بیروڕا
دووباره‌كردنه‌وه‌ ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌سته‌نبوڵ گرنگه‌ بۆ ئاینده‌ى توركیا
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئه‌گه‌رچى 31 ى ئازارى ڕابردوو هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ سه‌ر تا  خوارى توركیا  بۆ هه‌ڵبژاردنى  سه‌رۆكى شاره‌وانییه‌كان ئه‌نجامدرا , به‌ڵام ئه‌وه‌ى كێشه‌و ململانێ ى قورسى لێكه‌وته‌وه‌ ئاكامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى یه‌كه‌م گه‌وره‌ شارى  ستراتیجى توركیا ئه‌سته‌نبوڵ  بوو كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى به‌ دڵى پارتى فه‌رمانڕه‌واو سه‌رۆك كۆمارئه‌ردۆگان نه‌بوو  چونكه‌ كاندیده‌ ڕكابه‌ره‌كه‌یان كه‌له‌ پارتى گه‌لى كۆمارى (جه‌هه‌په‌)  بوو به‌ جیاوازییه‌كى  كه‌م سه‌ركه‌وتنى به‌ ده‌ستهێنا .
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلو له‌ لایه‌ن كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركیاوه‌ به‌ براوه‌ى هه‌ڵبژاردنكان ڕاگه‌یه‌نراو ده‌ستبه‌كاریش بوو  دواتر به‌ هۆى سكاڵاو تانه‌و  نیگه‌رانییه‌كانى ( ئه‌كه‌په‌ )  واته‌ پارتى فه‌رمانڕه‌واوه‌ ئاكامه‌كان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ   بڕیار درا كه‌ 23/6/2019 واته‌ ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان دووباره‌ بكرێنه‌وه‌.
جارێكى تر هه‌ردوو كاندیدى به‌ هێزى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشووى 31 ى ئازار له‌ لایه‌ن حزبه‌كانیانه‌وه‌ جارێكى تر كاندید كراونه‌ته‌وه‌  واته‌ بیناڵى یه‌ڵدرم وه‌زیر و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكى پێشووى په‌رله‌مانى توركیا له‌ ( ئاكه‌په‌) و ( مه‌هه‌په‌ )  ئه‌كره‌م ئیما ئۆغلو سه‌رۆكى یه‌كێك له‌ شاره‌وانیه‌  لاوه‌كییه‌كانى ئه‌سته‌نبوڵ له‌ ( جه‌هه‌په‌) و ( ئى پارتى ) 
هه‌رچه‌نده‌ ئیمام ئۆغلو تا كاتى كاندید بوونى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 31 ى ئازار كه‌سایه‌تیه‌كى هێنده‌ دیارو ناسراو نه‌بوو وه‌كو ڕكابه‌ره‌ى بینالى یه‌ڵدرم كه‌ دووه‌م كه‌سایه‌تى ناو ئه‌كه‌په‌ بوو گه‌لێك پۆست و به‌رپرسیارێتى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ له‌ ده‌وڵه‌تى توركیادا , به‌ڵام ئێستا ئیمام ئۆغلو دواى سه‌ركه‌وتنى هه‌رچه‌نده‌ به‌ جیاوازییه‌كى كه‌میش بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 31ى ئازارى پێشوو و دواتر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئاكامه‌كان و لابردنى له‌ پۆستى سه‌رۆكى شاره‌وانى گه‌وره‌ى ئه‌سته‌نبوڵ كه‌ گرنگیه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ و سه‌رۆك كۆمارى توركیا له‌ كاتى بانگه‌شه‌كانى هه‌ڵبژاردندا وتبووى هه‌ركه‌س حوكمى ئه‌سته‌نبوڵ بكات ئه‌وا حوكمى هه‌موو توركیا ده‌كات , ئێستا بووه‌ته‌ ژماره‌یه‌كى گرنگ له‌ هاوكێشه‌و ململانێ ى سیاسى توركیادا له‌ لایه‌ك وه‌كو سته‌ملێكراوێك و دوور خراوه‌یه‌ك له‌ پۆسته‌كه‌ى و قایل بوون به‌و بڕیاره‌ى ئاستى جه‌ماوه‌ر به‌ شێوه‌یه‌ك به‌رز بووه‌ته‌وه‌ ته‌نانه‌ت سنوورى پارته‌كه‌ى خۆیشى به‌زاندووه‌ و سه‌رتاسه‌رى توركیا ده‌گه‌ڕێت و داواى ده‌نگ و هاوكار ىو پاڵپشتى له‌ خه‌ڵكى توركیا ده‌كات .
ته‌نانه‌ت ئاستى جه‌ماوه‌ر ى به‌ ڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ به‌ ڕكابه‌رى ئه‌ردۆگان لێ ى ده‌نواڕن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2023 ى سه‌رۆكایه‌تى توركیا , هه‌ر له‌ به‌رئه‌وه‌شه‌ هه‌ردوو لایه‌نى ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزه‌سیۆنیش زۆر به‌ گرنگیه‌وه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌ڕوانن و زۆر به‌ چاره‌نووسسازى داده‌نێن .
پارتى دادو گه‌شه‌ واته‌ ( ئه‌كه‌په‌ ) گۆڕانكارى گرنگ و ستراتیجى له‌ سیاسه‌تى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى دا كردووه‌به‌ جیاوازى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئازارى ڕابردوو , ئه‌ویش ناوزه‌دكردنى پرۆسه‌كه‌ به‌ چاره‌نووسسازى له‌ نووسین و وتارو ڕیكلامه‌كان لابردووه‌ و ناوى كاندیدى ئۆپۆزه‌سیۆن ئیمام ئۆغلو به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ میدیاكانیاندا ناهێنن تاوه‌كو زیاتر ناو و ناوبانگى بۆ ده‌رنه‌كه‌ن و زیاتر گه‌وره‌ى نه‌كه‌نه‌وه‌, هه‌روه‌ها سه‌رۆك ئه‌ردۆگان له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌وه‌ خۆى ده‌رنه‌خست و چالاكى زۆرى نه‌نواند وه‌كو جارى پێشوو هه‌موو ڕۆژ ده‌گه‌ڕاو وتارى هه‌بوو گۆڕه‌پانه‌كانى بۆ خودى یه‌ڵدرم چۆڵكرد و ئه‌میش گه‌شتى زۆر كرد بۆ زۆر شوێنى وڵات هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ئه‌سته‌مبوڵیشه‌ به‌ تایبه‌تى بۆ دیاربه‌كر كه‌ له‌وێنده‌ر هه‌ندێ قسه‌ى به‌ زمانى كوردى كرد كه‌ ئه‌مه‌ش ماناو مه‌دلوولى خۆى هه‌یه‌ , چونكه‌ ئه‌سته‌نبوڵ توركیاى بچووكه‌و له‌ هه‌موو ئتنیكه‌ جیاوازه‌كانى توركیاى تێدایه‌ به‌ تایبه‌تى كورد ,  هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕۆژانى كۆتایى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا جارێكى تر  ئه‌ردۆگان ده‌ركه‌وته‌وه‌ و لێدوانیشى داو هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ ئیمام ئۆغلو كرد,
له‌وانه‌ش گرنگتر ئه‌مجاره‌ زمانى بانگه‌شه‌و وتاره‌كانى ئاكه‌په‌ گۆڕانى گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا هاتبوو كه‌ وازیان له‌و وشه‌و ڕسته‌ ئاگراوى و زبر و بریندار كه‌رانه‌ هێنابوو كه‌ هه‌موو ڕكابه‌ره‌كانیانى كردبوو به‌ شه‌یتان .
هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وای كرد كه‌ كاندیدى ئاكه‌په‌ قایل بێت به‌وه‌ى بچێته‌  پانیلێكى ته‌له‌ فزیۆنى له‌ گه‌ڵ كاندیدى جه‌هه‌په‌ ئیمام ئۆغلو دواى ڕه‌زامه‌ندى پارته‌كه‌ى  دواى حه‌ڤده‌ ساڵ له‌ نه‌مانى ئه‌و نه‌ریته‌ .
له‌ كۆتاییدا هه‌رچه‌نده‌ قورسه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێكى وا گرنگ و چاره‌نووسازدا پێشبینى ئه‌نجامه‌كان  بكرێت به‌ڵام  زۆرێك  له‌ ناوه‌نده‌كانى چاودێر ى و ڕاپرسى هه‌ڵبژاردن پێشبینى سه‌ركه‌وتنى ئیمام ئۆغلو ده‌كه‌ن جیاوازییه‌كى كه‌میش بێت .
‌‌ زیاتر ...
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ