروڕا
یەکڕیزیی کورد چرای سەوزی دەوێت
هیوامحه‌مه‌د

 هیوا محەمەد

تێناگەم ئەم هەموو جەخت کردنەوەیە سەبارەت بە یەکڕیزی لە بەغدا لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە، سیناریویە یان کوتانی ئاسنی ساردە؟

وڵاتانی درواسێی عیراق هەریەکەیان لە رێگەی حزبێکەوە هەژموونی خۆی داناوە و دەستوەردان دەکات لە ناوخۆی عیراق و هەرێم، ئەوانیش خۆیان نەک هەر هاو ئاراستە نین بەڵکو نەیاری سەرسەختی یەکترن.

 ئەگەر یەک لەوانە تورکیا بێت، ئەوە دەبێت بڵێین تورکیا لە کوێدا و کەی و چۆن بەرژەوەندی کوردی پاراستووە و کوردی خۆش ویستووە تا بێت و ئامۆژگاریی ئەم دۆستەی خۆی لە هەرێم بکات و بڵێت بەرەو بەغدا بەیەکڕیزی بڕۆن با شیعە زوڵمتان لێنەکات!

ئەگەر یەک لەو وڵاتانە ئێران بێت، چۆن رێگە دەدات یەکگرتنێکی وەها لەژێر چاودێری و خواستی سعودیە و تورکیا و بە سەرپەرشتی ئیمارات دروست ببێت و پێگەی دۆستەکانی بخاتە ژێر مەترسییەوە؟

ئەگەر لە ناوخۆی عیراق چەندین گروپی جیاوازی مەزهەبیی چەکدار هەبن و تیایاندا هەبێت هەڵوێستی زۆر شۆڤێنیستانە بێت بەرامبەر کورد، جگە لەمەش کۆنە بەعسییەکان و شۆڤێنیستانی دیکەی عەرەب هەبن و رێگر بن لەگەشەی هەرێم و هەمووشیان لە پەرلەمان و حکومەتدا بن و هەژموونیان هەبێت، ئیتر لەگەڵ کام بەرە دەچیتە پێس و یەکڕیزی دەنوێنی؟

ئەگەر لەناوخۆی هەرێم لە بانگەشەی هەڵبژاردندا و بە ئاشکراو لە رێگەی کەناڵەکانەوە هەر حزبە و لایەنی بەشدار هێندەیان هێرش کردبێتە سەریەک و هیچیان لە هەگبەکەیاندا نەهێشتبێتەوە، ئیتر چۆن دەتوانن ئەم هەموو یەکتر شکێنە لێرەوە یەکڕیز بن بۆ بەغدا؟

ئەگەر ئەوانەی لە پێش ئەم هەڵبژاردنە لە بەغدا بوون و لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بووبن بە چەند پارچە و فراکسیونەوە و خۆیان خزاندبێتە ناو لایەنە مەزهەبییەکان و رۆژانە لەسەر حکومەتی هەرێمەکەی خۆیان خوێندبێتیان و سووکیان کردبێت، ئیتر ئەم گۆچانە سیحراوییە چۆن پەیدا دەبێت و هەموان یەک دەخاتەوە؟

ئەگەر تێڕوانینمان لە ناوخۆماندا وەک لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە بەرامبەر دۆخی عیراق و سیستمی فیدڕاڵی و بودجە و مادەی 140 و ناوچە کێشە لەسەرەکان، هێندە جیاواز بێت کە هەریەکە لە ئاوازێک بخوێنێت، بەجۆرێک لایەنێک ریفراندوم بکات و ئەوانی تر بە مەجبوری پەنجەیان مۆر کەن و دواتر سەرکەتوو نەبێت، ئیتر ئەم خێرە یەکڕیزییە وا بە پەلە یەک بخرێت؟

ئەگەر بیرکردنەوەی ناسیونالیستیی ئێمە وەک کورد لە ژێر چەند کوتەکێکی هەڕەشە ئامێز و سەرکوتکەرانەدا بێت و هەر کاتێک هەستیان بە جووڵەمان کرد تێمان سرەوێنن، ئەگەر زلهێزەکانیش لەسەروویانەوە ئەمریکا تەنها وەک داردەست و سەرکوتکەری تیروریستانی داعش بەکارمان بێنێت،  ئەگەر ماکرونی فەرەنسا پێمان بڵێت ئازایەتی ئێوە لە بەرامبەر داعش لە بیر ناکەین و بەس، ئیتر کێ رێگەمان پێدەدات بڵێین یەک دەنگ و یەک ریزین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی کورد لە عیراق؟

ئەگەر دەیان شوێنی ئەم هەرێمە بووبێتە مۆڵگەی سوپای تورکیا و سەدان گوند شوێنەکانیان لە ترسی تۆپاباران  و بۆردومانی فرۆکە چۆڵ کردبێت، ئەگەر ئەوان ناوچەکانیان خستبێتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و لە نان و ئاوی ئێمە بخۆن و بێ گوێدانە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی سنوورەکانی ئێمەیان بەزاندبێت و بە بڕیاری پەرلەمانی وڵاتەکەیان خاکی ئێمەیان داگیر کردبێت، ئیتر ئێمە بە چ روویەکەوە بچینە بەغدا و تەحەدای نەیارەکانمان بکەین؟ کەسێک لەوان پێمان ناڵێت حاڵی پاشەڵتان جوانە؟ پێمان ناڵێن ئەگەر یەک ریز بوونایە نەتان دەهێشت خاکتان داگیر بکرێت و سەربازانی وڵاتێکی تر چاوی تێتان بڕیبێت؟

هەرچەندە دەیهێنین و دەیبەین بەم نەخشە سیاسییەی ئێستاوە کە تێیداین لە ناوخۆ و دەرەوە، ئومێدی نە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد لە بەغدا هەیە نە رێگەشمان پێدەدرێت هەمان بێت، دەبێت بەم جۆرە بین تا گۆڕانکارییەکی گەورە بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەمەی کە ئێستا هەیە بێتە دی و قەڵایەکمان بۆ دروست ببێت کە پاڵی پێبدەینەوە، ئەوکات ئەم یەک ریزییە بە هەوڵی خۆمان دروست دەبێت.

 

 

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ستران عەبدولڵە
ستران عەبدولڵە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ