بیروڕا
دەرگاكەی گەندەڵكاریی!
عه‌تا كه‌ریم
زۆرترین گەندەڵی و كەمترین لێپێچینەوە، تا ئێستا تایتڵی دۆخی حوكمڕانیە لە هەرێمی كوردستان، لە یەكەم كابینەوە تا  كابینەی نۆهەم، كە بە 30 ساڵدا گوزەریكردوە.
تەمەنی هەرێمی كوردستان  سێ دەیەیە، بەڵام هێشتا دینگە سەرەكیەكانی لاسەنگ و لەرزۆكە، بەڵام داهات و سەرچاوەكانی بۆ دەوڵەتداریی لە زۆر وڵاتی سەرزەمین زۆرترە، بەڵام ئەقڵمەندی شیاوی كەمە! ئەوەی لەسەر رێشچكەش بوو، خراوەتە لارێ، بەتایبەت لە سەردەمی بانگەشەی ئابووری سەربەخۆ و جیابوونەوە بە ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017!.
زەمەنی دورودرێژی شۆڕشەكانی بزووتنەوەی رزگاریخواز (بەشكست و سەركەوتنەكانیەوە) لە شاخ و شار، هەروەها قەبارەی قوربانیدانی گیانی و نەهامەتیەكانی جینوسایدكردنی كورد لەباشوور، هەروەها خۆبەرێوەبردنی 30 ساڵەی حوكمڕانی شار، دەبوایە تایتڵەكەی (كەمترین گەندەڵی و زۆرترین لێپێچینەوە بوایە)!، بەڵام باسوخواسی گەندەڵی و كاری ناچیزی گەندەڵكاران تەنیا لە ماڵی هاونیشتمانی هەرێم نییە، بەڵكو باسەكە لە ماڵی سیاسیی و حوكمڕانیشدا گەرمە، بەڵام پرسی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەركردنی ساردە.
ئەم دەردە كوشندەیە لە بەشی سەرەوەی دینگەكانی ئابوورییەوە ( دارایی و بودجەو سەچاوە دارایی و نەوتییەكانەوە) شۆڕبۆتەوە، زۆرێك لە كایەكانی تەنیوەو لەدوو دەرگای كراوەی ئاشكراوە دێت و دەڕوا.
دەرگای یەكەمی گەندەڵكاران، لە زۆرێكی حزبەكانەوەیە و كارەكتەرەكانیش لەوێوەن.
دەرگای دوەمیشیان، حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمن، بەجۆرێك بەدەگمەن سێكتەرێك شك دەبرێت كەپەتای گەندەڵی لێی نەدابێت، ئەم باسە سەرۆك وەزیران و جێگر و كاراكتەرە باڵاكان، هەم لە حزب و لەحكومەت ئاماژەیان پێداوە و ئاگادارن!، بەڵام هەنگاوی بەرەنگاربوونەوەی لەچاو گەورەیی دیاردەكە، بچووكە، بەدیوێكی دیكەدا گەندەڵكاران بەقەبارەی لەشكرن، لە ئاستیشیدا كاراكتەر و هێزی دژایەتی گەندەڵی كەم و بێهێز.
دەسەڵاتی دادوەریی كۆنترۆڵكراو و دەستەی نەزاهەی (سەربەخۆیان) لە جیاتی سەربەخۆ، پشتیوانیی گەندەڵكارانی حزبی و حكومی و لاوازی لێپێچینەوە، هاوتەریبی نە پارێزراوی سەرچاوەداراییەكان بە سیستم و دامەزراوەیی، دەرفەت و ژینگەی بۆ گەندەڵی لەباركردووە!.
زۆرێك لەو سیستم و ئەزمونانەی شكستخواردووبوون، یان لابراو و رووخێندراون، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، پاڵنەرەكەیان گەندەڵیی و پاراستنی گەندەڵكاران بوون، بەچەشنێك حوكمڕانی دەخاتە ژێر ئیفلاسی ئابووریی و كەڵەكەبوونی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكییەوە( كە هەرێمیش قەرزدارە)، ئەم بارقورسییەش شۆڕدەبێتەوە بۆسەر شانی تاكەكانی كۆمەڵگە، بۆیە جوڵاندن بەرەو چارەسەر لەشەقەمامەوە سەرهەڵدەدات، ئەگەر لە دەسەڵاتەكانی بەرێوەبردندا بەدینەكرا، نمونەی شۆڕەشەكانی بەهاری عەرەبیی لەو چەشنەن.
نمونەی خۆدەربازكردنیش لەگەندەڵیدا هەیە، ئەویش كۆریای باشوورە، كە ئیرادەی سیاسیی و حوكمڕانی و چاكسازیی بۆ بەگژاچوونەوەی لەسەرەوە بۆ خوارەوە سەریهەڵدا ، كە ئەنجامەكەی بەوەگەیشت كە ئێستا ئەو وڵاتە یەكێكە لە هێزە ئابوورییە گەشەسەندووەكانی جیهان.
سەچاوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبێت بە ئامانجی راستەقینەی دژایەتی گەندەڵی بەرپابكرێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە و دەرگای حزبی و حكومی هاتوچۆی گەندەڵكاران كڵۆمبدرێت، دەسەڵاتی دادوەریی و دەستپاكی لە سەربەخۆیانەوە بكرێن بە(سەربەخۆ) بۆ بردنەوە و سەركەوتن بەسەر دەردی گەندەڵییدا، ئەم چارەسەر ئەگەر لەسەرەوە بەنیەتی راستەقینە بكرێت دەبێتە هێزی چاكسازی، بەڵام بەفەرامۆشی بسپێردرێت دەبێتە ئەركی شەقام بۆ گۆڕانكاریی، كە رەنگە تێكدان و شلۆقانی بێ گەرەنتی تێبكەوێت.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ