بیروڕا
یه‌مه‌ن ئه‌و زه‌لكاوه‌ى كه‌ سعودیه‌ و ئیمارات تێیدا چه‌قیوون
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئه‌گه‌رچى له‌ناو جیهانى عه‌ره‌بیدا ئه‌و وته‌ باوه‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌مه‌ن خاكێكى  سه‌خت و له‌  گیران نه‌هاتووه‌ و له‌  ڕابردووشدا  هیچ داگیركه‌رێك نه‌یتوانیووه‌ تا سه‌ر ده‌سته‌مۆیان بكات و بنده‌ستیان بكات , ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌و ئه‌وانیش :
1. سروشتى خه‌ڵكه‌كه‌ى كه‌ هه‌ر به‌ جه‌نگاوه‌رى له‌ دایك ده‌بن  وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن و وته‌ى باوه‌.
2. هه‌ڵكه‌وته‌ى خاك و جوگرافیاى وڵاته‌كه‌ به‌ شاخ و چیا به‌ردین و به‌رزه‌كانى و دۆڵ و شیوه‌ قووڵه‌كانى .
3. تواناى خۆڕاگرى و ئارامى بۆ برسێتى ولێزانى له‌ هونه‌رى جه‌نگ و بچووكى جه‌سته‌و له‌ش ولاریان كه‌ ده‌توانن له‌ كونجێكى بچووكدا خۆیان حه‌شاربده‌ن و خۆیان به‌ دڕك وداڵ دابپۆشن مه‌تاره‌یه‌كى بچووكى ئاو له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵبگرن له‌ ته‌ك چه‌ند ده‌نكه‌ خورمایه‌ك تا كات و ساتى گونجاو ده‌ست له‌ دوژمنه‌كانیان بووه‌شێنن .
له‌ مێژووى یه‌مه‌نییه‌كانیشدا زۆر نموونه‌ى ئارامى و خۆڕاگرى  قایم و تاقه‌ت پڕوكێن هه‌یه‌ له‌ چاودێرى جموجووڵ و  هێڵى هاتوچۆ و پێكهاته‌ى هێزى نه‌یاره‌كانیان و ڕاكێشانیان بۆ شه‌ڕى وه‌همى دواتر بردنه‌وه‌ى شه‌ڕه‌كه‌ .
بۆیه‌ له‌ مێژووى نوێ ى یه‌مه‌ندا , یه‌مه‌نییه‌كان توانیان  زۆر داگیر كه‌رو په‌لامارده‌رى خاكه‌كه‌یان ببه‌زێنن و وه‌ده‌ریان بنێن سه‌ره‌ڕاى هه‌ژارى و نه‌بوونى  به‌ و توانا و عه‌زیمه‌ سه‌رسووڕهێنه‌ره‌یان به‌ حوكمى جوگرافییه‌كه‌یان كه‌ پێشتریش ئاماژه‌م پێداوه‌ , شتێكى ترى باوى یه‌مه‌ن هه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی یه‌مه‌نییه‌كان به‌كارى ده‌هێنن ئه‌ویش ڕووه‌كى ( قات ) ه‌ كه‌ جۆرێك ماده‌ى هۆشبه‌رى تێدایه‌ خۆیان ده‌یڕوێنن و زۆر ئاساییه‌ به‌ لایانه‌وه‌ و وه‌كو بنێشت له‌ ده‌میاندایه‌ ده‌ى جوون .
به‌ڵێ له‌مێژووى نوێ ى یه‌مه‌ندا ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نیه‌ عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ په‌لامارى یه‌مه‌ن بدات هه‌ر له‌ دواى دۆزینه‌وه‌ى نه‌وت له‌ عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ به‌ هاوكارى به‌ریتانیا و ئه‌مریكاش , مه‌لیك سعوود كوڕى عه‌بدولعه‌زیزى پادشاى دامه‌زرێنه‌رى شانشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ حه‌زو خواستى له‌ فراوانكردنى شانشینه‌كه‌ى هه‌بوو ئه‌ویش به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن  له‌ هه‌ژارى و لاوازى بى َتوانایى و لاوازى  حوكمى ئیمام ئه‌حمه‌د حه‌میده‌دین  , به‌ڵام دواتر ئیمام  توانى به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و ڕق و بێزارییه‌ى كه‌ خه‌ڵكى یه‌مه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكى بیابانى نه‌جدو حیجاز هه‌یانبوو به‌رپه‌رچى هێڕش و ده‌ستدرێژییه‌كانیان بداته‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تى شازاده‌ فه‌یسه‌ڵ كوڕى عه‌بدولعه‌زیز بوو , دواتر شا عه‌بدولعه‌زیز فه‌رمان به‌ پاشه‌كشه‌ى هێزه‌كه‌ى بكات  و هه‌وڵى ئاسایى كردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ بدات  له‌ گه‌ڵ یه‌مه‌ن .
هه‌رچه‌نده‌ شێخ زایدى  بنیاتنه‌رى ده‌وڵه‌تى ئیمارات  له‌ بنه‌چه‌دا له‌ خێڵه‌كانى  یه‌مه‌نه‌و كاتێكیش به‌نداوى مه‌ئره‌بى سه‌رله‌نوێ له‌ سه‌ر بووجه‌ى خۆى دروست كرده‌وه‌ له‌ یه‌مه‌ن له‌ لافیته‌كانى پێشوازى دا  یه‌مه‌نییه‌كان نووسى بوویان خێرهاتنى ڕۆڵه‌ى یه‌مه‌نى لێهاتوو شێخ زاید ده‌كه‌ین .
له‌ ئێستاشدا له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ى كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر یه‌مه‌ن له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى كه‌ عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ سه‌ركردایه‌تى ده‌كات ئیماراتیش به‌شداره‌ به‌لام له‌ به‌شى باشوورى یه‌مه‌ن كه‌ عه‌ده‌ن پایته‌خته‌كه‌یه‌تى و پێگه‌یه‌كى جوگرافى گرنگى هه‌یه‌ كه‌ ده‌ریاى عه‌ره‌ب به‌ ئۆقیانووسى هندییه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ .
له‌ دواى ڕوداوه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى ڕاپه‌ڕینى خه‌ڵكى یه‌مه‌ن دژ به‌ ده‌سته‌ڵاتى عه‌لى عه‌بدوڵاساڵه‌ح و له‌ كار لابردنى و دواتر كوژرانى عه‌لى عه‌بدوڵا ساڵه‌ح له‌ لایه‌ن حووسیه‌ هاوپه‌یمانه‌ تازه‌كانییه‌وه‌ , ئه‌و وڵاته‌ بووه‌  خاكێكى به‌ پیت به‌هۆى دروست بوونى بۆشایى سیاسى و  نه‌بوونى ده‌وڵه‌ت و سوپاى به‌هێز  و دابه‌شبوونى ئتنیكى و تائیفى كه‌ به‌شێك له‌ یه‌مه‌ن سه‌ربه‌ مه‌زهه‌بى زه‌یدى بن كه‌ نزیكه‌ له‌ مه‌زهه‌بى شیعه‌وه‌ و به‌شێكى تریشى شافیعى و سوونه‌ بن كه‌وا عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ په‌لامارى بدا به‌ سوپایه‌كى زۆر له‌ وڵاتانى كه‌نداو سودان  دواتر هه‌ندێكیان كشانه‌وه‌ .
ئێستا له‌ دواى پێنج ساڵ له‌و شه‌ڕ هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى نه‌یانتوانى به‌ شه‌ڕ كێشه‌ى یه‌مه‌ن یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌ به‌ تایبه‌تى كه‌ ئێران كۆمه‌كى حووسیه‌كان ده‌كات  به‌ هه‌موو جۆرێك وسعوودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانیشى هاوكارى و پشتیوانى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بد ڕه‌به‌ مه‌نسوور هادى ده‌كه‌ن , ئاكامه‌كه‌ى  وێران بوونى یه‌مه‌ن و كوژارنى سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ خه‌ڵكى داماوى ئه‌و وڵاته‌ى لێكه‌وته‌وه‌و ئه‌م وڵاتانه‌ش هه‌ریه‌كه‌و به‌رژه‌وه‌ندى و ئامانجى تایبه‌تى خۆى له‌و شه‌ڕه‌ هه‌یه‌و سه‌ره‌ڕاى دۆڕان و شكستیان  عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌و ئیمارات ئازایه‌تى ئه‌وه‌یان تێدانیه‌ دان به‌ شكستى خۆیاندا بنێن و له‌و زه‌لكاوه‌دا چه‌قیون چاوه‌ڕوانى فریاده‌ڕه‌سێكن .
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
نەوزادی موهەندیس
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ