بیروڕا
هەڵبژاردنی عێراق لەنێوان ئتنیك یان دەوڵەتی هاوڵاتیدا
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
عێراقی نوێ‌ یان عێراقی دوای ساڵی 2003 ،ئەگەر بە چەند قۆناغێكی خێرا، گۆڕانكاری بەرچاوی بەسەردا هاتبێت ،هەر لە نووسینی دەستوورو چوار خوول هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ، ئەوا نەیتوانی ڕۆشنبیری تۆلارەنس و پێكەوەژیان و دەوڵەتی هاوڵاتی و یاسا و یەكسانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی عێراق دابین بكات .
یەكێك لە ڕەخنەو كەمایەسیەكانی جدییەكانی ئەم پرۆسە سیاسیەی عێراق ئەوەیە كە ململانێی تائیفی و ئتنیكی پەرەی سەند و توندوتیژی و بەریەككەوتنی زۆری لێكەوتەوە ،بەڵام خۆپیشاندانەكانی تشرینی ساڵی (2019) ەو دواتر وەكو لاپەڕەیەكی پرشنگدار بەگژ ئەو دیاردە قێزەوەنەدا چوونەوەو خوازیاری دەوڵەتی دامەزراوەی هاوڵاتیان بوون و هەموو ڕەوتە تائیفی و ئتنیكیەكانیان سەركۆنە دەكرد ، چونكە تائیفیەت هێزو تواناكانی گەلان و وڵاتان لاواز و پەرتەوازە دەكات و بەر بە ڕەوتی پێشكەوتن دەگرێت ، بە پێچەوانەشەوە ئەو گەلانەی ئەو دەردە سامناكەیان تێپەڕاندووە ئێستا لە قۆناغێكی باڵای پێشكەوتن و ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئیداری و دراییدان كە لە خوارەوە چەند نموونەیەك دەخەمە ڕوو :-
بەریتانیا لە تازەترین هەواڵدا وەزێرێكی بە ڕەچەڵەك كوردی عێراقی ( نەدیم زەهاوی ) بۆ وەزارەتی پەروەردە دیاریكرد .
نەمسا ئوردنیەكی بەناوی ( عومەر حەجاوی) بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نەمسا دانا ،كە هەستیارترین دەزگای وڵاتەكەیانە ، بەبێ‌ ترس و دوودڵی و دڵەڕاوكێ‌ ئەم پیاوە سەربە چ نەتەوە یان ئایین و ئاینزایەكە .
كەنەدا ساڵانێكە هندیەك وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەیە بەجل و بەرگە هندۆسیەكی خۆیەوە ، بێ ئەوە هیچ كێشەو هەستیارییەكی لای كەس دروست كردبێت .
باسی ئەندامی پەرلەمان ناكەم لە وڵاتانی ئەوروپا كە دەیان و سەدان كەس لە ڕەچەڵەكی جیاوازی میللەت و نەتەوەكانی تر ئەندامی پەرلەمانەكان و شارەوانیەكان ولە زۆرلە دامودەزگای دەوڵەتی دا كار دەكەن ، بە بێ‌ كێشە ، بە پێچەوانەی ئەو جۆراوجۆرییە بووەتە سەرچاوەی هێز و توانا بۆ ئەو دامودەزگانە .
لە عێراق و كوردستانیشدا كە ئێستا هەڵمەتەكانی بانگەشە گەرمەو وتارو پەیامی جیاواز دەبیسین و دەبینین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 10/10/2021 ، گرنگە هاوڵاتیان هۆشیار بن ئەو هێز و كەسایەتیانە هەڵبژێرن كە خاوەنی باگراوندی نیشتمانی و مرۆیین و دوورن لە بیركردنەوەی خێڵەكی و ناوچەگەری و ئتنیكی ، بۆ ئەوەی پابەند بن بە جێبەجێكردنی دەستوور ی عێراق و بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوە ، چونكە ئەم هەڵبژاردنە پێشووەختە داخوازی خۆپیشاندەرانی تشرین بوو ، هەر ئەم هەنگاوەش خەڵكی لە شەقامەكانەوە بردەوە ماڵەوە ، بۆ ئەوەی كابینەكەی كازمی ئامادەكاری بكات بۆ هەڵبژاردن ، هەرواش بوو كازمی پابەندی بەڵێنەكەی بوو سەرەڕای هەموو ئالەنگارییەكان و بەربەستەكان كە بۆی خولقێنرا ، دواجار وا هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراودا بەڕێوە دەچێت .
لە كۆتاییدا گرنگە ئەم هەڵبژاردنە بە شێوازێكی پاك و بێگەرد و دوور لە چاو سووركردنەوەی تاقم و گروپە میلیشاوییەكان ئەنجام بدرێت و هێزو لایەنی نیشتمانی نوێ‌ بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامان و ماڵی گشتی بهێنن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەكو ئاو كارەبا و دەرمان و ئاسایش و خوێندن بۆ گەلی عێراق مسۆگەر بكەن ، بە پێچەوانەی ئەمەوە ،عێراق بەهیچ شێوەیەك ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت و جارێكی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری فراوانی لێدەكەوێتەوە ، چونكە ڕەوتێكی جەماوەری هۆشیارو بە ئاگا ئێستا لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەری هەڵداوە كە ئتنیك ومەزهەبیان تەجاوز كردووەو خوازیاری ئازادی و نان و دەوڵەتی دامەزراوەو سەروەربوونی یاسان .بۆ هەرێمی كوردستانیش گرنگە هێزو لایەنی پێشكەوتنخوازو سیكویلار بێنە پێشەوەو هاوپەیمانی كوردستانیش هەماهەنگیان لە گەڵدا بكات .

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ستران عەبدولڵە
ستران عەبدولڵە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ