بیروڕا
ئاسایشى خۆراك له‌ عێراق و كوردستان
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
عێراق له‌ سه‌ره‌تاى ساڵانى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى پێشووه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو به‌ده‌ست  كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ناوخۆیى ماده‌ خۆراكیه‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت ، به‌ دیاریكراوى له‌ دواى داگیركردنى ده‌وڵه‌تى كوه‌یت و ئابڵووقه‌ى ئابوورى نێوده‌وڵه‌تى زیاتر ئه‌و دیارده‌ به‌دیكرا .
له‌ ئێستاشدا كه‌مى به‌رهه‌مى ناوخۆیى نیشتمانى عێراقى به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌ گه‌یووه‌ته‌ ئاستێكى مه‌ترسیدار ،به‌ جۆرێك  پاڵپشتى كردنى  كڕین و هاورده‌كردنى خۆراك له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ به‌شێكى زۆرى بوودجه‌ى ساڵانه‌ى عێراق  ده‌بات بۆ بازاڕه‌كانى ده‌ره‌وه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى خواستى هاوڵاتیان بۆ ماده‌ خۆراكیه‌ پێویسته‌كان .
ئاسایشى خۆراك
ئاسایشى خۆراك له‌ هه‌روڵاتێكدا به‌شێكى گرنگى ئاسایشى نیشتمانیه‌ ، هه‌رله‌ به‌رئه‌وه‌شه‌ زاراوه‌ى ئاسایشى خۆراك ماناى وایه‌  هه‌رتاكێكى كۆمه‌ڵگه‌ به‌شه‌خۆراكى خۆى به‌ بێ كه‌مى بۆ دابین بكرێت ،كاتێك ئاسایشى خۆراك دابینكراوه‌و مسۆگه‌ره‌و ترسى له‌سه‌ر نیه‌ كه‌ كه‌س ترسى نه‌بێت ڕوبه‌ڕوى برسێتى ببێته‌وه‌ ، هه‌رئه‌مه‌ش ده‌كرێت ببێته‌ پێوانه‌ و دڵنیایى كه‌ تاكه‌كان له‌ ئاینده‌شدا مه‌ترسى برسێتیان له‌ سه‌ر نیه‌ .
پاشه‌كشه‌ى كه‌رتى كشتوكاڵ و گرنگى پێنه‌دانى  بێگومان كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆو خێراى ده‌بێت له‌ سه‌ر ئاسایشى خۆراكى نیشتمانى، جگه‌ له‌ زیادبوونى زۆرى ژماره‌ى دانیشتووان كه‌ ئه‌مه‌ش خواست له‌سه‌ر خۆراك زیاد ده‌كات سه‌ره‌ڕاى گۆڕانكارییه‌كانى ژینگه‌و كه‌شوهه‌وا .
كێشه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌م ئاسایشى خۆراكى عێراق
كێشه‌و به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ى ئاسایشى خۆراك له‌ عێراقدا زۆرن له‌وانه‌ كۆنى و چه‌قبه‌ستنى داموده‌زگاكانى خودى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌ كه‌ ماوه‌یان به‌سه‌رچووه‌و له‌ گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌ گه‌وره‌كانى زانست و ته‌كنۆلۆجیاى سه‌رده‌مدا ناگونجێت ، جگه‌ له‌ ململانێ ى نابه‌جێ و نادروست له‌ نێوان ئه‌م داموده‌زگانه‌دا و كه‌مى پاڵپشتى دارایى و نه‌بوونى تواناى زانستى و شاره‌زایى پێویست و بیرۆكراسیه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌بردندا .
سه‌ربارى ئه‌و فاكته‌رانه‌ى سه‌ره‌وه‌ هه‌ندێك فاكتى سه‌ره‌كى تریش هه‌ن كه‌ به‌ پێویستى ده‌زانم زیاتر له‌ سه‌ریان بووه‌ستم :-
پاشه‌كشه‌ى به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیه‌كان ئه‌مه‌ش به‌ هۆى پشتگوێ خستنى ئه‌م كه‌رته‌ گرنگه‌ كه‌عێراق خاوه‌ن زه‌وى به‌ پیت و كه‌شوهه‌واى له‌بارو گونجاو و جیاوازه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانى و دابینكردنى هه‌موو پێداویسایه‌كانى ناوخۆیى خۆى و ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بدات  تواناى ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌شى هه‌یه‌ بۆ وڵاتانى دى ، پاشه‌كشه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ ئێستا عێراق پێداویستى ڕۆژانى به‌رهه‌مى كشتوكاڵ به‌ ڕێژه‌ى  10% بازاڕى ناوخۆیى وڵات دابین ده‌كات به‌ گوێره‌ى خه‌مڵاندنه‌كانى وه‌زاره‌تى پلانداناى عێراق  له‌ دواى ساڵى 2003 ه‌وه‌ .
گرفتى دابه‌زین و كه‌مبوونه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانى ئاو گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ كه‌ به‌ره‌وڕووى عێراق بووه‌ته‌وه‌ 
           كه‌وایكردووه‌ عێراق به‌ره‌و  كه‌شوهه‌واى وشك و  به‌ بیابان بوون بڕوات به‌ هۆى دیارده‌ى ( احتباس        حرارى ) ه‌وه‌.
ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ لایه‌ن وڵاتانى دراوسێوه‌ به‌ تایبه‌تى هه‌ردوو ڕووبارى دیجله‌و فورات له‌لایه‌ن توركیاو سوریاو ئێرانه‌وه‌ به‌ ده‌ر له‌ هه‌موو یاساو ڕێسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ، به‌ شێوه‌یه‌ك توركیا 80% به‌شه‌ ئاوى عێراق ده‌بات به‌ هۆى دروستكردنى گه‌لێك به‌نداوى گه‌وره‌، سوریاش به‌هه‌ماجۆر 10% به‌شه‌ ئاوى عێراق ده‌بات .
گه‌نده‌ڵى دارایى و ئابورى و كارگێڕى  له‌ عێراقدا ئه‌میش یه‌كێك له‌ قه‌یرانه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانى عێراقه‌ و  له‌ تیرۆر زیاتر زیانى به‌ كۆمه‌ڵگاى عێراق گه‌یاندووه‌ ، تا ئێستا حكومه‌ته‌كانى عێراق و په‌رله‌مان و داموده‌زگا چاودێرییه‌كان و ده‌زگاى ده‌ستپاكى و زۆر دامه‌زراوه‌ى دى زل و زه‌به‌لاح دامه‌زراون و بوودجه‌و تواناى باشیشیان له‌ به‌رده‌ستدایه‌ به‌ڵام ده‌سه‌وسانن له‌به‌رده‌م ئه‌م دیارده‌ قێزه‌ونه‌دا، بێگومان ئه‌میش كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى هه‌بووه‌ بۆ دابین نه‌كردنى ئاسایشى خۆراك .
ڕۆڵى كۆرۆنا 
بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا ڤایرۆس كاریگه‌رى خۆى هه‌بوو له‌ ده‌ركه‌وتنى فشۆڵى ئابوورى عێراق و نه‌بوونى ئاسایشى خۆراك له‌ عێراقدا ، ڕووخان و دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانى جیهاندا بۆ ژێر سفر واى كرد كه‌ عێراق 40 ملیار دۆلار كورتهێننانى له‌ بوودجه‌دا هه‌بێت ، جارێكى تر  شكستى ئابورى ریعى پشت به‌ستوو به‌ نه‌وت فرۆشتن ئه‌و زه‌نگه‌ى به‌ گوێ ى حكومه‌تى عێراق و گه‌له‌كه‌ى و په‌رله‌مانه‌كه‌یدا دا كه‌ ده‌بێت به‌ هۆش بێنه‌وه‌و تازووه‌ خه‌مى وڵات بخۆن و ژێرخانى ئابوورى تر بنیات بنێن و به‌ تایبه‌تى كشتوكاڵ نه‌وتى هه‌میشه‌ییه‌ له‌ گه‌ڵ سكته‌ره‌كانى تردا .
له‌ كۆتاییدا عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌ له‌ به‌رده‌مه‌م مه‌ینه‌تێكى گه‌وره‌دایه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمیش هه‌نگاوى خێرا هه‌ڵ نه‌نێن  بۆ گه‌شه‌پێدان و پێشخستنى به‌رهه‌مى ناوخۆیی به‌ كشتوكاڵ و هه‌موو سه‌كته‌ره‌كانى تریشه‌وه‌ ، ئه‌ویش به‌ كۆمه‌ك و پاڵپشتى دارایى و زانستى و مرۆیى و دابینكردنى ته‌كنۆلۆجیاى نوێ به‌ تایبه‌تى بۆ كشتوكاڵ و ڕێگرتن له‌ هاورده‌كردن له‌ڵاتانى دراسێ كه‌ كۆنترۆڵى بازاڕه‌كانى عێراقیان كردووه‌ .
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ