بیروڕا
من و فایەق و عەموودەکە!
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

فایەق هاوڵاتییەکی کەم ئەندامی عەقڵییە لە کەلار دادەنیشێت، دەگێڕنەوە جارێک کاک فایەق باوەش دەکات بەعەموودێکی کارەبادا و تێر تێر ماچی دەکات بەجۆرێک عەموودەکە تەڕ دەکات، کاتێک لێی دەپرسن کاک فایەق بۆ ماچی ئەو عەموودە دەکەیت، فایەق لەوەڵامدا دەڵێت: تەنها من و خواو ئەو عەموودە بەڕاست ماوین!

لێرەوە دەڕۆینەسەر دیدارەکەی (چراخان ڕەفیق)ی هاوسەری پێشووی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم، ئەوەی چراخان ڕەفیق دەیڵێت لەپرسی پارە ناردن بۆ هەندێک بەرپرس و  کۆمپانیای نەوت بۆ خەڵکانێکی ئاسایی، مرۆڤ تووشی شۆک و ڕاچڵەکین دەکات.

ئەو کەسانەی لە دیدارەکەی چراخاندا ناویان دێت، پێشتر بەکەسی نزیک لەخەڵک و بەرەی هەژاران و خەمخۆری میللەت ناویان دەهات، بەڵام لەدوای ئەم دیدارە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە هیچ مرۆڤێک بۆ خزمەتی خەڵک و میللەت ناچێتە پۆستێکی حکومیی یان ناچێتە پەرلەمان!

لەدوای دوای دیدارەکەی چراخان ڕەفیق، لەگەڵ خۆم لەمەنەلۆگدام، ئایا ئێمەمانان سیاسەت نازانین و بێ تواناین لەفرت و فێڵی سیاسی و پارەخواردن!، یان نەخێر تەنها من و فایەق و عەموودەی فایەق بەڕاست ماوین؟!

بەشێکی ئەو کەسانەی چراخان ڕەفیق باسی دەکات نەک تەنها پەردە هەڵماڵینە لەسەر گەندەڵی و سکانداڵی گەورە، بەڵکو دیوەکەی دیکەی ئەم ناوانە نائومێدییەکی گەورە بەدوای خۆیدا ڕاپێچی کۆمەڵگە دەکات، نائومێدی لەو خاڵەدا کە ئیدی ئەستەمە بڕوا بە کەسانێک بکرێت بەناوی مرۆڤی پاک! و ڕاستگۆ! هوتاف بەرزبکاتەوەو هاوڵاتیان بڕوای پێبکەن و خۆی بەنوێنەری بەرەی هەژاران و هەقبێژان بزانێت.

لانی کەم چراخان ڕەفیق ئەو تیۆریەی (هانا ئارێنت)ی پشت ڕاست کردەوە کە دەڵێت "سیاسەت ئەشکەوتی نێو دەریایە، لەسەرەوە سەوزو جوان و لەژێرەوە پڕ جانەوەرو ئاژەڵی دڕندەیە" چراخان پێی وتین خۆش بڕوانەبین و دوای قسەی هەڵخەڵەتێنەرانەی ئۆپۆزیسیۆنێکی پۆپۆلیستی نەکەوین کە لەسەرەوەی مێزی یارییەکە خۆی بەدژو توڕەو توند پیشان دەدات و لەژێرەوەی مێزی یارییەکەش دەستی لەگەڵ دژەکەی تێکەڵکردووەو سەفەقاتی گەورە دەکات.

ئەگەرچی ئەم دیدارە کاتی دەوێت تاکو کۆی قسەکان پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام ڕاستی و ناڕاستی لێدوانەکان هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە:

یەکەم: گەلێک زیاتر لەو پارانە دەدزرێت و بەهەدەر دەدرێت لەم وڵاتەدا کە چراخان ڕەفیق باسی دەکات.

دووەم: ئەو کەسانەی چراخان باسی کردوون لەدیدارەکەدا، پێش لێدوانەکانی چراخانیش ناویان هەبووە و یەکەمجار نییە.

دواجار:
وەک قەناعەتی تاکەکەسیم، دەڵێم: تەنها بڕوام بەخۆم و فایەقی کەلارو عەموودەکەیە کە بازرگانیمان بەم وڵاتەو نەوت و خاکەکەیەوە نەکردووە.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
مەریوان مەسعود
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شوان جاف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ