بیروڕا
له‌ دواجاردا به‌غدا رێگه‌ دروسته‌كه‌یه
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د

له‌پێناوی ئه‌وه‌ی دوای شكست و به‌ لاوازی نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌، پێویسته‌ ئێستا كه‌ هیچ گرفتێكی ئه‌وتۆ یان ناكۆكی قوڵ دروست نه‌بووه‌، به‌ده‌م رێگه‌ی گفتوگۆی به‌غداوه‌ بین

یه‌كه‌م هه‌نگاو و سه‌ردانی ره‌سمی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رووه‌و به‌غدا بوو، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆ داهاتووش بكرێته‌ بنه‌مای دۆزینه‌وه‌ی چارسه‌ری هه‌میشه‌یی، هه‌نگاوێكی ته‌واو دروسته‌، چونكه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی رابردووه‌وه‌، ئێستا هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دان كه‌ ئیدی دوای زیاتر له‌ نۆ مانگ له‌ گفتوگۆی دوور و درێژی لایه‌نه‌كان، دیوێكی تری حوكمڕانی ببینن له‌هه‌رێم، به‌بڕوای به‌نده‌ ئه‌م جیاوازییه‌ له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ ده‌بێت كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی گرنگی كاره‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا بێت، هه‌ڵبه‌ت كه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ هه‌ماهه‌نگ بن، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ چاره‌نووسی هه‌مووان به‌ته‌نها له‌قه‌ده‌ری به‌غدادا بێت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌زموون و ره‌چاوكردنی رابردووش ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی هه‌ر گرفتێك، بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا و له‌ به‌غداوه‌ چارسه‌ری كێشه‌كانی بكات.

یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ردانی ره‌سمیی حكومه‌تی نوێ له‌بری سه‌ردانی پایته‌خه‌ته‌كانی تری دراوسێ رووه‌ و به‌غدا، ئه‌مه‌ نییه‌ت باشییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م قۆناغه‌ی به‌غداش وه‌ك خۆی لێی تێبگه‌ن و شرۆڤه‌ی تری جۆراوجۆری بۆ نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا له‌كورتترین پێناسه‌یدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌مووان رابگه‌یه‌نرێت كه‌ كورد قه‌ناعه‌تی به‌گفتوگۆ هه‌یه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ی رێگه‌ی به‌غدا ده‌كاته‌ سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكی هه‌موو گه‌شته‌كانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خاكی هه‌رێم.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌م نییه‌ت باشییه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بێت كه‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی پایته‌خته‌كانی تری دراوسێش بپارێزێت، واتا سیاسه‌تی (یان به‌غدا یان پایته‌ختی وڵاتانی تری دراوسێ) هاوكێشه‌یه‌كه‌ له‌ڕابردوودا كورد به‌ته‌نها زیاندمه‌ندی سه‌ره‌كیی بووه‌ تیایدا. ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی پێویستی و گرنگی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌نگاو بنێت، به‌ڵام دواجاری هه‌موو كێشه‌یەكیش چارسه‌ره‌كه‌ی به‌ ته‌نها له‌به‌غدایه‌.

له‌ڕابردوودا له‌سه‌ر ئاستی حزبی و كه‌سی و تایبه‌تیش، زۆرجار گوێبیستی ئه‌وه‌ بووین كه‌ یه‌كێتی به‌شێكی گرنگی ستراتیژه‌كه‌ی سازانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌ك ترازان، یه‌كێتی له‌ڕابردووشدا بۆچوونی به‌و ئاراسته‌یه‌دا بووه‌، ده‌بێت به‌غدا به‌گرنگییه‌وه‌ سه‌یر بكرێت و دووركه‌وتنه‌وه‌ لێی به‌و ئاسته‌ی كه‌ دیدی به‌غدا بۆ چۆنێتی چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كان فه‌رامۆش بكرێت، هه‌نگاوێكی زۆر هه‌ڵه‌یه‌ و پێچه‌وانه‌ی واقعیشه‌.

بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌م راستییه‌ و به‌رگریكردنیش له‌و شێوازی مامه‌ڵه‌كردنه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێی به‌ژه‌روه‌ندییه‌كانی هه‌رێمیش سه‌یری دۆخه‌كه‌ بكه‌ین و له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ سه‌رنج بده‌ین، هه‌ر ده‌گه‌ینه‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر كورد نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا، چی ده‌كات و به‌دیلی به‌غدا بۆ كورد چییه‌؟ بێگومان ساده‌ترین ده‌ره‌نجام كه‌ له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌وه‌ ده‌ستمان ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ دۆخی چه‌ند ساڵی رابردوو، دۆخێك كه‌ هیچ كوردێكی باشوور نییه‌ خۆزگه‌ی بۆ بخوازێت.

له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م واقعه‌شدا، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی دوای شكست و به‌ لاوازی نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌، پێویسته‌ ئێستا كه‌ هیچ گرفتێكی ئه‌وتۆ یان ناكۆكی قوڵ دروست نه‌بووه‌، به‌ده‌م رێگه‌ی گفتوگۆی به‌غداوه‌ بین، گرنگه‌ له‌ده‌ستپێكه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ست به‌به‌غداوه‌ بگرێت و كاری جددیش بكات له‌پێناوی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ته‌ندورست بن و لێكتێگه‌یشتن ببێته‌ بنه‌مای هه‌موو هه‌نگاوێك و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور، بكاته‌ ته‌نها داخوازی.

راسته‌ گرفتی عیراق له‌دوای نووسینه‌وه‌ی و په‌سه‌ندكردنیشی، له‌زۆر كاتدا پابه‌ندنه‌بوون بووه‌ به‌ ده‌ستوور، به‌ڵام كاتێك حكومه‌تی هه‌رێم پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ ده‌بێت ده‌ستوور بكرێته‌ پێشمه‌رجی هه‌موو گفتوگۆكان، له‌لایه‌ك له‌ئاستی ناوخۆ ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ پیشان ده‌درێت كه‌ كورد رێز له‌ده‌ستوور ده‌گرێت، له‌لایه‌كی تریش له‌سه‌ر ئاستی دونیاش بێگومان دۆسته‌كانمان به‌چاوێكی تره‌وه‌ سه‌یری كورد ده‌كه‌ن و له‌زۆر كاتیشدا لایه‌نگری كورد و داوا ره‌واكانیشی ده‌كه‌ن.
‌‌ زیاتر ...
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
کاروان ئەحمەد عبدالرحمن
شادمان مەلا حەسەن
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ