بیروڕا
ئەگەرە ناوخۆییەكانی دەركەوتنەوەی داعش لە عیراق
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


داعش دەستی كردۆتەوە بە كارە تیرۆریستییەكانی و رۆژی هەینی رابردوو لە ناوچەی (ئەلبودۆر) لە باشووری شاری تكریت چەند چەكدارێک هێرشیان كردەسەر خێزانێك و لە ئاكامدا باوك و دایكێک و چوار كوڕ و كچێکیان كوشت، دواتر رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی رووداوە تیرۆریستیەکەی گرتە ئەستۆی خۆی.

دەركەوتنی داعش لە ساڵی 2014 دا، ئەو رووداوە مێژووییە بوو كە دەتوانین بڵێین عیراق و سوریای پێش 2014 ی جیاكردەوە لە عیراق و سوریای پاش دەركەوتنی داعش، دوای داعش و ئەو گۆڕانكارییانەی داعش بەدوای خۆیدا هێنای، تائێستا پرسیار لەسەر هۆكاری دەركەوتنی داعش و ئەو وڵات و لایەنانە دەكرێت كە لە پشت دەركەوتنی داعشەوە بوون، زۆرترین قسە لەسەر ئەوەیە كە وڵاتانی ئیقلیمی و دەرەكی لەپشت دەركەوتنی داعشەوە بوون و بەپێچەوانەشەوە كەمترین قسە لەسەر هۆكارە ناوخۆییەكانی دەركەوتنی داعش لە هەریەک لە عیراق و سوریا دەكرا.

هەموو ئەو هۆكارە ناوخۆییانەی وایكرد داعش زۆر بە چڕی لە عیراق دەربكەوێت و %35ی خاكی عیراق داگیر بكات هەر ماون و زیندوون، تەنانەت دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 حكومەتەكەی «حەیدەر عەبادی» سەركەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، بەڵام هۆكارە ناوخۆییەکانی دەركەوتنی داعش لە عیراقدا هەر ماون و ئێستا كۆمەڵێك ئەگەر هەیە دووبارە داعش زیندوو بكەنەوە، لەوانە:

یەكەم _ پێكدادانی مەزهەبی، خاڵێكی بەهێز كە وایكرد داعش بەو خێراییە زۆر و بەهێزییەوە دەربكەوێت، پێكدادانی مەزهەبیی نێوان شیعە و سوننە بوو لە عیراقدا، چونكە ئەم پێكدادانە كەلێنێكی گەورەی خستۆتە نێوان تاكەكانی عیراقەوە و لە رقی یەكتر و بۆ تۆڵەكردنەوەی مەزهەبێك لە مەزهەبێكی دیكە، پەیوەندییان بە ریزەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە دەكرد. ئێستاش ئەم ئەگەرە دیارترین خاڵی نەرێنی مەزهەبە عیراقییەكانە كە خزمەت بە دەركەوتنەوەی داعش دەکات و دەرکەوتنەوەیان بۆ جاری دووەم خێراتر دەکات.

دووەم _ بێكاریی لە عیراقدا، بوونی رێژەیەكی زۆر لە بێكاریی و كەڵەكەبوونی هێزێكی گەورەی كار لە عیراقدا و پێڕانەگەیشتنی حكومەتی ناوەند بە پڕكردنەوەی ئەو بێكارییەی كە هەیە لە عیراقدا، پاڵنەرێكی نێگەتیڤە كە گەنجە عیراقییەكان بەرەو هەر رێكخراو و گروپێكی جیهادی فەندەمێنتالیستی توندڕەو ئاراستە بكات لە پێناوی ژیان و مەرامە كەسێتی و مادییەكانیان.

سێیەم _ باری ئەمنی، باری ئەمنی لە عیراقدا «دەواری دەم رەشە بایە»، لە دوای ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادی عیراقەوە، سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عیراقدا، بەڵام عیراق بەردەوام لە بارێكی ئەمنی ناجێگیر و خراپدا بووە، ئەمەش كۆمەكی باشی بە تیرۆریستان و تەنانەت زۆرێكی وڵاتانی ناوچەكەش كردووە کە دەست وەربدەن لە ناوخۆی عیراق و پیلان و پلانەکانیان لەم وڵاتەدا بەئامانج بگەیەنن.

چوارەم _ سەروەریی خاكی عیراق، هیچ سنوورێكی دیكە نییە هاوشێوەی سنووری خاكی عیراق فشۆڵ و كراوە بێت لە بەردەم هاتن و پەڕینەوەی نایاسایی و خشكەیی رێكخراوە تیرۆریستی و جیهادییەكاندا لە لایەك و وڵاتانی هەرێمایەتیش لەلایەكی دیكەوە. 

تاكو سنووری عیراقیش بەم جۆرە بێت و کۆنتڕۆڵ و رێگرییەک بۆ هاتنە ناوەوەی تیرۆریستان نەبێت، ئەوا بەردەوام داعش و هاوشێوەكانی لە باری گەشە و دەركەوتنەوەدا دەبن.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ