بیروڕا
كازمى سه‌ردانى واشنتۆن ده‌كات
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
كۆشكى سپى ڕایگه‌یاند كه‌ 20ى ئه‌م مانگه‌ سه‌رۆك تره‌مپ پێشوازى له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق ده‌كات , بۆباسكردنى  ڤایرۆسى كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌كانى و دۆسیه‌كانى ئاسایش و وزه‌و ئابورى,له‌كاتێكدا ئه‌م سه‌ردانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوو وڵات به‌ كه‌شێكى  گرژو ته‌مومژاوى دا ده‌ڕوات به‌ هۆى خواست و ئاره‌زووى هه‌ندێك تاقم هێزى میلیشیاوى بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق و له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌مریكیه‌كان ده‌خوازن سنورێك بۆ هه‌ژموونى ئێران له‌ عێراق دابنێن و ئه‌م خاڵه‌ زۆر به‌ گرنگ ده‌زانن چونكه‌ خاڵى به‌هێزبوونى هه‌ژموونى ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین له‌ عێراقه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت , بۆیه‌  هه‌رده‌بێت لێره‌شه‌وه‌ به‌رى پێ بگیرێت به‌ دیدى ئه‌مریكا .
قۆناغێكى چاره‌نووس ساز
وه‌سفكردنى ئه‌م سه‌ردانه‌ى  مسته‌فا كازمى بۆ ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌كه‌ى كۆشكى سپیدا به‌ چاره‌نووس ساز بۆ خۆى ماناو مه‌دلوولى قوڵى هه‌یه‌ بۆ ئه‌مریكا و عێراقیش , ئه‌مریكیه‌كان ده‌خوازن چاه‌ره‌سه‌رێكى كۆتایى و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ جموجووڵى میلیشیا چه‌كداره‌كانى وابه‌سته‌ به‌ ئێران له‌ عێراق بدۆزنه‌وه‌, ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ چاودێرانى دۆخى ناوچه‌كه‌ له‌و بڕوایه‌دان كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م مه‌رجى واشنتۆنه‌ بۆ هه‌ر كۆمه‌ك هاریكارییه‌ك كه‌ عێراقیه‌كان له‌ ئه‌مریكاى بخوازن .
ئه‌وه‌ى لێره‌دا جێگه‌ى پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌مه‌ له‌ تواناى كازمى دایه‌ ؟  كه‌ بتوانێت ئاوا هه‌نگاوێك بهاوێژێت یان ڕۆڵى كازمى هه‌ر ته‌نها گه‌یاندنى نامه‌و مه‌سجى ئێرانیه‌كانه‌ بۆ ئه‌مریكا و هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات وه‌كو ڕابردوو جۆرێك له‌ هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا له‌ عێراق بهێنێته‌ كایه‌وه‌ .
یان  كازمى هه‌وڵى وتووێژێكى دروست  ڕاست و ڕه‌وان بدات له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان كه‌ هه‌موو دۆسیه‌كانى نێوانیان یه‌كلایى بكاته‌وه‌ , كه‌ خۆى وا پیشانى ئه‌مریكیه‌كان بدات كه‌ هاوبه‌شێكى  جێ متمانه‌و به‌هێزه‌ , كه‌ ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌رێكى لاوازه‌ . له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌مریكیه‌كانیش ده‌خواز ن تواناى كازمى بزانن له‌ به‌ڕێوه‌بردنى  دۆسیه‌ى ئه‌م ململانێانه‌ له‌ گه‌ڵ تاقمه‌ چه‌كداره‌كاندا .
ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ بڕیارى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌وه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن كازمیه‌وه‌ پێش سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ ئه‌مریكا , وا له‌یه‌ك ده‌درێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بۆخۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ بڕیارى سزادانى بكوژانى خۆپیشانده‌ران و جێبه‌جێكردنى بڕیارى چه‌ك به‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌ , كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌مریكیه‌كان واى ده‌بینن كه‌ كازمى به‌رنامه‌و پلانى نیه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ .
كازمى و ئێران
هه‌رچه‌نده‌ كازمى ناخوازێت و نیازى نیه‌  بچێته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ دژبه‌ ئێران بێت , به‌ڵام حه‌زده‌كات نه‌خشه‌ڕێگاو سنورى نوێ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێران و عێراق دابنێت , كه‌ عێراقى به‌هێزو كراوه‌ به‌ ڕووى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ به‌رژه‌وندى ئێرانیشدایه‌ , به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ خواست و مه‌یلى میلیشیا  وابه‌سته‌كانى ئێران له‌ عێراق یه‌كناگرێته‌وه‌ كه‌ ده‌خوازن خۆیان وته‌ى سه‌رتاو كۆتاییان هه‌بێت له‌ دۆسییه‌ى په‌یوه‌ندى ده‌ره‌وه‌ى عێراقدا .
هه‌ر له‌و چوار چێوه‌شدایه‌ كه‌ ئه‌و میلیشیانه‌ زوو زوو هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن و باسى تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ى خوێنى قاسم سلێمانى و ئه‌بو مهدى موهوندیس ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكیه‌كان , هه‌رچه‌نده‌ ئێرانیه‌كان قه‌ناعه‌تێكى وایان لادروست بووه‌ كه‌ فرسه‌تێك به‌ كازمى بده‌ن , به‌ڵام كه‌ باسى كرانه‌وه‌ى عێراق له‌ گه‌ڵ عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ و وڵاتانى ترى كه‌نداوه‌ ده‌كرێت و به‌تایبه‌تى له‌ بوارى وزه‌دا ئیتر ئه‌و هێزانه‌ زیاتر شپرزه‌ ده‌بن و وه‌كو زه‌نگێكى مه‌ترسى بۆ سه‌ر خۆیان و ئێرانى ده‌زانن .
دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تى جه‌مسه‌رگیرى
سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى  بۆ ئه‌مریكا له‌ ڕووى كات و ڕێكخسته‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ى وردى بۆ كراوه‌ له‌ كاتێكدا ده‌كرێت كه‌ سه‌ردانى تارانى كردووه‌ و سه‌ردانى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ دواخراوه‌ , كه‌ ئه‌مه‌ش خواستى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراقه‌ كه‌ وڵات دوور بخرێته‌وه‌ له‌ سیاسه‌تى جه‌مسه‌رگیرى و وابه‌سته‌یى به‌ هیچ وڵاتێكه‌وه‌ .
له‌ كۆتاییدا سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى زۆر گرنگ و پێویسته‌ بۆ ئێستاو ئاینده‌ى عێراق كه‌ كۆتایى به‌ دابڕانى عێراق و ته‌ریك بوونى بێت و ببێته‌ ئه‌ندامێكى كاراو ئه‌كتیفى نێو كۆمه‌ڵگه‌ى نێو ده‌وڵه‌تى  , به‌ تایبه‌تى كازمى ئێستا به‌ فه‌رمى نوێنه‌رایه‌تى عێراق ده‌كات و نابێت بچێته‌ ژێر فشارى هێچ تاقم و میلیشیاییه‌كى چه‌كدار كه‌ وابه‌سته‌ى وڵاتانن و به‌رژه‌وه‌ندى تائیفى و تایبه‌تى خۆیان هه‌یه‌ .
‌‌ زیاتر ...
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
كاروان یاروەیس
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ