بیروڕا
پێویستیی دروستبوون و گرنگیی مانەوە
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د

لە 10 ساڵی رابردوودا سەرجەمی ئەو هێزو پارتە كوردییانەی لەباشوور دروستبوون، هیچ یەكێكیان نەیانتوانی لانی كەمی بەشێكی بچووكی ئەو دروشمانەشیان بكەن بەكردار، كە لەسەرەتای پێگرتنیانەوە بە قەبارەی گەورە گەورە ئاراستەی دەنگی ناڕازی‌و شەقامی كوردییان دەكرد.

لەهەموو قۆناغەكاندا هەر هێزێكی سیاسی كە پێویستیی قۆناغ‌و لەهەلومەرجێكی گونجاودا لەدایك نەبێ، ناشتوانێ درێژە بەهەنگاوەكانی بدات، هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی كە لەئەنجامی كاردانەوە دروستدەبن، دوای تەمەنێكی بچووك ئیدی هێدی هێدی خۆری تەمەنی بەرەو ئاوابوون دەچێت، بەپێچەوانەشەوە هەركاتێك لەسەربنەمای واقع‌و پێویستیی، هێزی سیاسی لەدایك بێت، بە ستراتیژی واقعییانەوە هەنگاو دەنێت‌و بەڕۆڵ‌و پێگەی كاریگەریشەوە دەمێنێتەوە.

لەچەند ساڵی رابردوودا لەهەرێمی كوردستان هیچ یەكێ لەو هێزە كوردییانەی دروستبوون پێویستیی قۆناغ نەبوون، بەڵكو تەنها هەڵچوون‌و داچوونی سیاسی، یان كاردانەوەی نابەجێ دروستیكردن‌و سەرەنجامیش چارەنووسی هەموو ئەو هێزە كوردییانەمان بینی كە بە دووركەوتنەوەی كەسی یەكەم، یان ماڵئاوایی كردن، یانیش بە تۆرانی بەشێكی ئەوانەی لە بنیادنانەوە هاوئاواز بوون، چۆن دووچاری گرفت‌و ئاستەنگی گەورە بوونەوە، تائاستێك كە لەلێواری مەرگیش نزیكبوونەوەو مانەوەشیان تەنها لەژێر ناونیشیانێكدا دەبینرێت، كە بەبێهێزی‌و بەبێ بوونی هیچ رۆڵێك لەگۆشەیەكی ئەم نیشتمانەدا سەرقاڵی دەردە دڵن‌و لەچاوەڕوانی دەرگایەكی خێردان تاوەكو بەڕوویاندا بكرێتەوە.

لەڕاستیدا هێزی رەسەن كەخاوەنی ستراتیژی تایبەت بێت‌و پێویستیی قۆناغ پاڵنەری بوونیادنانی بێت، هەرگیز بەجیابوونەوەی بەشێك لە سەركردەو خاوەن بڕیارەكانی دووچاری ئاستەنگی گەورە نابێت، راستە هەموو جیابوونەوەیەك لەناو پارتی سیاسیدا كاریگەریی سلبی جێدەهێڵێ، بەڵام بۆ هێزێك كە هەڵقوڵاوی پێویستی‌و قۆناغی مێژوویی بێت، شكست بێ هەڵسانەوە بوونی نییەو هەموو كەوتنێك دەستپێكی شێوازێكی تری نوێبوونەوەیە، جیابوونەوەكان لە یەكێتی‌و پیلانگێڕییەكان بەرامبەری، لەهەمان كاتیشدا خۆڕاگری‌و مانەوەو بەرپەرچدانەوەی پێشهاتەكان، وەڵامێكی دروستی ئەو پرسیارەیە كە هێزی رەسەن‌و مێژووی دەكرێت ناوو ناونیشانی كام هێزی سیاسی بێت.
بەشێكی تری گرنگ لەمێژووی دروستبوونی هێزی نوێ لەپاڵ ئەوەی كە پێویستیی قۆناغ نەبوون‌و بەهۆكاری كاردانەوەی كاتی دروستبوون، نەبوونی جیاوازییەكی بنەڕەتی بوو لەگەڵ كۆی ئەو هێزە سیاسییانەی تری باشوور، بەمانایەكی تر، سەرجەمی ئەو هێزو پارتە كوردییانەی لە دە ساڵی رابردوودا دروستبوون، تەنها ناوو ناونیشان‌و رەنگەكانیان جیاوازبوو، ئەگەرنا ئەوانیش لەسەر هەمان شێوازو بنەمای هێزە كوردییەكانی تر ئامانجیان گەیشتن بوو بەلوتكەی دەسەڵاتی هەرێم. نەبوونی ئەم جیاوازییەو لەهەمان كاتیشدا دووباربوونەوەی رابردوو بەناوو ناونیشانی نوێوە، بەشێكی تری گرنگی هۆكاری بێئومێدبوونی هاووڵاتییانی هەرێمیشە، ئەمە جگە لەوەی لەكاتی بەشداریشیان لەحكومەت‌و جومگەكانی بەڕێوەبردنی هەرێم خەڵكی ئەوەی روونتر بینی، كە ئەوانەی بەناوو ناونیشانی گەورەوە داوای گۆڕانكاری‌و قۆناغێكی نوێیان دەكرد، لەبنەڕەتەوە هیچ جیاوازییەكیان نییە.
دە ساڵی رابردوو ئەگەر ئەوەی پێوتبین كە ئەو هێزانەی دروستبوون بۆ ئامانجی تایبەتی بوون‌و هیچ جیاوازییەكیشیان نەبوو، لەهەمان كاتیشدا هەر خودی ئەو هێزانە خۆشیان سەرمەشقی ئەم قۆناغەو چەند ساڵی داهاتووش دەبن، كە توانییان بەهەمووان بڵێن (هێزی تری نوێ ناتوانێت گەشە بكات‌و هێزی بەردەوامیدانی نییە)، ئەمە جگە لەوەی ئەو هێزانە هەر خۆیان توانییان پێشەواو رابەرایەتیی قۆناغێكی تریش بكەن، ئەویش (بێئومێدكردنی خەڵكەو بۆ هەمیشە كوشتنی گیانی ئۆپۆزسیۆن بوونە) كە لەڕاستیدا بۆ هەموو وڵاتێك ئۆپۆزسیۆنی تەندروست گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام لەهەرێم لەسایەی ئەم دروستبوون‌و پاشان پەرتەوازە بوونەدا، ئەو گرنگییەشی نەماو بۆ داهاتووش زەمەنێكی تری زۆری گەرەكە، تاوەكو بینابكرێتەوە.
‌‌ زیاتر ...
د.ئه‌رسه‌لان بایز
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ