بیروڕا
قۆناغێكى نوێ ى ململانێ ى توركیاوڕوسیا له‌ سوریا
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
هیچ به‌ڵگه‌یه‌كى نوێ له‌ به‌رده‌ستدا نیه‌ كه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ن كه‌  هێزه‌كانى سوپاى عه‌ره‌بى سورى كه‌ له‌ لایه‌ن ڕوسیاو ئێرانه‌وه‌  پشتیوانیان  لێده‌كرێت پێشڕه‌ویه‌كانیان بوه‌ستێنن بۆ ئه‌دلبى باكور , كه‌ دوا پێگه‌ى تاقم و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانه‌,  كه‌ به‌ناو ئۆپۆوه‌سیۆنى سوریان كه‌ توركیا پشتیوانیان لێده‌كات .
ئایا توركیاو سوریا به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون ؟
له‌ ئێستادا كه‌ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌ خۆئاماده‌كردن و كۆكردنه‌وه‌ى هێزو ناردنى ئامێرو كه‌ره‌سه‌ى جه‌نگى پێشكه‌وتوودان و دۆخه‌كه‌ له‌ ئاڵۆزبوون و هه‌ڵكشانێكى خێرادایه‌  به‌ تایبه‌تى له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگى شوباته‌وه‌ تا ئێستا 13 سه‌ربازى توركیا له‌ ناوچه‌ى ئه‌دلب كوژراون , هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌رۆك كۆمارى توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان كه‌ وتى پێشڕه‌وییه‌كانى سوپاى سوریا ده‌وه‌ستێنین به‌ هه‌ر ڕیگایه‌ك پێویست بكات ئیدى چ به‌ هێزى ئاسمانى بێت یان زه‌مینى .
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌شدایه‌ كه‌ له‌ 2  شوباتى 2020 وه‌ تا ئێستا حكومه‌تى توركیا زیاتر له‌ 1800 بارهه‌ڵگرى گه‌وره‌ى ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌ى ئه‌دلب كردووه‌ كه‌ چه‌كى جۆراو جۆرى قورس و ه‌كو تانك و زریپۆش و سه‌ربازهه‌ڵگرى دژ به‌ ڕه‌ساس و ڕادارى له‌ خۆ گرتووه‌ ,سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ زیاتر له‌ 6500 سه‌ربازى له‌ ناوچه‌كانى ئه‌دلب و حه‌له‌ب بڵاو پێ كردووه‌ .
هه‌رله‌ ئاكامى ئه‌م پێشووه‌ چوونانه‌دا وه‌كو پێشتریش باسمكرد له‌م  مانگه‌دا 13 سه‌ربازى توركیا كوژراون و هه‌روه‌ها هێزه‌كانى ڕژێمى سوریا ئابڵووقه‌ى خاڵه‌ چاودێرییه‌كانى توركیا یان له‌ ناوچه‌ى ئه‌دلب داوه‌ به‌ پشتیوانى هێزى ئاسمانى ڕوسیا,  شایانى باسه‌ ئه‌و خاڵه‌ چاودێرییانه‌ پێشتر به‌ ڕێككه‌وتنى نێوان رَوسیا توركیا دامه‌زراون به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى ناوچه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاڵۆزى , كه‌ ئێستائه‌و خاڵانه‌ وه‌كو بارمته‌یه‌كه‌ له‌ لایه‌ن سوریاوه‌ به‌كارده‌هێرێن .
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى حكومه‌تى سوریاشدا , توركیا ش ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووه‌ و په‌لامارى چه‌ند پێگه‌و بنكه‌یه‌كى سوریایان داوه‌و فڕۆكه‌یه‌كى هه‌لى كۆبته‌رى سوپاى سوریایان خسته‌خواره‌و و چه‌ند سه‌ربازێكى سوریاشیان كوشت و برینداكرد .
پێكادانى ڕوسى و توركى !
وادیاره‌ ئاڵۆزییه‌كانى سوریاو توركیا و به‌و حاڵه‌وه‌ ناوه‌ستێت خه‌ڵكى تریش ڕاده‌كێشێته‌ناو هاوكێشه‌ ئاڵۆزو ناو هاوسه‌نگه‌كه‌وه‌ , هه‌روه‌كو ڕوون و ئاشكرایه‌ لاى هه‌مووان ڕوسیا هاوپه‌یمان و هاریكارى پله‌ یه‌كى ڕژێمى به‌شار ئه‌سه‌ده‌ له‌ سوریا و هه‌ر ئه‌و پشتیوانیه‌ش بوو كه‌ ڕژێمى له‌و گه‌رده‌لوول و ڕه‌شه‌با  سه‌خته‌ى ساڵانى پێشوو پاراست , بۆیه‌ پێناچێت له‌ ئێستاشدا پشتى به‌ربدات و و ڕژێمیش كه‌ هه‌موو ناوچه‌كانى سوریاى خسته‌وه‌ بن ده‌سته‌ڵاتى خۆى جگه‌ له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سته‌ڵاتى هه‌سه‌ده‌ , پێناچێت ده‌ستبه‌ردارى پێشڕه‌وییه‌كانى ببێت بۆ ناوچه‌ى ئه‌دلب له‌ باكورى خۆرئاواى سوریا و به‌ تایبه‌تى هه‌موو ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى سوپاى سوریا به‌ پشتیوانى هێزى ئاسمانى  ڕوسیایه‌ , ئه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ى زیاتر ئاڵۆز كرد هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌ردۆگان بوو له‌ 12 ى شوباتدا .
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ى سه‌رۆكى توركیادا سوپاى سوریاو ڕوسیاى هاوپه‌یمانى له‌ به‌یانێكى هاوبه‌شدا وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌كانى  ئه‌ردۆگانیان دایه‌وه‌و پێداگیریان كرد له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان دژ به‌ هه‌موو تاقم و گروهه‌ تیرۆریسته‌كان كه‌ ئارامى و سه‌قامگیرى هاوڵاتیانى ئه‌و ناوچه‌یان خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ , هه‌روه‌ها ڕوسیا  حكومه‌تى توركیا تاوانبار ده‌كات به‌وه‌ى كه‌ پابه‌ند نابێت به‌و ڕێكه‌وتنامانه‌وه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ مۆسكۆ واژۆى كردوون له‌ سه‌ر دۆخى سوریا , هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى به‌رگرى ڕوسیا وتى هێزه‌كانى توركیا  بارودۆخه‌ مه‌یدانى ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزده‌كه‌ن و به‌ره‌و خراپترى ده‌به‌ن .
له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ سوریه‌كان ده‌ڵێن شه‌ڕه‌كه‌ پێ ى ناوه‌ته‌ قۆناغێكى نوێوه‌  ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ توركه‌كان شكستیان خوارد له‌ ڕێگه‌ى شه‌ڕى بریكاره‌كانیان به‌ڵكو ئێستا خۆیان هاتوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانى جه‌نگ .
له‌ ڕاستیشدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ى توركیا له‌ ڕووى یاسا و عورفى نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانێكى ئاشكراو ڕوون و ڕاسته‌وخۆیه‌ له‌ كاروبارى ناوخۆیی وڵاتێكى تر كه‌ ئه‌ندامى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌و پێشێلكردنى سه‌روه‌ریه‌كه‌یه‌تى,جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌م ده‌ستوه‌ردانه‌ى ئه‌ردۆگان له‌كاروبارى سوریاو دواتر لیبیاش هه‌نگاوێكه‌ بۆ ڕاكێشانى هه‌ست و سۆزى نه‌ژادپه‌رسته‌كانى تورك له‌ كاتێكدا له‌ ڕووى ئابورى گه‌شه‌كردنه‌وه‌ ئابورى توركیا پاشه‌كشه‌ى زۆرى كردووه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا تاكه‌ شانازى یان ئه‌وه‌ بوو .
له‌ كۆتاییدا ئه‌گه‌ر نهێنى ئه‌م هه‌ڵچوونه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌دا بۆ ئه‌و بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ سوریا و ڕوسیا پابه‌ند نه‌بوون به‌ ڕێككه‌وتننامه‌كانى پێشوه‌وه‌و ئه‌وه‌ سوریا و ڕوسه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ كاتى  بووه‌ ,  سوریه‌كان و ڕوسیا  ده‌خوازن  هه‌ردوو ڕێگاى ئیستراتیجى و گرنگى M4و M5 بخه‌نه‌ بنده‌سته‌ڵاتى خۆیانه‌وه‌و توركیاش تاوانبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ى كه‌ ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانى هه‌ڵنه‌وه‌شانووه‌ته‌وه‌ , به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئێستا ئه‌ردۆگان له‌ هه‌ڵوێستێكى لاوازدایه‌ و ئیره‌یى پێ نابرێت و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا و ناتۆش دا به‌ گوێره‌ى پیویست نیه‌ .
‌‌ زیاتر ...
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
بێستون سابوراوایی
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ