بیروڕا
عێراق , دووانه‌ى سوپاو حه‌شدى شه‌عبى
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئه‌گه‌رچى  سوپاى عێراقى له‌ 6 كانونى 1921  دامه‌زرا سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن زۆرێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانى پێشووى سوپاى عوسمانى به‌  سه‌ره‌تایه‌كى هاوسه‌نگ و پیشه‌یى باش كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراقى تێدا بوو به‌ تایبه‌تى به‌شێكى باش له‌ فه‌رمانده‌وسه‌ركرده‌كانى له‌ ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌كانى وه‌كو جه‌عفه‌ر پاشا عه‌سكه‌رى و به‌كر سدقى و زۆرى تریش , دواتریش یاساى خزمه‌تى سه‌ربازى زۆره‌ملى له‌ عێراقدا پیاده‌كرا.
به‌ڵام له‌ دواى كوده‌تاى دووه‌مى  به‌عسیه‌كان له‌ 17 ته‌موزى 1968 ئه‌و سوپا له‌ پرنسیبه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى خۆى لاى داو مۆنۆپۆڵكرا بۆ پێكهاته‌یه‌كى دیارى كراو و حزبى به‌عس به‌ تایبه‌تى , تا له‌ لایه‌ن پۆل بریمه‌رى حاكمى ئیدارى ئه‌مریكا له‌ دواى پرۆسه‌ى ئازادكردنى عێراق ئه‌و سوپایه‌ هه‌ڵوه‌شنده‌وه‌.
 دواتر سه‌رله‌نوێ سوپایه‌كى تازه‌ بۆ عێراق دروستكرا له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان و یاساى خزمه‌تى سه‌ربازى زۆره‌ملى ئیجبارى هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ به‌ڵام ئێستاش هاوسه‌نگى تێكچووه‌ته‌وه‌ له‌ سوپاى نوێ ى عێراقدا ئه‌و یاساییه‌ى كه‌ بۆى ده‌ركراوه‌ به‌ ته‌واوه‌تى جێ به‌ جێ ناكرا , ئه‌وه‌ش ئاكامه‌كه‌ى بوو كه‌ 2014 نه‌یتوانى خۆى بگرێت به‌رامبه‌ر په‌لامارى داعش.
هه‌ر له‌ ئاكامى ئه‌و هه‌ره‌سه‌ گه‌وره‌ى سوپاى عێراق مه‌رجه‌عیه‌تى باڵاى شیعه‌ى عێراق كه‌ خۆى له‌ سه‌ید سیستانیدا ده‌بینێته‌وه‌ ,  بانگه‌وازو فتواى نه‌فیرى گشتى بدات و حه‌شدى شه‌عبى پێكبهێنن بۆ پاراستنى مه‌زاره‌ پیرۆزه‌كانى شیعه‌ و پاراستنى حكومه‌تى عێراق كه‌ شیعه‌ سه‌ركردایه‌تى ده‌كرد له‌ شاڵاوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام .
هه‌ر بۆیه‌ هه‌موو لایه‌ن و حزبه‌ شیعه‌كانى عێراق له‌ دواى فتواكه‌ى سه‌ید سیستانى كه‌وتنه‌ خۆیان و هه‌ریه‌كه‌ بۆخۆى هێزێكى چه‌كدار ى دروستكرد كه‌ دوایى بووه‌ ناوكى حه‌شدى شه‌عبى , دواتر حه‌شدى شه‌عبى به‌ خێرایى گه‌شه‌ى كردوو بووه‌  ژماره‌یه‌كى قورس له‌ هاوكێشه‌ى ده‌سته‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى عێراق,  ته‌نانه‌ت جێ ى به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش لێژ كردوو و پێگه‌ى ئه‌وانیشى پڕكرده‌وه‌ , به‌ سوپاى عێراقیشه‌وه‌ و بوو به‌ خاوه‌نى زه‌به‌لاحترین بوودجه‌و سه‌ره‌ڕاى بایكۆتى هێزه‌سوونیه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران  یاساى بۆ ده‌ركراو بوو به‌ شێك له‌ سیستمى به‌رگرى عێراق .
له‌ دواى پێنج  ساڵ ئێستا حه‌شدى شه‌عبى هێزێكى گه‌وره‌یه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ دوا هه‌ڵبژاردنى عێراقدا له‌ 30 حوزه‌یرانى 2018 به‌شدارى ئه‌و پرۆسه‌یان كردو له‌ هێزێكى سه‌ربازییه‌وه‌ بوونه‌ هێزێكى سیاسیش كه‌ به‌شدارى له‌ حوكمڕانى عێراقدا بكه‌ن و نه‌خش و ئه‌جنداى خۆیان هه‌بێت بۆ ئاینده‌ى عێراق .
له‌ هه‌مان كاتیشدا حه‌شدى شه‌عبى هه‌ر به‌ هێزى سه‌ربازى و سیاسیه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ به‌ڵكو به‌ كردنه‌وه‌ى ده‌یان و سه‌دان نووسینگه‌ى ئابوورى  زۆر له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانى بنده‌ستى داعش  ئێستا بووه‌ته‌  خاوه‌ن و هاوبه‌شى هه‌موو پرۆژه‌ بازرگانى و وه‌به‌رهێنانه‌كان له‌و ناوچانه‌دا كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كى گه‌وره‌ى داهاتو كۆكردنه‌وه‌ى سه‌رمایه‌یه‌ بۆ حه‌شدى شه‌عبى .
ئێستا كه‌ بنكه‌و باره‌گاكانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ چه‌ند شوێنێكى جیادا كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر هێرشى فڕۆكه‌ى نه‌ناسراو به‌تایبه‌تى سه‌ربازگه‌ى سقور له‌ باشورى به‌غدا و سه‌ربازگه‌ى به‌له‌د له‌ پارێزگاى سه‌لاحه‌دین كه‌ چه‌ك و جبه‌خانه‌كانیان به‌ ئامانج گیراوه‌و زیانى زۆریان به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هه‌ندێك ئیسرائیل و هه‌ندێكى دى ئه‌مریكا به‌ ئه‌نجامدانى تۆمه‌تبارده‌كه‌ن , له‌ ناو حه‌شدى شه‌عبى و به‌ تایبه‌تى چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كى شیعه‌ له‌ تاقمه‌كه‌ى نوجه‌با  سوپاى عێراق به‌ به‌كرێگیراوى ئه‌مریكا وه‌سف بكه‌ن وداخوازى ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ سوپاى عێراق هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌و و حه‌شدى شه‌عبى جێگه‌ى بگرێته‌وه‌و هه‌ندێكى تریان بڵێن ئه‌و سوپاییه‌ى كه‌ بریمه‌ر دروستى كردووه‌ خێرى بۆ عێراق نابێت .
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان و لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان به‌ ته‌ماى ئه‌وه‌ بوون كه‌ سه‌ید سیستانى له‌ دواى ته‌واو بوونى شه‌ڕى تیرۆرى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى داعش فه‌تواى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى بدات ,وه‌كو ده‌یان وت ئه‌و فتواى ناوبراو  بۆ حاڵه‌تێك و دۆخێكى تایبه‌ت و مه‌ترسییه‌ك دراوه‌و و ئێستا ئه‌و مه‌ترسیه‌ نه‌ماوه‌و پاساو بۆ مانه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبیش نه‌ماوه‌ به‌ڵام عادیل عه‌بدولمهدى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى ئیتیحادى عێراق بڕیار ى تێكهه‌ڵكێشكردنى حه‌شدى به‌ سوپاو هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى عێرا دا تاوه‌كوه‌ 31 مانگى ته‌مووزى 2019 ڕابردوو به‌ڵام پێناچێت ئه‌و بڕیاره‌ به‌ ئاسانى جێبه‌جێ بكرێت .
ئه‌مانه‌و جگه‌ له‌ گله‌یى و گازنده‌و ڕه‌خنه‌ى توندى هێزه‌ سوونیه‌كان كه‌ باس له‌ پێشێلكارى گه‌وره‌ى ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر دانیشتووانى ناوچه‌كانیان و له‌ هه‌مان كاتدا گومانى گه‌وره‌یان له‌ قه‌باره‌ى هێزه‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن به‌ لیستى مووچه‌كانیان بێت 150 هه‌زار كه‌سن به‌ڵام خۆیان له‌ ڕاستیدا 60 هه‌زار كه‌سن .
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین له‌ عێراقى نوێ ى ئیتیحادى و دیموكراسى دروستكردنى هێزى چه‌كدار له‌ سه‌ر بنه‌ماى تائیفى و ئتنیكى له‌ چ یاساو ده‌ستوورێكدا جێ ى ده‌بێته‌وه‌  یان بۆمبَیكى سامناكه‌ هه‌ركات بخوازن ده‌ته‌قێته‌وه‌.

‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
نەوزادی موهەندیس
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ