بیروڕا
كۆبوونه‌وه‌ی‌ لووتكه‌ی‌ نه‌قه‌ب له‌ ئیسرائیل
بورهان شێخ ڕه‌ئوف

كۆبوونه‌وه‌ی‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ میسر و مه‌غریب و ئیمارات و به‌حرێن و ئیسرائیل و ئه‌مریكا له‌ بیابانی‌ نه‌قه‌ب له‌ باشووری‌ ئیسرائیل بۆ ماوه‌ی‌ دوو رۆژ  27 - 28/ 3/ 2022، وه‌كو وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ میسر سامیح شوكری‌ رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌یه‌كه‌ دژ  به‌ هیچ وڵات و لایه‌نێك نییه‌، ئامانجیش لێی دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نییه‌، به‌ڵام پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌كه‌ وه‌كو یانه‌یه‌ك درێژه‌ی‌  ده‌بێت بۆ په‌ره‌پێدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان وڵاتانی‌ به‌شداربوو .

 په‌یوه‌سته‌ به‌ پڕۆسه‌ی‌ ئاشتی

كاتێك له‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ میسریان پرسی‌ مه‌به‌ست له‌م كۆبوونه‌وانه‌ چییه‌ وتی‌: كۆبوونه‌وه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ و هاندانی‌ هه‌موو تواناكان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌ ره‌واكانی‌ گه‌لی‌ فه‌له‌ستین له‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی خۆی‌ و پێداگیری‌ له‌ سه‌ر چاره‌سه‌ری‌ دوو ده‌وڵه‌ت بۆ عه‌ره‌ب و جووله‌كه‌، وه‌كو رێگاچاره‌یه‌ك كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ دیاریكردووه‌ .

به‌ڵام به‌ پێی‌ راپۆرته‌كانی‌ هه‌واڵ وخوێندنه‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌ شرۆڤه‌كارانی‌ سیاسی‌،  دۆخی‌ ناوچه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ دوورتر رۆیشتووه‌، گوایه‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ لووتكه‌ی‌ نه‌قه‌ب سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ك له‌ نێوان ئه‌و شه‌ش وڵاته‌دا به‌رامبه‌ر به‌ ئێران .

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ نزیك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێن، كۆبوونه‌وه‌كانی‌ نه‌قه‌ب زۆر بابه‌تی‌ تری‌ له‌ خۆگرتووه‌ هه‌ر له‌ وتوێژه‌كانی‌ ڤیه‌نای‌ تایبه‌ت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ ئێران تاوه‌كو قه‌یرانی‌ ئۆكرانیا و جه‌نگ و ململانێ سه‌ربازییه‌كان  و كاریگه‌رییه‌كانی‌ له‌ سه‌ر ئابووری‌ جیهان و وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ .

سعودیه‌ و ئوردن له‌وێ‌ نه‌بوون

دیاره‌ ئاماده‌ نه‌بوونی‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ لووتكه‌ی‌ نه‌قه‌ب كه‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ر چوار وڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌ (میسر، به‌حرین، ئیمارات، مه‌غریب) و هه‌روه‌ها ئه‌مریكا و ئیسرائیل به‌شداریان تێیداكرد، پرسیار و لێكدانه‌وه‌ی‌ قووڵ به‌ دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت، بۆچی‌ ئه‌وان له‌وێنده‌ر نه‌بوون، به‌ تایبه‌تی‌ ریاز و عه‌مان دوور نین له‌ رووداوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا باسیان له‌باره‌وه‌ كرا، تێبینییه‌كم لا دروست بوو له‌ كاتی‌ نووسینی‌ ئه‌م بابه‌ته‌، وامزانی‌ به‌ هه‌ڵه‌دا چووم كه‌ نووسیووم كۆبوونه‌وه‌ی‌ لووتكه‌، له‌ كاتێكدا سه‌رۆك و پادشای‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاماده‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بوون و وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌ته‌كانیان كردووه‌، كه‌چی‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ لووتكه‌ی‌ نه‌قه‌ب ناوزه‌د كراوه‌.به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئوردنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێش چه‌ند رۆژێك كۆبوونه‌وه‌ی‌ لووتكه‌ی‌ شه‌رم شێخیش له‌ میسر  به‌سترا له‌ نێوان سه‌رۆكی‌ میسر و سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل و جێنیشینی‌ میری‌ ئیمارات، ئوردن بانگهێشت كرا، به‌ڵام به‌شداری‌ نه‌كرد، سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ نزیك له‌  به‌رپرسه‌كانی‌ ئوردن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌زانن ئامانجی‌ ئه‌و كۆنگرانه‌ چین، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئوردن ده‌خوازێت مه‌ودایه‌ك له‌ نێوان خۆی‌ و میسر و ئیسرائیل و ئیمارات دا بهێڵێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ئاسۆوه‌ قسه‌و باس و پیلان هه‌یه‌، كه‌ ئوردن زیانی‌ لێ ده‌كات.

ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئاماده‌ نه‌بوونی‌ سعودیه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ لووتكه‌ی‌ نه‌قه‌ب له‌ ئیسرائیل، زیاتر بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سعودیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئاسایی‌ نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل، بۆیه‌ ناتوانێت هیچ رۆڵێك بگێڕێت، به‌ڵام وڵاتانی‌ تر په‌یوه‌ندی‌ دیبلۆماسیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه‌، له‌ لایه‌كی‌ تره‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ رۆڵی‌ ده‌بێت له‌ كۆتایی‌ هێنان به‌ كێشه‌ی‌ فه‌له‌ستین و بچڕبچڕ كردنی‌  و كۆتایی‌ هێنان به‌و دۆسێیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سعودیه‌ ناتوانێت له‌ ئاوا كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌شداربێت، چونكه‌ سعودیه‌ وه‌كو وڵاتێكی‌ ئیسلامی‌ گرنگ خۆی‌ به‌ رابه‌ر و پێشه‌وای‌ جیهانی‌ ئیسلام ده‌زانێت و مه‌زاره‌ پیرۆزه‌كانی‌ ئیسلام له‌وێنده‌رن، له‌ به‌ر ئه‌و پێگه‌ ئاینییه‌ گرنگه‌ی‌ ناتوانێت و ناخوازێت ئه‌و رۆڵه‌ له‌ نه‌قه‌ب ببینێت.

ناكۆكی نێوان سعودیه‌ و ئه‌مریكا

له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ناكۆكیه‌كانی‌ نێوان سعودیه‌ و ئه‌مریكا له‌ ئێستادا و له‌ سه‌رده‌می‌ ئیداره‌ی‌ جۆ بایدن دا زۆرن، سعودیه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یه‌وه‌ ده‌خوازێت، په‌یامێك بۆ ئه‌مریكییه‌كان بنێرێت كه‌ سعودیه‌ كاراكته‌رێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ ناوچه‌كه‌یه‌، ئیسرائیل به‌ بێ‌ سعودیه‌ ناتوانێت ررۆڵێكی‌ ئه‌وتۆی‌ هه‌بێت .

له‌ كۆتاییدا:

1- له‌ دوای‌ دوو رۆژی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ پڕ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌یرانگای‌ (سدیه‌بوكر)ی‌ بیابان، كه‌ گۆڕی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیلیش (دیفید بن گوریون)یش له‌وێیه‌، ئیسرائیلییه‌كان  وتیان، ئه‌م رووداو و كۆبوونه‌وانه‌، دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ و فراوانتریش ده‌بن، چونكه‌ په‌یوه‌ندی‌ بازرگانی‌ و ئاسایش له‌نێوان ئیسرائیل و ئه‌و وڵاتانه‌ بنیات ده‌نێت و هه‌روه‌ها روونیان كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ كه‌ هاوبیر و ڕان.

2- وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیسرائیلیش كه‌ له‌ ته‌نیشت وه‌زیره‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و چوار وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌ و ئه‌مریكا  وه‌ستابوو راگه‌یاند، ئه‌م فۆرمه‌ تازه‌یه‌ دوژمنه‌كانمان  ده‌ترسێنێت به‌ تایبه‌تی‌ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ 

3- ئیسرائیل و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ترسیان لێ‌ نیشتووه‌ له‌ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنی‌ تاران و خۆرئاواییه‌كان له‌ سه‌ر دۆسێیه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ و به‌وه‌ی‌ ئێران بواری‌ بۆ بڕه‌خسێت بۆمبی‌ ئه‌تۆمی‌ دروست بكات

‌‌ زیاتر ...
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ