بیروڕا
با ترەمپ وەڵامی تانەو تەشەرەكان بداتەوە
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئەگەرچی ئەمە یەكەم جار نیە كورد بەم دەردەی ئێستا ببرێت لە نیوەی ڕێگادا بە تەنیا جێبهێڵرێت و قوربانی و  شەڕی سەخت و گەورەی پێ بكرێت دواتر بكرێتە قۆچی قوربانی حەزو بەرژەوەندی زلهێزە نامەرد و سپڵەكان .
هەرچەندە ئەمریكیەكان لەزاری كیسنجەر كە وەزیری دەرەوەو ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی  بووە لە حەفتاكانی سەدەی پێشوو وتوویەتی كە ئێمە دۆست و برادەری هەمیشەییمان نیە بەڵكو بەرژەوەندی هەمیشەییمان هەیە , بۆیە ئیتر نابێت هەموو ئۆباڵەكە بخرێتە ملی ئەمریكا , دەبێت بەرامبەرەكانیانیشیان  تێ بگەن .
من ناخوازم ئێستا لاپەڕەكانی مێژووی چەند ساڵی ڕابردووی شەڕی تیرۆرو ڕۆڵی هەسەدەو شەڕڤانانی كورد لە باكورو خۆرهەڵاتی سوریا وەبیر ترەمپ و دواتر هەموو ئەندامانی  هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بهێنمەوە, چونكە ئەوە دوێنێ‌ بوو لە بیرەوەری تاك بەتاكی خەڵكی ناوچەكەو هەموو چاودێرانی دۆخەكەو هەموو خاوەن پەیوەندیەكان بەو مەسەلە دا زیندووە هێشتا .
ئەوە ی مەبەستمە لەم وتارە كورتەدا باسی بكەم , لەم بارودۆخە هەستیارەی كە ناوچەكەو كورد بەتایبەتی تێیدا تێ پەڕ دەبێت كەبە بەر چاوی دنیاوە چەقۆ خراوەتە سەرملیان لە باكوری سوریا و هەموو تیرۆریستەكانی سوپای ئازادی سوریا و هەموو پاشماوەی  تاقم و گروپە دڕندەكانی داعش و ئەلقاعیدە  بەبەرگێكی نوێ‌ وە ئارایشت كراون و بە هاوكاری توركیا پەلاماری گرێ‌ سپی و كانی عیساو هەموو گوندو شارۆچكەكانی تری ڕۆژئاوای كوردستان دەدەن بە هەموو پێكهاتەكانیەوە .
تەنیا گوناهی ئەمانە ئەوە بوو كە لە جیاتی مرۆڤایەتی بە  گشتی شەڕی تیرۆر و داعشیان كرد ئەم قسەی من نیە ئازیزان , قسەی زۆرێك لە سەركردە ئەمریكی و ئەوروپیەكانیشە .
با بێینەوە سەر ئەسڵی مەبەستەكەو ناونیشانی وتارەكەشم 
حوسنی موبارەكی دكتاتۆری پێشووی میسر كاتی خۆی و لە كۆتایی دەستەڵاتەكەی لە ساڵی 2011 وتبووی ئەوەی خۆی بە ئەمریكا دابپۆشێت ڕووتە , ئەمە وەسفێكی جوانە بۆ بێ‌ باری و بێ‌ وەفایی ئەمریكا بەرامبەر بە دۆست و هاوپەیمانەكانیان , هەر بۆیە ئێستا خودی ئەمریكیەكانیش هەستیان بەم هەڵە كردووە و بۆیە لە زۆر ئاستدا هەر لە بەرپرسانی حكومەت و حزبەكان و میدیاكان و كەسایەتیەكان و هونەرمەندەكانیش دژ بەم هەنگاوەی ترەمپ وەستاونەتەوە و ڕەخنەی توندی لێدەگرن و بەگژیا دەچنەوە .
لە دوا لێدوانیدا فەیسەڵ میقدادی جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا وتی ئێمە  دان و سان لە گەڵ كوردەكاندا ناكەین ئەوان بەكرێ‌ گیراوی ئەمریكان  و جودا خوازن و ئەوان پاساویان دا بە توركیا تاوەكو خاكی سوریا داگیر بكات , با ترەمپ و ئیدارەكەی وەڵامی فەیسەڵ میقداد بدەنەوە .
هەر ئەمڕۆ سەید حەسەن نەسروڵاش سەرۆكی حزبوڵای لوبنان وتی ئەمریكیەكان جێگەی متمانە نین و لە ناكاودا پشتی كوردەكانی سوریایان بەردا بە جۆرێك لە گاڵتەو لاقرتیەوە .
هەر چەندە پێشتریش لە ساڵی 2018 هەمان هەڵوێست ڕوی دا لە كاتێكدا توركیا كانتۆنی عەفرینی داگیركرد بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی خۆی , ئەمریكا و ڕوسیا  گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساند , لە ئێستاشدا بۆ جاری دووەم هەمان هەڵوێست ڕویدا و بە تایبەتی لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی 9/10/2019 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بە ڕوونی دەركەوت كە ئەو دوو هێزە قایل نابن تەنانەت بەیاننامەیەكی سەرەكۆنەكردنیش دژ بە دەوڵەتی توركیا دەربكرێت لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە .
لە ئاوا بارو دۆخێكدا كە وڵاتە زلهێزەكان بە دوای بەرژەوەندیە تایبەتی یەكانی خۆیانەوە بن ناكرێت و نابێت چاوەڕوانی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی بین لەم ناوچە گرنگەی جیهاندا , لە هەمان كاتیشدا ئەمە شكستی ستراتیجیەتی ئەمریكا بوو لە ناوچەكەدا هێشتا ڕوون نیە كێ‌ شوێنی دەگرێتەوە.
‌‌ زیاتر ...
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ