بیروڕا
په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونیه‌كه‌ى بایدن و كازمى
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
له‌ وتارى هه‌فته‌ى پێشووم ئاماژه‌م به‌وه‌ دابوو كه‌ تا ئێستا سه‌رۆكى نوێى ئه‌مریكا جۆزیف بایدن به‌ هیچ كلۆجێك باسى عێراقى نه‌كردووه‌ له‌ وتارو لێدوانه‌كانیدا ، هه‌رچه‌نده‌ عێراق له‌ دواى ساڵى 2003 ه‌وه‌ گۆڕپانێكى كراوه‌ى ململانێى درێژخایه‌نى ئه‌مریكاو ئێران بووه‌ ، بۆیه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ بووبووه‌ مایه‌ى ڕه‌خنه‌و گله‌یى و گازنده‌ى زۆر له‌ ڕووى ناوخۆیى و ده‌ره‌وه‌ش ، كه‌ لێكدانه‌وه‌ى زۆرى هه‌ڵده‌گرت .
شه‌وى 24/2/ 2021 شه‌وێكى گرنگ بوو بۆ عێراق و كازمى ، چونكه‌ سه‌رۆكى نوێى ئه‌مریكا بایدن یه‌كه‌م په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونى له‌ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و وڵاتانى عه‌ره‌بیش له‌گه‌ڵ كازمى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق ئه‌نجامدا ، هه‌روه‌كو كازمى له‌ ئه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى تویته‌ر ڕایگه‌یاندووه‌  (( له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونیه‌كه‌دا له‌ گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌مریكا جوزیف بایدن باسى پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا و به‌هێزكردنى هاوبه‌شى بۆ خزمه‌ت كردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى هه‌ردوو وڵات و كاركردن بۆ به‌هێزكردنى ئاسایش و ئاشتى له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وامبوونى هاریكارى بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ى داعش ،هه‌روه‌ها پێداگیریمان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ دیالۆگى ئیستراتیجى له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا له‌سه‌ربنه‌ماى سه‌روه‌رى نیشتمانى عێراقى )).
پێگه‌ى عێراق بۆ ئه‌مریكا گرنگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد سه‌رۆك بایدن له‌ جیهانى عه‌ره‌بیدا كه‌ زۆریان به‌ ته‌ماى ئه‌وه‌ بوون په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بكرێت ، عێراقى هه‌ڵبژارد چونكه‌ عێراق هاوبه‌شێكى گرنگى شه‌ڕى تیرۆر و داعش بوو له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى  عێراق گیرۆده‌ى كێشه‌گه‌لێكى خوڵقێنراو ى ناوخۆیى و ده‌ركیشه‌ ، به‌ڵام هێشتا له‌ سه‌ره‌تاى ڕێگه‌یه‌كى سه‌ختى به‌ره‌و دیموكراتیزه‌ بوون و ده‌ستاوده‌ستكردنى ئاشتیانه‌ى ده‌سته‌ڵاته‌ .
له‌وه‌ش گرنگتر په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى بایدن به‌ كازمیه‌وه‌ له‌وه‌ناچێت په‌یوه‌ندییه‌كى ئاسایى و سه‌رپێى و ڕێكه‌وت بێت ،  به‌ قه‌د ئه‌وه‌ى كه‌ حسابى وردى بۆكراوه‌ ، به‌ڵكو ده‌خوازێت له‌یه‌ك كاتدا مه‌سجگه‌لێكى ڕوون و ڕاشكاو بگه‌ینێت له‌وانه‌:-
به‌رده‌وامى هاریكارى ئه‌مریكا بۆ عێراق .
ئاره‌زووى ته‌واوى ئه‌مریكا  بۆ كۆمه‌كردنى عێراق بۆ تێپه‌ڕاندنى زۆرێك له‌ كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانى .
داننان به‌ ڕۆڵى میحوه‌رى عێراق .
متمانه‌دانى بایدن به‌ كازمى و تیمه‌كه‌ى و ڕێزگرتن و سه‌رسامبوونى به‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ چاكسازى و گۆڕانكارى و به‌ تایبه‌تى هه‌وڵه‌كانى بۆ ڕێكخستن و ئه‌نجامدانى  هه‌ڵبژاردنێكى ى پێشوه‌خته‌ به‌ شێوه‌یه‌كى پاك و بێگه‌ردو دوورله‌ ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى و  تاقمو میلیشیا چه‌كداره‌كان كه‌ مسۆگه‌رى سه‌رده‌مێكى نوێ له‌ عێراق بكات كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق دڵخۆش بكات .
كازمى له‌ ئایارى 2020 متمانه‌ى پێ به‌خشرا له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه‌ وه‌كو حكومه‌تێكى ڕاگوزه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌سازى بكات بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى پاك و بێگه‌رد به‌ یاسایه‌كى هه‌ڵبژاردنى نوێ , به‌گژاچوونه‌وه‌ى كۆرۆنا ڤایرۆس و نوێكردنه‌وه‌ى سیستمى ته‌ندروستى ، چاكسازى له‌ هێزه‌كانى ئاسایش و سنورداركردنى چه‌ك به‌ده‌ستى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى دارایى و پێشكه‌شكردنى پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ ، پاراستنى مافى ئازادى خۆپیشاندان و ده‌ستپێكردنى دیالۆگى نیشتمانى، هاوسه‌نگكردنى په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كیه‌كانى عێراق ، سه‌ربه‌خۆبوونى دادگاكان و سزادانى تاوانباران ، به‌گژاچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و داننانى سنورێك بۆ به‌ فیڕۆدانى سامانى گشتى عێراق .
ئیستا له‌ دواى نۆ مانگ له‌ ده‌ستبه‌كاربوونى  ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ كاره‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى بده‌ینه‌وه‌ به‌ خێرایى ده‌كرێت بزانین له‌و ئامانجانه‌ى كه‌ دانرابوو بۆ حكومه‌ته‌كه‌ى چه‌ندى جێبه‌جێ كراوه‌ ؟
هه‌رچه‌نده‌ كازمى كۆت و به‌ند و له‌مپه‌رى  گه‌وره‌ى بۆدروستكرا بوو  له‌ لایه‌ن ناوه‌نده‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌كانى عێراق كه‌ خۆى له‌ میلیشیاتى چه‌كدارو تاقم و ده‌سته‌ى ماڤیاى گه‌نده‌ڵه‌ وه‌  ده‌بینێته‌وه‌ ،  جگه‌ له‌ وڵاتانى ئیقلیمیش ، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك سیكته‌ردا سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێناوه‌ ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت له‌وانه‌ :-
ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ زۆر هه‌نگاویش نراوه‌ ، ئازادكردنى 47% له‌ گیراوانى سیاسى خۆپیشاندانه‌كان .
ڕاهێنانى هێزه‌ كانى ئاسایشى ناوخۆ بۆ چۆنیه‌تى هه‌ڵسوكه‌وتى هێمنانه‌ له‌ گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران .
ده‌ستپێكردنى دیالۆگى نیشتمانى له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران له‌ هه‌موو پارێزگاندا له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى ئاشته‌وایی نیشتمانى .
گفتوگۆى ئیستراتیجى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بۆ چۆنیه‌تى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق.
سیاسه‌تى هاوسه‌نگى و میانڕه‌وى و  كرانه‌وه‌  له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌تى سعودیه‌ و كردنه‌وه‌ى خاڵه‌ سنوورى عه‌رعه‌ر و به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ گه‌ڵ ئوردن و توركیا .
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ