بیروڕا
دیوەکەی تری رووداوەکانی ئیدلب
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

لەگەڵ پێشڕەویی سوپای رژێمی سوریا لە ناوچەی ئیدلب، ھەزاران ھاووڵاتیی سوریا شوێنەکانی شەڕیان بەجێھێشت و ھەڵکشانە باکوور رووە و دەروازەی بابولھەوا بۆ پەڕینەوە بەرەو تورکیا. بەڵام لەبری ئەوەی رێیان پێ بدرێ بچنە ئەودیوی سنوور، دەرگایان بە روودا داخرا.
لە راستیدا ئەمە یەکەمجارە تورکیا دەرگا بە رووی ئاوارە سورییەکاندا دادەخا. ھەر بەھۆی ئەمەشەوە دەوروبەری ١٠ ھەزار ئاوارەی دەڤەری ئیدلب لەبەردەم دەروازەی بابولھەوا گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکی گەورەیان سازکرد.
تورکیا ھەر لە سەرەتاوە دەترسا ئۆپەراسیۆنەکانی ئیدلب ببنە مایەی شاڵاوێکی تری ئاوارەبوون. لانی کەم سێ ملیۆن سوری لە تورکیا ئاوارەن. ئەمەش بارێکی گرانی لە ھەموو روویەکەوە لەسەر تورکیا دروست کردووە. لە سەرەتای قەیرانەکەدا، تورکیا پێشوازییەکی گەرم و گوڕی لە ئاوارەکان کرد و سەرۆکی تورکیا ئەمانەی بە موھاجرینی سەردەمی پێغەمبەر شوبھاند. تورکیا پێیوابوو فشاری ئاوارەکان زۆری لەسەر ناکەوێ و ھەر ئەوەندەیە رژێمی سوریا لە ماوەی چەند مانگی داھاتوودا بڕووخێ، ھەر ھەموویان بە خێرایی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. بەڵام مەسەلەکە وا دەرنەچوو. لە بەرەنجامی کۆتاییدا ئاوارەکان بوونە بارێکی گران بەسەر دەوڵەتی تورکیا و لەناو وڵات شاڵاوێکی رق و کینە لە دژیان دروست بوو.
بەڵام مەسەلەکە ھەر ئەوە نییە کە تورکیا دەرگای بە رووی ئاوارەکاندا داخستووە، بەڵکو مەسەلەکە لەمە قوڵترە و دوو دیوی ھەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە تورکیا بەرەو گۆڕینی تەواوی سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە قەیرانی سوریا ھەنگاو دەنێ و لەم چوارچێوەیەدا نایەوێ چیتر دەرگاکانی لەبەردەم شاڵاوی ئاوارەکاندا واڵا بکات. دووەمیان، ئەوەیە کە تورکیا ھەر لەم چوارچێوەیەدا رووە و ئەوە ھەنگاو دەنێ کە دەست لە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارە بەرھەڵستکارەکانی دژ بە رژێمی سوریا ھەڵگرێ و لەم رووەوە پێشبینی دەکرێ سوپای رژێمی سوریا لە داھاتوویەکی نزیکدا بتوانێ دەست بەسەر ئیدلب و دەوروبەری و چەند ناوچەیەکی دیکەدا بگرێ.
تورکیا لەو رێکەوتنەی کە لە ١٧ ی ئەیلولی ساڵی پار واژۆی کردووە، خۆی بەوە پابەند کردووە کە دەست لە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارە بەرھەڵستکارەکان ھەڵگرێ. بە درێژایی یەک ساڵی رەبەق، توانی دەستی دەستی بە روسیا بکا، بەڵام لە کۆتاییدا روسەکان پەیامێکی روونیان گەیاندە ئەنکەرە و رێکەوتنەکانی پێشوویان بە بیرھێنانەوە و گڵۆپی سەوزیان بۆ دیمەشق ھەڵکرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن لە خان شیخون.
یەک رۆژ پێش چاوپێکەوتنی ئەردۆغان و پۆتین لە مۆسکۆ، وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لاڤروڤ لێدوانی دا و رایگەیاند کە مۆسکۆ بەشدارە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیدلب و پشتیوانی لە سوپای سوریا دەکات.
تورکیا نایەوێ وا خۆی پیشان بدا کە پشتی لە ئاوارەکانی سوریا کردووە و بەرەو ئەوە ھەنگاو دەنێ کە دەستبەرداری گروپە بەرھەڵستکارە چەکدارەکان بووە. بەڵام رەوتی رووداوەکان بەرەو ئەوە دەچێ کە تورکیا بەنیازە، بە شێنەیی، خۆی لە فایلی سوریا بێنێتە دەرێ. ئەمەش بە کردەوە سێ ئەنجامی لێ دەکەوێتەوە:
یەکەمیان، ئەوەیە کە ھیچ بەربەستێک بۆ پێشڕەویی سوپای رژێمی سوریا دروست ناکا و دەست لە پشتگیریکردنی گروپە بەرھەڵستکارەکان ھەڵدەگرێ.

دووەمیان، دەبێ ناوچەکانی رۆژئاوای فورات لە جەرابلسەوە تا عەفرین چۆڵ بکات و ھەر ھەمووی رادەستی حکومەتی سوریا بکاتەوە.
سێیەمیان، ئەوەیە کە بەرەو ئاشتبوونەوە لەگەڵ دیمەشق ھەنگاو دەنێ و ھەوڵدەدا رێکەوتنامەی ساڵی ١٩٩٨ ی ئەدەنە جێبەجێ بکا، کە مایەی ھێنانە کایەی ھاوکارییەکی ئەمنییە لەگەڵ سوریا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوور.
ئاشکرایە کە تورکیا بە خۆدەربازکردن لە قەیرانی سوریا، لێپرسراوێتییەکی گەورەی لەکۆڵ دەبێتەوە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئەمە بەم واتایە دێت کە تورکیا پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەوەیدا دەکات و دەستبەرداری پرۆژەی عوسمانیزمی نوێ دەبێ و زۆرتر بایەخ بە ناوەوە دەدا نەک بە دەرەوە.
ئەمە بەم مانایە نییە کە دەربازبوونی تورکیا لە قەیرانی سوریا، ھەموو کێشەکانی چارەسەر دەکا. دەربازبوونی تورکیا لە قەیرانی سوریا خۆی لە خۆیدا سەرەتای قۆناغێکی تری گیروگرفت و گێچەڵە لە ناوخۆدا، کە کاریگەریی زۆری لەسەر پاشەکشەی رۆڵی ناوچەیی تورکیا دەبێ و لە ناوخۆشدا ئاستی ناسەقامگیری بەرەو ھەڵکشان دەبات.
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
نەوزادی موهەندیس
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ