بیروڕا
كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌رێم و ناوه‌ند له‌ سه‌نگى مه‌حه‌كدا
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
عێراقى به‌هێز ئه‌و عێراقه‌ ده‌بێت كه‌وا به‌ره‌ی  ناوخۆیى پته‌و و هاوسه‌نگ و گونجاو سازاو بێت له‌ فۆرمێكدا كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى پابه‌ندى ده‌ستووره‌كه‌ى بن كه‌ له‌ ساڵى 2005 له‌ سه‌ختترین دۆخى ئه‌وساى عێراقدا ڕاپرسى له‌ سه‌ركراو نزیكه‌ى له‌ 80% ى زیاترى گه‌لانى عێراق ده‌نگیان له‌ سه‌رى دا به‌ به‌ڵێ .
به‌م ڕێككه‌وتن و پێكهاتنه‌ درز و ده‌رگاو كه‌لێن  داده‌خرێت ده‌ستى ده‌ره‌كى به‌ئاسانى ده‌ست وه‌رده‌نه‌ كایه‌ جیاوازه‌كانى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ , ڕێگرده‌بێت له‌وه‌ى وڵاتانى ئیقلیمى كێشه‌و ململانێكانیان له‌ سه‌ر خاكى عێراق یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌و خۆیشیان بینه‌رى بن .
ئه‌گه‌رچى ئه‌م كێشانه‌ى له‌م ساڵانه‌ى دواییه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ له‌ نێوان  حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراقدا له‌ ئاكامى ساردى و دوور كه‌وتنه‌وه‌و لێك تێنه‌گه‌یشتن هاتنه‌ ئاراوه‌ له‌ سه‌ر پرسى نه‌وت و سامانى سروشتى دواتر بڕینى بوودجه‌ى هه‌رێمى لێكه‌وته‌وه‌ له‌ سه‌رده‌ستى نورى مالیكى و دواتر عه‌بادى ئه‌گه‌رچى پێشتر كێشه‌و ململانێكانى ئه‌و دووحكومه‌ته‌ له‌ سه‌ر پرسه‌ گرنگه‌كانى ماده‌ى 140 ى ده‌ستوورو هێزى پێشمه‌رگه‌و دواتر ده‌رهێنانى نه‌وت و غاز بوو و دامه‌زراندنى داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تى ئیتیحادى عێراق بوو كه‌ زۆر له‌وانه‌ تا ئێستاشى پێوه‌ بێت دانه‌مه‌زراون .
ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت له‌ كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام له‌ نێوان هه‌ردوو لادا ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه‌ خواست و ئاره‌زوویه‌كى جدى هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا به‌ تایبه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى یه‌كجارى و كۆنكرێتى بۆ ئه‌و كێشانه‌ له‌ چوارچێوه‌و له‌ ژێر چه‌ترى ده‌ستوورى عێراقدا , چونكه‌ مسه‌له‌ى فرۆشتنى نه‌وت و دابینكردنى مووچه‌و بوودجه‌ى پێویست بۆ كارمه‌ندانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌روه‌ها وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان  له‌ كاره‌ هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌كانى كابینه‌ى نوێ یه‌ و شتگه‌لێكن كه‌ ئیتر قابیلى هیچ سازش و دواكه‌وتنێك ناكات .
ئه‌گه‌ر حكومه‌تى نوێ ى هه‌رێم ئه‌م كێشه‌ هه‌نووكه‌ییانه‌ى چاره‌سه‌ركرد دواتر ده‌ست كراوه‌ ده‌بێت بۆدۆزینه‌وه‌ى چاره‌ى دروست و ده‌ستوورى بۆ  كێشه‌و قه‌یرانه‌ قورسه‌كان ئه‌ویش بنیاتنانى داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تى فیدراڵى ئیتیحادى عێراقه‌ جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140 ى ده‌ستووره‌  و پڕكردنه‌وه‌ى پشكى كورد له‌ هه‌موو داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تى عێراق به‌ كه‌سانى به‌ تواناو لێهاتوو پڕۆفیشناڵ كه‌سى گونجاو بۆ شوێنى گونجاو .
له‌وانه‌ش گرنگتر ئێتر  هه‌ردوو حكومه‌ت  ده‌ست كراوه‌ ده‌بن بۆ به‌ گژاچوونه‌وه‌ى ئافاته‌ گه‌وره‌كه‌ ى گه‌نده‌ڵى  كه‌ هه‌ردوو لا دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ گه‌نده‌ڵى گه‌وره‌ هه‌یه‌ و هه‌ردوو لاش بڕیاریانداوه‌  ڕووبه‌ڕووى ببنه‌وه‌ چونكه‌ له‌ ساڵى 2003 به‌ دواوه‌ گه‌وره‌ترین تاوانى به‌ فیڕۆدانى سامان و داهاتى عێراق ئه‌نجامدراوه‌و گه‌نده‌ڵكاران وه‌كو به‌رزه‌كى  بانان بۆى ده‌رچوون و ئازادن و ده‌ستى یاسا و داد په‌روه‌رییان پێ نه‌گه‌یووه‌ .
بۆیه‌ ئێستا هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و ناوه‌ندى له‌ به‌رده‌م سه‌نگى مه‌حه‌ك و گه‌وره‌ترین ئه‌زمووندان چونكه‌ شه‌ڕى تیرۆرو ده‌وڵه‌تى ئیسلامى داعش كۆتایی هاتووه‌ و هیچ پاساوێك نه‌ماوه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌و خه‌مساردى به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسه‌ چاره‌نووسسازانه‌ كه‌ په‌ یوه‌ندى به‌ پارووى ده‌مى هه‌ژارانى ئه‌م وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌مانكاتدا گه‌نده‌ڵى له‌ تیرۆر سامناكتره‌ ئه‌گه‌ر زوو  فریاى نه‌كه‌ون و بنبڕى نه‌كه‌ن .
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین پابه‌ند نه‌بوون به‌ ده‌ستوور ڕێكنه‌وتن له‌ نێوان پێكهاته‌كانى عێراقدا ئاوكردنه‌ به‌ ئاشى دوژمنانى عێراق و درێژه‌دانه‌ به‌ تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ڕه‌وت و بزاڤى توندڕه‌و و وه‌حشیتر ه‌ له‌ ئه‌لقاعیده‌و داعش و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ  گۆڕى كۆمه‌ڵ و شه‌ڕى تائیفى و ئتنیكى كه‌ خه‌ڵكى ئه‌م وڵاته‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ زۆر نیگه‌ران و بێزارن لێ ى هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ واى له‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكى ئه‌م وڵاته‌ كردووه‌ كه‌ سه‌رى خۆیان هه‌ڵگرن و ڕێگه‌ى هه‌نده‌ران و غوربه‌ت و نامۆیى بگرنه‌ به‌ر و سه‌دانیان له‌ ئاوه‌كانى ئیجه‌دا ببنه‌ خۆراكى قرش و دڕنده‌كان .
نا بۆشه‌ڕ نابۆ توندو تیژى  وتوند ڕه‌وى به‌ڵێ بۆ ئاشتى و لێبوورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیان .
‌‌ زیاتر ...
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ