بیروڕا
لەنێوان نەوال سەعداوی و سەمانساپاوەر دا
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


نەوال سەعداوی هەرکێ و هەرچی بێت دواجار ماڵئاوایی کرد، وەک ڕۆژنامەنووسێک مەرگی ئەم ژنە نووسەرە هیچ هەژان و زەربەیەکی دەروونی نەبوو بۆ من، لەبەر ئەوە نا کە ژنێکی تەواو چەپ و دژە پیاو! بوو، لەبەر ئەوەش نا کە لە نەتەوەیەکی نا کوردی بوو، بەڵکو لەبەرئەوەی داکۆکیکارێکی جدی و نووسەرێکی بەهەڵوێست نەبوو دژی هەموو ئەو زوڵم و ستەمەی بەرامبەر ژنی کورد کرا لەلایەن بەعس و خودی سەدام حسێن ـ ەوە.

مەرگی نەوال لەو خاڵەدا باتڵ دەبێت و بەلای منەوە گرنگ نابێت، کە نەیتوانی تەنها یەک کتێب یان تەنها بەشێکی کتێبێک یان تەنها یەک وتار بەزمانی عەرەبی تەرخان بکات بۆ کوردو بەرگری لەناسنامەی نەتەوەیی کورد بکات، تەنها یەکجار سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی کردووە ئەویش لەیاداشتەکانیدا " خۆم نەمبینیووەو وەک دەگوترێت" تەنها هێرشی کردۆتەسەر ئیمپریالیزم و ئەمریکاو بەوشەیەکیش دژی سەدام حسێن و دەسەڵاتە فاشیستەکەی نەوەستاوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە2014ەوە ژنانی کوردی ئێزیدی لەلایەن نائینسانیەتی داعشەوە مامەڵەیان پێوەدەکرێت

نەوال سەعداوی لەگەشتە شەش ڕۆژێکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، گەلێک بڕیاری دا بۆ ئیشکردن لەسەر کورد و ژنانی کورد و تەنانەت ئەو کچ و ژنانەی ئەنفالیش کە گوایە کەوتوونەتەوە میسرەوە و نەوال سەعداوی ڕایگەیاند کە دەبێتە پارێزەریان، بەڵام هیچ یەکێک لەو قسانە نەبووە کردار و هیچ هەوڵێک نەبینرا و هیچ دێڕێک نەنوسرا لەم بارەیەوە.

لەکاتێکدا میدیای کوردی سەرقاڵە بەمەرگی نەوال سەعداوییەوە و هەواڵی مەرگی نەوال تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیووە، کەم نووسەرو ڕۆژنامەنووسی کورد هەیە ناوی (سەمانساپاوەر)ی بیستبێت و بەرهەمێکی ئەم نووسەرە ئەمریکاییەی خوێندبێتەوە.

لەدوای تاوانی ئەنفال و لێکەوتەکانی ئەو تاوانە و بڵاوبوونەوەی تاوانەکە لەسەر ئاستی جیهانی، سەمانساپاوەر کتێبێکی نووسی بەناوی "ئەمریکاو ئەنفال" و تێیدا ڕەخنەی ئەخلاقی گەورەو تەنانەت هێرشیش دەکاتەسەر ئەمریکا بەهۆی بێدەنگبوونی لەو تاوانەی سەدام حسێن و دەست و پێوەندەکەی دژی کورد ئەنجامی داوە.

نەوال و سەمانساپاوەر یەک مەسافەی نەتەوەیی و دینی و نیشتمانییان هەیە بۆ منێکی کورد، بەڵام یەک مەسافەی عەقڵی و ژیرییان نییە، ناکرێت نەوال سەعداوی ئاگای لەتاوانی ئەنفال نەبێت و بێدەنگی هەڵبژێرێت، بەڵام سەمانساپاوەر وەک نوسەرێک نایەوێت بێدەنگ بێت و قسەی جدی هەبێت لەسەر ئەنفال.

مەخابن، دیسان نوخبەی ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووسانی کورد تەعزیەبارییەکی بێ ناوەڕۆکی بێ ئەرزش دایگرتوون لەئاست مەرگی نەواڵ سەعداوی دا، لەکاتێکدا نەوال هەرگیز بەکردار دژی دەسەڵات نەوەستاوەتەوە، تەنانەت نەوال نەیتوانی وەک مەحموود دەروێش و محەمەد مەهدی جەواهیری و غەسان شەربل و ...هتد لەجیهانی عەرەبیدا، بۆ یەکجاریش پشتیوانی ڕاستەقینەی کورد بێت.

ئەم دێڕانەی من دژایەتی نەوال سەعداوی نییە و هیواخواز نیم بەمەرگی نەوال و مەرگدۆستیش نیم، بەڵام وەک کوردێک دەڕوانمە نووسەرانی بیانی کە چی نووسەرێک توانیوویەتی خزمەت بەمیللەتە بەشخوراوەکەم بکات.
تەنانەت مافی خۆمە ڕەخنە لە نەوال ـ یش بگرم کە نووسەری هەموو مرۆڤایەتی نەبووە، وەک چۆن جوولەکەکان ڕەخنەیان لەشاعیری گەورەی ئەڵمانی (کۆنتەر کراس) گرت لەسەر شیعرێکی کە بۆ گەلی (ئێران و فەلەستین)ی نووسی بوو و تێیدا هێرشی کردبووەسەر ئەمریکاو ئیسرائیل، جوولەکەکان پێیانوابوو دەبێت "کراس" شاعیری هەموو مرۆڤایەتی بێت و دژی هەموو چەوساندنەوەیەک بێت کە ڕۆژانێک جوولەکە لەسەر دەستی نازییەکانی ئەڵمانیا بینیبوویان.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ