بیروڕا
حكومەتی سێبەر، حكومەتی رێبەر
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


پرسیار: ستافی یەكێتی و گۆڕان لەكوێی ئەم حكومەتەن؟

پێدەچێت ئەم حكومەتە بەمزوانە راستەڕێ نەبێت. ئەگەر تائێستا ستافێكی تاكڕەوی سێبەر لەباتی وەزیرو كاربەدەستانی دیكەی حكومەت و لەدەرەوەی حیساباتی سیاسی و هاوسەنگی هێز بڕیاریان دابێت، ئەوا ئەمڕۆ بەسەر هەموو دەسەڵاتەكانی دیكەی (پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری)ش بازدەدەن و كورد وتەنی لینگیان لێ‌ شۆڕكردۆتەوە بەسەر ملی هەمووان بارودۆخەكەیان وەك چێشتی مجێور تێكهەڵشێلاوەو كەسیش نققەی نایەت.
وەزیری ناوخۆ وەك میر محێ لەباتی وەزارەتی تەندروستیی و وەزارەتی پێشمەرگەو لێپرسراوی یەكەكانی حەفتاو هەشتا گشتاندن دەردەكات و هەندێجار چاوانیش سوردەكاتەوە. نەحیساب بۆ وەزیرەكان و بگرە پەرلەمانیش ناكات! لەباتی وەزیری تەندروستی سەردانی دەربەندیخان دەكات و لەباتی وەزیری پێشمەرگە گشتاندن بۆ پێشمەرگە دەردەكات و لەباتی ئەنجومەنی دادوەریش لیژنە بۆ ئازادكردنی حوكمدراوانی بەندیخانەكان پێكدێنێت كە ئەمە لەقەباحەت زیاتر هیچی دیكە نییە، لەوە خراپتر ئیشی بۆ وتەبێژی حكومەت نەهێشتۆتەوە، لەبارەی كۆرۆناو موچەو گفتوگۆ لەگەڵ بەغداو پێشمەرگەو خوێندن و پەروەردەو هەموو ئیشوكارێكی ئەم حكومەتە قسه دەكات.
تەماشای ئەم مەهزەلەیە بكەن! لەیەك رۆژدا دوو فەرمانی جیاواز لەدوو دەسەڵاتی جیاواز بۆ یەك مەبەست دەردەكرێت. یەكەمیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی حوكمدراوان و راگیراوان بەمەبەستی دۆزینەوەی میكانزمێك بۆ ئازادكردنی بەشێك لەوانە، بێگومان لەسەرداوای سەرۆكی حكومەت. تا ئێرە ئاساییەو دەشێت سەرۆكی حكومەت لەچوارچێوەی بارودۆخێكی تایبەت تەنها پێشنیارێك بۆ دەسەڵاتی دادوەریی بكات كە هیچ پەیوەندییەكی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن واتە (حكومەت)ە وە نییە، كەچی لەهەمان رۆژ واتە 28ی ئادار بەپێی هەردوو دیكۆمێنت، وەزیری ناوخۆ كە ئێستا بووە ریش سپی ئەم حكومەتە فەرمانێكی دەركردووە بەهەمان ناوەرۆك بۆ ئازادكردنی گیراوان!!
جارێ‌ بەر لەهەموو شتێك هەرچی پەیوەندی بەحوكمدراوان و راگیراوانەوە هەیە هیچ پەیوەندییەكی بەحكومەتەوە نییە، ئەوە چ پەیوەندی بەدەسەڵاتی جێبەجێكردن و جەنابی وەزیری ناوخۆوە هەیە؟ لەوە خراپتر لە فەرمانەكەی وەزیری ناوخۆدا نوسراوە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە قانونی وەزارەتی ناوخۆ پێماندراوە، باشە با بپرسین ئەگەر زەحمەت نەبێت لەكام بڕگەو كام ماددەی ئەو قانونە رێگا بە وەزیری ناوخۆ یان هەر قانونێكی دیكە رێگا بەدەسەڵاتی جێبەجێكردن واتە حكومەت دەدات دەستوەربداتە ئیشوكاری دادوەریی؟!
لەهەردوو فەرمانەكەدا هاتووە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت؟ باشە پێمان ناڵێن ئەم ئیشەی دەخوازرێت بكرێت لەچوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندی كام دەسەڵاتە تاوەكو دوو دەسەڵاتی جیاواز لەیەك كاتداو لەیەك رۆژدا فەرمانێك بەهەمان ناوەرۆك دەربكەن؟ 
بەپێی ئەو هەڵسوكەوت و فەرمان و لێدوانانەی بەشێك لەكاربەدەستانی ئەم حكومەتەو هەڵسوكەوتی بەشێك لە لێپرسراوانی بێت، قۆرخكردن و سەپاندنی هەژموون لەشوێنێكەوە نەوەستاوە. من وەك هاوڵاتییەك دەپرسم ستافی یەكێتی و گۆڕان لەم حكومەتە ئیشوكارو مەهامیان چییە؟ ئەگەر حكومەتێكی سێبەر لەباتی ئەوان و هەموو وەزارەت و دامودەزگاكانی دەوڵەت فەرمان بكات، تەنانەت تەجاوز لەسەر كاروبارەكانی سەرۆكایەتی هەرێمیش بكەن؟
تێبینی: حكومەتی رێبەر مەبەستم وەزیری ناوخۆیە
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ