بیروڕا
سه‌باره‌ت به‌ بنبه‌ستی سیاسی
بورهان شێخ ڕه‌ئوف

 دوای‌ هه‌شت مانگ له‌ بنبه‌ست و چه‌قبه‌ستنی‌ سیاسیی له‌ عیراقدا، ته‌واو بوون و به‌سه‌رچوونی‌ هه‌موو ماوه‌ ده‌ستووری‌ و یاساییه‌كان نه‌توانرا و نه‌كرا سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵببژێردرێت و حكومه‌ت پێكبهێنرێت .

هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ ناكۆكی‌ ناو ماڵی‌ شیعه‌, ره‌وتی‌ سه‌در و چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نه‌یانتوانی‌ بگه‌نه‌ فۆڕمێكی‌ هاوبه‌ش و كابینه‌ پێكبهێنن، پریشكی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ ناو ماڵی‌ كوردیشی‌ گرته‌وه‌ و یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش تا هه‌نووكه‌ له‌سه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار پێك نه‌هاتوون، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك كۆمار پشكی‌ یه‌كێتییه‌ به‌ گوێره‌ی‌ رێكه‌وتنامه‌كانی‌ پێشووی‌ نێوان هه‌ردوولا و عورفی‌ سیاسی‌ عیراقیش.

سوننه‌كان ئه‌مجاره‌ جیا له‌ جاره‌كانی‌ پێشوو بێ كێشه‌ بوون و به‌هه‌ر هۆكارێك بێت پێكهاتن له‌نێوان خۆیاندا و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیان خێرا یه‌كلایی‌ كرده‌وه‌ بۆ خۆیان.

دۆخی‌ ناسك و ئاڵۆزی‌ عیراق به‌رگه‌ی‌ ململانێی‌ زیاتر ناگرێت، دوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ سه‌در له‌ په‌رله‌مان به‌ كۆمه‌ڵ، به‌ دڵنییایه‌وه‌ ململانێكان قووڵتر ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌  كاتی‌ موجامه‌له‌ و موزایه‌ده‌ و خۆنمایشكردن و دروشمی‌ پۆپۆلیستی‌ نه‌ماوه‌، ده‌رد و مه‌ینه‌تییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ عیراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ وه‌ك مانگی‌ چوارده‌ به‌ ئاسمانه‌وه‌ دیارن، مه‌گه‌ر گێله‌كان نه‌یانبینن، گه‌نده‌ڵی‌ په‌تا گه‌وره‌ و شێرپه‌نجه‌ییه‌كه‌ی‌ عیراق جه‌سته‌ی‌ وڵاتی‌ ته‌نیوه‌ و مه‌ترسی‌ و زیانه‌كانی‌ له‌ تیرۆر زۆر زیاترن و خه‌ڵكی‌ نه‌دار به ‌هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌  باجه‌كه‌ی‌ ده‌ده‌ن .

 چاره‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ چییه‌؟

له‌ بیرمه‌ كاتی‌  سه‌رهه‌ڵدانی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ تشرینی‌ 2019 هادی‌ عامری‌ ئه‌مینداری‌ رێكخراوی‌ به‌در له‌ وتارێكدا داوای‌ لێبوردنی‌ له‌ خه‌ڵكی‌ خۆیان كرد و  وتی‌ ده‌مانتوانی‌ زۆر بكه‌ین، به‌ڵام نه‌مانكرد، بۆیه‌ بڕیاری‌ ئازایانه‌ و دروست داوای‌ لێبوردن و به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌، چۆن بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ تیرۆری‌ داعش، مه‌رجه‌عی باڵای‌ شیعه‌ سه‌ید عه‌لی سیستانی‌ فتوای‌ جیهادی‌ كیفائی‌ دا، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش زۆر گرنگ و پێویسته‌ فتوای‌ جیهاد دژ به‌ گه‌نده‌ڵی‌ بدرێت .

چونكه‌ تیرۆریستان له‌ كووچه‌ و كۆڵانێكدا ته‌قینه‌وه‌یه‌كیان دەکرد، یان هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیان به‌ ئامانج ده‌گرت و داموده‌زگایه‌كی‌ ده‌وڵه‌تیان تێك ده‌دا، به‌ڵام گه‌نده‌ڵكاران ده‌ستیان خستۆته‌ بیناقاقای‌ به‌شی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ عیراق و پارووی‌ ده‌میان ده‌دزن، هیچ حزب و لایه‌ن و پێكهاته‌یه‌كیش خۆی‌ نه‌كات به‌ فریشته‌، چونكه‌ گه‌نده‌ڵكاران دابه‌شبوون به‌ سه‌ر هه‌موویاندا.

بۆیه‌ هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی و ئه‌وانه‌ی‌ نزیكن لێیانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌خوازن حكومه‌ت پێكبهێنن  و سه‌قامگیری‌ سیاسی‌ له‌ وڵاتدا بێننه‌ ئاراوه‌، با به‌ڵێن بده‌ن له‌ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا نان و ئاو ئارامی‌ و كاره‌با و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و  یاسا و ده‌وڵه‌تی‌ قانون دابین ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندیی‌ هاوسه‌نگ له‌ ته‌ك ده‌ر و دراوسێدا ده‌به‌ستن، ئه‌وكات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گه‌لی‌ عیراق پشتیوانییان ده‌كات، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌م سه‌رده‌می‌ عه‌وله‌مه‌ و سۆشیال میدیایه‌دا زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت حوكمڕانی‌ به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا بكرێت.

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
هێڤار محه‌مه‌د عومه‌ر
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ