بیروڕا
پێشنیازنامە بۆ كۆنگرەی یەكێتی
مستەفا محەمەد
رۆژی شەممە 7/9/2019، لەشاری سلێمانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبۆوە، هەروەك چاوەڕوان دەكرا لەپاڵ باسكردنی چەندین پرسی گرنگ، تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ ئامادەسازییەكانی كۆنگرەی چوارەم‌و لەم بارەیەوە وێڕای جەختكردنەوە لە ئەكتیڤكردنەوەی لیژنەكانی ئامادەكاری كۆنگرە، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا كە 7/12/2019 كۆنگرەی خۆی ببەستێ. ئەگەرچی دانانی وادەی بەستنی كۆنگرە دەستپێكێكی باشەو بڕیارە دروستەكەیە، بەڵام رەنگە هێندەی قۆناغەكانی دوای دیاریكردنی وادەكە گرنگ نەبێ، چونكە ئیتر لەو وادەیە بەدواوە كە رێك سێ مانگە ئامادەكارییەكان دەچنە عەددی تەنازولییەوەو پێویستە پێشنیازو راسپاردەكان بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی كۆنگرە بەئاراستەی دانانی رێوشوێنی گونجاوی ئەوتۆ ساز بكرێن، كە وەڵامی خواستی سەرجەم ئۆرگانەكان‌و تەحەدییە نێوخۆیی‌و دەرەكییەكانی تێدا تۆماربن‌و بەربەستە تەقلیدییەكانی بەردەم تەئجیل‌و تەئخیری كۆنگرە بەتەواوی تێپەڕێنێ. ئەم كۆنگرەیە بۆ دۆخی ئێستای یەكێتی وێستگەیەكی پەڕینەوەی چارەنووسسازە، چونكە وەك ئاماژەی بۆكراوە، بۆ نوێبوونەوەو بەهێزكردنەوەی پێگەو سەنگ‌و پێكهاتەی یەكێتییە، بەو پێیە گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە هەیكەل‌و ئۆرگانەكاندا دەكرێ، بەشێوەیەك هەندێ دامەزراوەی حزب بچووك دەكرێنەوەو بەشێكیشیان لادەبرێن، هاوكات پێشدەچێ لەدوای تاوتوێكردنی راپۆرتی لیژنەكان‌و گفتوگۆكانی نێو كۆنگرە، هەندێ ئۆرگانی تریش زیاد بكرێن. مادام كۆنگرە حەوجێ بە پێشنیازە، بە تێڕوانینی ئێمە یەكێك لەو جەدەلانەی كە پێویستە كۆنگرە دەستی بخاتەسەرو چارەسەری بكا، لەخۆگرتنەوەو رێكخستنەوەو جێكردنەوەی لەشكرێك كادری خۆبەخشی رەنجاوو ناڕازییە، كە لەهەموو قۆناغەكاندا ناوو تایتڵ‌و ژیان‌و كات‌و خەباتی نەپساوەیان لەقازانجی نەش‌و نما كردن‌و هەڵسانەوەی یەكێتیدا كردۆتە قوربانی‌و بۆ تەنها رۆژێك، نەزیز بوون نە سەنگەریان گوێزاوەتەوە، نە سستی لەكایەی رێكخراوەییدا رووی لێناون، بەڵام لەم بەلێشاوی پێدانی رۆڵ‌و پلەو پۆست‌و ئیمتیازاتانەی ئەم دواییەدا، لەجیاتی دەستخۆشی‌و رێزگرتن‌و ئەمەك نوواندن بەرامبەریان، بەداخەوە كراونەتە بەردەبازی سەرخستن‌و گەورەكردن‌و دۆزینەوەی ناونیشان بۆ ژمارەیەك لە کادرە گەڕاوەکان! یەكێتی حزبێكی گەورەو بەرفرەو هەمەڕاو هەمەچەشنەو بونیادێكی پتەوی دامەزراوی هەیەو جێگەی هەمووانی تێدا دەبێتەوە، بەڵام بەڕاستی ناكرێ بەبیانووی بەهێزكردنەوەی ماڵە گەورەكە، بێ گەڕانەوە بۆ سازو تەیاركردنی كادر بە چەشنی دامەزراندن لەڕووی چەندایەتییەوە باری لاری دارایی یەكێتی زیاتر داهێز بكرێ‌و بە زێدەكردنی ژمارە لەئۆرگانەكاندا بە تایتڵی قەبەو مووچەوە، عەمودی فەقەری یەكێتی تووشی داخوران بكرێ، بەڵكو لەجێی ئەوە بە نییەتێكی بێ خەوشی نوێبوونەوە (هەر لەخوارەوە تا سەرەوەی هەڕەم) كەسانی لێهاتوو و خاوەن كەفائەی نەوعیی بهێنرێنە پێشەوەو بە چالاككردنەوەی پەیمانگەی پێگەیاندنی كادران، پێگەی كادر بەچەشنی جاران بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی پەروەردە بكرێن، ئینجا بخرێنە جێ‌و رێی شایستەوە، ئەم پێودانگە بۆ ناوخودی ئۆرگانەكان‌و دەرەوەی كایە حزبییەكەش لەچوارچێوەی پێدانی رۆڵ بە كادران لەحكومەتدا هەر راستە، ئەوسا دڵنیام لە تەرجەمەكردنیدا بۆ مەیدانی كار كەسی شیاو لەجێی شیاو دەبینرێ‌، بەمەش یەكێتی سەروەرییەكی گەورەی تر بۆ ئایندەی رێچكەی موعتەبەری سەردەمییانەی روئیای سیاسی لە كوردستاندا دەهێنێتە وجودەوەو دڵی دۆست‌و لایەنگرو كۆمەڵانی خەڵك پێش ئەندام‌و كادرەكانی خۆش دەكا‌و زیاتر متمانە دەگێڕێتەوە بۆ ئایندەی سیاسی یەكێتی لەمەیدانی پراكتیزەكردنی دیموكراسی‌و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكدا، كە بێگومان بەدرێژایی نزیكەی نیو سەدە بنەمای سەرەكی‌و ئیلهام بەخشی لەدایكبوونی یەكێتییەكەی «مام» بوون.
‌‌ زیاتر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
نەوزادی موهەندیس
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ