بیروڕا
هەڵبژاردنی تشرین بەری شۆڕشی تشرین
بورهان شێخ ڕه‌ئوف

بورهان شێخ رەئوف

مانگی تشرینی ساڵی 2019 بەغدای پایتەخت و دواتر شارەكانی باشووری عێراقیش   بوونە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی هێمنانەو شارستانیانە وەكو وەڵام و كاردانەوەی گەل لە هەمبەر گەندەڵی و نادادپەروەری و چەكی میلیشیاكان و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی وەكو ئاو كارەبا  داو دەرمان و ئاسایش و زۆر شتی تر .

ئەوەی سەروەرییەكی گەورە بوو بۆ خۆپیشاندەرانی تشرین و تشرینیەكان  ناوەڕۆك و ئامانج و داخوازییەكان هێمنانەبوون و دوور بوون لە توندو تیژی ،سەرەڕای هەوڵی تاقم و گروپە چەكدارو میلیشاوییەكان  بۆ ئەوەی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن بەرەو و بەریەككەوتن  پەلاماردان ، ئەویش بە كوشتن و ڕفاندنی زۆرێك لە چالاكوانانی گۆڕەپانەكان ، بەڵام نەیانتوانی و سەركەوتوو نەبوون ، كەئەمەش خاڵی بەهێزی ئەو بزاڤە جەماوەرییە مەدەنیە بوو كە نەچووە ژێرباری كاردانەوەی توندو خوێنڕشتن .

دروشمی سیكۆلارو دژ بە تائیفیەت

یەكێك لە ڕووە گەش و پرشنگدارەكانی شۆڕشی تشرین  ئەوە بوو كە داوای سەروەر بوونی یاساو دەوڵەتی هاوڵاتی و دامەزراوەیان دەكرد ، دەبێت چەك بە دەست دەوڵەتەوە بێت  ، دەبێت ئازادی بۆ هەمووان بێت ، دین لە دەوڵەت جیا بێت ، سزادانی  ئەوانەی تاوانباران بە  فیڕۆدانی ماڵی گشتی .

دەست لەكاركێشانەوەی كابینەی عەبولمهدی

لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران حكومەتەكەی عادیل عەبدولمهدی دەستی لە كاركێشایەوە ،چەندین كەسایەتی كاندید كران كابینە پێك بهێنن نەیان توانی و شكستیان هێنا ،هەر لە عیدانی تا موحەمەد توفیق عەلاوی و عەدنان زەرفی ،دواتر لەسەر مستەفا كازمی سازان تاوەكو كابینەیەكی ڕاگوزەر پێك بهێنێت بۆ خۆ سازدان و زەمینەخۆشكردن  بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ،كازمیش سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران  هیچ پشتیوانیەكی بەهێزی نەبوو و كۆسپ و تەگەرەی گەورەی بۆ دروستكرا بە تایبەتی لە لایەن میلیشیاكانەوە ، هەموومان بینیمان و لە بیرمانە هەڕەشەی توندو نمایشی سەربازییان دژ بە كازمی لە شەقامەكانی بەغدای پایتەخت بەڕێوە دەبرد ، بەڵام كازمی پابەند بوو بە بەڵێنەكانیەوە و خویشی كاندید نەكرد بۆ هەڵبژاردنەكانی تشرین .

هەڵبژاردنی تشرین بەرهەمو ئاكامی شۆڕشگێڕانی تشرین

وا لە1010/2021 هەڵبژاردنی گشتی پێشووەختەلە عێراق بەڕێوە دەچێت ، هەرچەندە زەمینەكە زۆر لە بار نەبووە بۆ هەمو لایەنەكان بە تایبەتی زۆرێك لە چالاكوانانی تشرین خۆیان شاردۆتەوەو نەیانتوانی خۆیان كاندید بكەن یان شارەكانی خۆیان بەجێ هێشتووە  و هەڵاتوون ، ئومێدی گەورە بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی جدی زۆر لاوازە و ئامانجەكانی شۆِرشگێڕانی تشرین بە جۆرێك لە جۆرەكان لە بار بران و دوور خرایەوە لە ڕێڕەوی  ڕاستەقینەی خۆی و چالاكوانانیش لە نێوان چەند بەرەیەكی جیاوزدا پەرت و بڵاو بوونەوە و ئێستاش هێزو لایەنە تەقلیدی و تاقی كراوەكانی پێشوو لە ململانێدان بۆ ئەوەی جارێكی تر دەستەڵاتی شكستخواردووی پێشوویان دووبارە بكەنەوە .

لە كۆتاییدا  بەڕێوەبردنی عێراق بە شێوەو ستایلی پێشوو كارێكی ئەگەر ئەستەم نەبێت زۆر قورسە ، ئەگەر شۆڕشگێڕانی تشرین و قوربانیەكانی نەیانتوانی گۆڕانكاری ڕیشەیی لە عێراقدا بە خەباتی مەدەنی و هێمنانە بێننە دی ، بێگومان ئەڵتەرنەتیفی ئەمە توندوتیژی و بەریەككەوتن و شەڕو ئاژاوەو لە گێژەنە دەرچوونی ئاسایش و ئارامی وڵاتە ، نابێت و ناكرێت لە وڵاتێكی دەوڵەمەندو و زەنگینی وەكو عێراق خەڵكەكەی هەژارو نەدار بن، ناكرێت لاوەكانی سەری خۆیان هەڵبگرن بۆ هەندەران  ، نابێت كار نەبێت، ناكرێت خزمەتگوزاری نەبێت ،ناكرێت ئاسایش و سەقامگیری نەبێت ، لە كاتێكدا عێراق لە سەرەوە تا خوارەوەی پڕە لە سامانی سروشتی نەوتو غاز و دەیان و سەدان جۆر كانزای گران بەها ، جگە لە كەشو هەوای گونجاو بۆ كشتوكاڵ و گەشتیاری ، گەشتیاری ئایینی ، توانای بێ ئەژماری مرۆیی كە هەزارەها دەرچووی زانكۆ وكادری بەتوانا هەیە كە حكومەتی عێراق خەرجی زۆری تێدا كردوون كەچی سوود لە تواناكانیان وەرناگیرێت و بە خۆڕایی دەڕۆن و وڵاتانی تر كەڵك لە تواناە شارەزاییەكانیان دەبینن .

 

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ستران عەبدولڵە
ستران عەبدولڵە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ